وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری
(جودی پیكۆڵت ـ Jodi Picoult) نووسەری بەنێوبانگی ڕۆمانی (گورگی تەنها ـ Lone Wolf ) لەم چاوپێكەوتنەیدا باسی نهێنیەكانی نووسین و ئیلهامەكانی دەكات. جودی، نووسەرێكە كە 18 ڕۆمانی نووسیوە و نزیكەی پێنجیان لە ڕیزبەندی یەکەمی لیستی (نیویۆرک تایمز ـ New York Times ) بوونە و هەر لەبەر ئەمەش تا ئێستا 10 خەڵاتی پێ بەخشراوە. پەرتووکەکانی بۆ ٣٤ زمان وەرگێڕدراون، چوار پەرتووکی كراوەتە فیلمی تەلەڤیزیۆنی و یەکێکیشی بە ناوی (پارێزەری خوشکەکەم ـ My Sister’s Keeper) كراوەتە فیلمی سینەمایی کە خانمە ئەكتەری بەنێوبانگ (کامیرۆن دیاز ـ Cameron Diaz) ڕۆڵی تێدا گێڕاوە.
ـ لە کوێ گەورە بوویت؟
پیكۆڵت: لە نیسکۆنسێتی نیویۆرک، لە گەڕەکێک بە ناوی (Storybook Development ـ پەرەپێدانی چیرۆکەکان).
ـ چیت خوێند؟
پیكۆڵت: نووسینی داهێنەرەم خوێندووە لە زانکۆی (پرینسیتۆن ـ Princeton).
ـ لە کوێ دەژیت؟
پیكۆڵت: لە نیوهامپشایری هانۆڤەر دەژیم. یەکێکە لەو شوێنانەی کە هێشتا لە ئەمەریکا دەتوانیت لە كاتی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلەکەتدا دەتوانیت كلیلەكانی تێدا بەجێ بهێڵیت و دڵنیا بیت هێشتا لە شوێنی خۆیەتی و كەس نەیبردووە.
ـ شانازی بە کام پەرتووک و پڕۆژەتەوە دەکەیت؟
پیكۆڵت: ڕۆمانی (گۆرانیت بۆ نیشتمان ـ Sing You Home)، چونکە گۆڕانکارییەکی گەورەی لە ژیانی گەنجە هاوڕەگەزخوازەکاندا دروست کردووە کە لە هەوڵداندا بوون بۆ ئەوەی لەگەڵ دایک و باوکە پارێزگارەکانیان هەڵ بكەن، ئاخر هەندێک کە خۆیان وەک مەسیحیی ـ ئینجیلی دەناسێنن، دوای خوێندنەوەی پەرتووکەکە نامەیان بۆ نووسیوم و دەڵێت ڕوانگەیان دەربارەی مافی هاوڕەگەزخوازان گۆڕاوە. هەروەها ڕۆمانی (١٩ خولەک ـ 19 Minutes)ـیش یەكێكە لەو كارانەم كە خۆشم دەوێت و ئێستا وەک بەشێک لە کەمپینی دژی چەوسانەوە خراوەتە نێو پڕۆگرامی زیاتر لە ١٠٠ قوتابخانەی ئەمەریکا و فێری قوتابیان دەکرێت.
ـ ڕۆتینی بەیانت چۆنە، وەسفی بکە؟
پیكۆڵت: کاتژمێر ٥ی بەیانی لەخەو هەڵدەستم و بۆ ماوەی سێ میل لەگەڵ هاوڕێیەکم پیاسە دەكەمە “قسە و قسەڵۆکیشی لەگەڵە”. پاشان دەگەڕێمەوە ماڵەوە و خۆم دەشۆم و کچەکەم دەنێرمە قوتابخانە، كووپێك قاوە و قاپێك ماست لەگەڵ مۆز ئامادە دەکەم و دەچمە ئۆفیسەکەم بۆ كار.
ـ سێ پەرتووک (جگە لەوانەی خۆت) پێشنیار بکە بۆ خوێنەرەکانت.
پیكۆڵت: (کۆتربازەكان ـ The Dovekeepers)ـی (ئالیس هۆفمان ـ Alice Hoffman)، (ژوور ـ Room )ی (ئیما دۆنۆگی ـ Emma Donoghue) و (وێنەکانت ـ Pictures of You) لە نووسینی (کارۆلین لیڤیت ـ Caroline Leavitt).
