رۆژنامەی ھەولێر

بەشێك لە تابلۆكانی هونەرمەند حیكمەت هیندی تێك دران

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

 

بەهۆی ئەو شەڕەی كە بەرەبەیانی هەینی رابردوو لە ئوتێل لالەزار لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی هەڵگیرسا، ماڵی هونەرمەندی بەئەزموون مامۆستا (حیكمەت هیندی) زیانی زۆری پێ گەیشت كە بەشێکی بەر تابلۆكانی كەوت.

هونەرمەند و مامۆستای شێوەکاری بە ئەزمون (حیكمەت هیندی) زیاتر لە پەنجا ساڵە لە بواری هونەردا خزمەتێكی بەرچاوی كردووە، لەلایەك وەك هونەرمەندێكی نواندن و لەلایەكی دیكەش وەك هونەرمەندێكی شێوەكار كە چەندین تابلۆی بەنرخی هەیە و لە چەندین پێشانگای هاوبەش بەشداریكردووە و پێشانگای تایبەتیشی كردۆتەوە.
بەهۆی ئەو شەڕەی كە بەرەبەیانی هەینی رابردوو لە ئوتێل لالەزار لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی دروستبوو، زیانی بە چەندین ماڵی ناوچەكە گەیاند كە یەكێكیان ماڵی مامۆستا حیكمەت هیندی بووە و بەشێك لە زیانەكانیش بەر تابلۆكان كەوتووە.
مامۆستا حیكمەت هیندی بە (هەولێر)ی راگەیاند “كاتژمێر سێی بەرەبەیان ئاگاداركراینەوە كە شەڕ دەست پێ دەكات و ماڵەكان چۆڵ بكەین، ئەوە بوو چوومە ماڵی كوڕەكەم، بەڵام كاتێك بەیانییەكەی گەڕاینەوە، بینیم زیانێكی زۆر بە كەلوپەلی ماڵەكەمان گەیشتووە”.
هەروەها وتی “من زیاتر خەفەتی تابلۆكانم دەخۆم كە زیانی زۆریان بەركەوتووە، ستۆدیۆم هەبوو لە نهۆمی سەرەوە تێك دراوە، تابلۆكانم كەوتونەتە سەر زەوی، بە مانگ و ساڵ بە تابلۆكانمەوە ماندوو بووم”.
مامۆستا حیكمەت دەڵێت “ئیشەكانم زیاتر باسی دێی سووتاو و ئەو بابەتانەیە، یەكێك لە تابلۆكان باسی سروشتی كوردستان دەكات، ستۆدیۆكەشم وێران بووە كە رۆژانە لە ستۆدیۆكەدا كار دەكەم، بەڵام دواجار گرنگ ئەوەیە زیانی گیانیمان نەبوو”.