رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر، سەردانی هونەرمەند دانا عەبدولجەباری کرد

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری د. دلۆڤان محمد، بەرێوەبەری گشتی تەندورستی هەولێرو فەرهەنگ غەفور، بەرێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، بەمەبەستی هەواڵ پرسین، لە ماڵەکەی خۆی سەردانی هونەرمەندی دیاری موزیک و گۆرانی شاری هەولێر و کوردستان ” دانا عەبدولجەبار”ی کرد، کە ماوەیەکە باری تەندروستی ناجێگیرە و چارەسەری تەندورستی وەردەگرێت.
لە سەردانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر، لە نزیکەوە لە دۆخی تەندروستی و ڕێرەوە چارەسەرە پزیشکییەکانی پرسی و هیوای زوو چاکبوونەوە و گەڕانەوەی بۆ نێو ناوەندی هونەر و موزیکی کوردی بە تەندروستیەکی باش بۆ هونەرمەند خواست و هەموو پشتیوانی و هاوکارییەکی خۆشی نیشاندا بۆ چارەسەرکردنی.
هەروەها ڕۆڵی دیار و بەرچاووی هونەرمەندی لە ناوەندی هونەر و موزیک و گۆرانی کوردی بەرز نرخاند.
لە لایەن خۆیەوە هونەرمەند دانا عەبدولجەبار، سوپاسی سەردانەکەی پارێزگاری هەولێر کرد، کە خەمخۆرانە هونەرمەندان بەسەر دەکاتەوە و لە ڕەوشی ژیان و گوزەران و تەندورستیان دەپرسێت.
لەکۆتایشدا، پارێزگاری هەولێر، چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا و قەلغانی ڕێزلێنانی پارێزگای پێشکەش بە هونەرمەندکرد.