ـ ئایا هیچ هاوڕێیەکی نووسەرت هەیە کە یارمەتیت بدات و ئیلهامت پێ ببەخشێت؟
پیكۆڵت: چەند هاوڕێیەکی نووسەرم هەیە، بەڵام لە پڕۆسەی نووسین و کارەکانمدا تێکەڵم نین. زیاتر لەگەڵیان دەربارەی چۆنیەتی بڵاوکردنەوەی كتێبەكانم قسە دەکەم.
ـ هیچ شوێنێک هەیە كە ئیلهامت پێ ببەخشێت؟
پیكۆڵت: نەخێر، دەتوانم لە هەموو شوێنێک بنووسم.
ـ كە بیرۆکەی پەرتووکێک بۆ دێت، هیچ ڕۆتینێكت لە دەستپێكی نووسین هەیە؟
پیكۆڵت: پڕۆسەی نووسینی من بە پرسیارێکی “ئەگەر چی؟” دەست پێدەکات. واتە پرسیار دەكەم كە لەو دۆخەدا چیم دەكرد؟ چی دەبوو ئەگەر ئەم پرسە بەو پرسە ئەم پارامێترە بەوی تریان گۆڕابوایە؟ لە کۆتاییدا لە مێشكمدا کارەکتەرەکان دەست دەکەن بە قسەكردن لەگەڵم. دواتر دونیایەك لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون دەکەم ـ ئاخیریەكەی، کاتێک دەزانم دێڕی یەکەمم بە تەواوی هەیە، ئیتر ئەودەم ڕێگە بە خۆم دەدەم دەست بە نووسین بکەم.
ـ هیچ شتێکی تایبەت یان نائاسایی لە شوێنی کارەکەت هەیە؟ جگە لە ڕووەک و گوڵ، چی لەسەر میزی نووسینەكەت دادەنێیت؟ مەبەستم دیمەنی دڵخوازت چۆنە لە شوێنی کارەكەت؟
پیكۆڵت: لەسەر ڕەفەیەكی سەرەوەی کۆمپیوتەرەکەم پێنج پیت دانراوە (W-R-I-T-E ـ نـ.وو.سـ.یـ.ن) بۆ ئەوەی لەبیر نەکەم بۆچی لەوێم. هەروەها هەندێك لە كەلووپەلەكانی زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی (وۆندەر وومێن ـ Wonder Woman)ـم هەن، لەگەڵ وێنەی هاوسەر و منداڵەکانم.
ـ چی دەکەیت کاتێک نووسینت بۆ نایێت و ناتوانیت بنووسیت؟
پیكۆڵت: باوەڕم بە نەتوانینی نووسین نییە. بیری لێ بکەرەوە ـ کە لە زانکۆیت و ناچاریت تێزێك یا بابەتێك بنووسیت، بۆ مەگەر هەمیشە لە شەوی پێش بەدەستەودانی نووسینەكە، دەستت بە نووسینی نەدەكرد؟ نەتوانین لە نووسین، ئەوەیە کە كاتی زۆرت بەسەردا مابێتەوە. ئەگەر کاتێکی سنووردارت هەبێت بۆ نووسین، ناچاریت دابنیشیت و دەست بە نووسین بکەیت. لەوانەیە هەموو ڕۆژێک باش نەنووسیت، بەڵام هەمیشە دەتوانیت بەسەر نووسراوەكانتدا بچیتەوە و چاكیان بكەیت.
ـ جوانترین ڕۆژت چۆنە؟
پیكۆڵت: كاتێك كە لە تورکس و کایکۆس، (Turks and Caicos ـ لە نێوان هەردوو كیشوەری ئامریكا) بە ئاگاییەوە لەخەو هەڵدەستم. دەتوانیت ئیتر خۆت وێنای بكەیت.
ـ کام دەستەواژە زۆر بەکار دەهێنیت؟
پیكۆڵت: وادیارە کارەکتەرەکانم زیاد لە پێویست وشەی (چپەكردن ـ murmur) بەكار دەهێنن.
ـ چیرۆکی پشت بڵاوکردنەوەی یەکەم پەرتووکت چییە؟
پیكۆڵت: زیاتر لە ١٠٠ نامەی ڕەتکردنەوەم لە چاپەرەكان هەبوو. دواجار ژنێک کە پێشتر كتێبی هیچ کەسی دیكەی چاپ نەكردبوو، گوتی من بۆتی دەكەم، بۆیە بە پەلە کەوتمە سەری و نووسیم. ئەوە بوو كە لە ماوەی سێ مانگی یەکەمدا ڕۆمانەکەمی فرۆشت.
ـ چ كاتێك هەستت کرد گەیشتوویتە پلەی نووسەری؟
پیكۆڵت: یەکەم جار کە گەیشتمە پلەی یەکەمی لیستی نیویۆرک تایمز. ئەزانی چ كاتێك بوو، من بە دوای خانووەوە بووم كە هەڵەبڕەكەم پەیوەندی پێوە كردم و هەواڵەكەی دامێ. زۆر سەرسام بووم.
ـ هیچ چیرۆکێکی پێکەنینیت هەیە پەیوەست بە سەفەری كاری و پەرتووک واژۆكردنەوە؟
پیكۆڵت: نامۆترین شوێن کە داوام لێکراوە پەرتووکی تێدا واژۆ بکەم: نێو توالێتێک بوو. من لە توالێتەكە بووم كە ژنێک کۆپییەکی لە كتێبێكم لەژێر دەرگای ئاودەستەكەوە ناردە ژوورەوە و گوتی بۆم واژۆ بكەن. وادیار بوو پێڵاوە سوورەکانمی ناسیبووەوە. پرسیشم ئایا سەرەتا دەستەكانم بشۆم یا هەر واژۆی بكەم.
ـ ئەگەر نووسەر نەبووایەی، حەزت لێ بوو ببیتە چی؟
پیكۆڵت: شێفی شیرینی.
ـ چ ئامۆژگارییەک بە نووسەرە تازەلاوەكان هەیە؟
پیكۆڵت: خولێکی وۆرکشۆپی تایبەت بە ڕەخنە وەربگرن. پێویستە فێرببن كە ڕەخنە بگرن و ڕەخنەش وەربگرن و بەپێی داواکاری بنووسن، ناكرێت خۆسەرانە دەست بە بڵاوكردنەوەش بكەن.
ـ دەتەوێت چی لەسەر كێلی گۆڕەكەت هەڵکەنرێت؟
پیكۆڵت: “دواجار حەسایەوە”.
ـ شتێکمان بۆ بڵێ دەربارەی خۆت کە زۆرکەس نایزانێت و ڕەگە سەرنجڕاکێش بێت.
پیكۆڵت: ناتوانم بە بێ (بووكەڵەی ورچی گەورە) بخەوم.
ـ پڕۆژەی ئایندەت چییە؟
پیكۆڵت: من لە گەشتێكی (گورگی تەنیا)ـم، بەڵام پەرتووکێکی دیكەشم بە دەستەویە ئەمساڵ ـ ڕۆمانێکی گەنجان/مێرمنداڵانە بە ناوی (لە نێوان دێڕەکان ـ Between the Lines) کە کچەکەم (سامانسا ڤان لیر ـ Samantha van Leer) بیرۆکەکەی داڕشتووە و پێکەوە نووسیومانە. بیرۆکەیەکی نایابە: چی دەبوو ئەگەر هەر جارەی کتێبێک دادەخەیت، کارەکتەرەکان وەک ئەکتەری سەر شانۆ بن ـ بە ژیان و کەسایەتی خۆیانەوە ـ و دواتر كە کتێبەکەت دەكردەوە، جارێکی تر ناچار بوون باز بدەنە نێو ئەکت و ڕۆڵەكانی خۆیان وەك دیمەنی یەكەم. چی دەبوو ئەگەر یەکێک لەو کارەکتەرانە، شازادەیەکی نێو چیرۆکەكە، زیاتر لە بوونێکی ئەدەبی خواستبایە، بەڵام پێویستی بە دۆزینەوەی خوێنەرێک بوو کە ڕەنگە ئەو ڕۆڵە تێپەڕێنێت کە دەیگێڕێت بۆ ئەوەی ئەوە ڕووبدات؟ چ دەبوو کاتێک پەرتووکەکە دەخوێنێتەوە، کچێکی تاقانەی تەمەن ١٤ ساڵ هەبووایە کە خۆشویستی شازادەیەکی چیرۆکی ئەفسانەیی بوایە؟

