رۆژنامەی ھەولێر

(جولیانا باگۆت). ئەو نووسەرەی لە چەندین ژانر دەنووسێت

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

(جولیانا باگۆت ـ Julianna Baggott) نووسەری بەنێوبانگی ئەمریکییە و لە زانکۆی ویلایەتی فلۆریدا مامۆستایە. ئەو نووسەری كتێبە بەنێوبانگەكانی (Pure) و (Fuse) و (Burn)ـە کە بۆ گەنج و گەورەکان نووسراون. باگۆت لە چەندین ژانری جیاوازدا و بە ناوی جیاواز كتێب دەنووسێت.

ـ لە کوێ گەورە بوویت؟
باگۆت: لە ماڵێکی زەرد و داپۆشراو بە گیا و پێپشیلە لە کۆڵانێکی لاچەپ لە (نیوارک، دیلاوری ـ Newark، Delaware)ـی ئەمریكا.
ـ چیت خوێندووە و تەواو كردووە؟
باگۆت: کۆلێژم تەواو كردووە، بەشی نووسینی داهێنەرانە و فەڕەنسی. باوکم پێی دەگوت “برسیەتی و هەژاری.”
ـ ئێستا لە کوێ دەژیت و بۆچی ئەو شوێنەت هەڵبژاردووە؟
باگۆت: من لە فلۆریدای خۆراوییەوە کۆچم كرد بۆ ساردیی باکووری ڕۆژهەڵاتی پێشکەوتوو – بۆ نزیکبوون لە خێزان و منداڵەکانم.
ـ بەیانیانت چۆنە، بە تایبەتی لەگەڵ چوار منداڵەکەت؟
باگۆت: درەنگ دەخەوم، واتە شەو تا درەنگ بەخەبەرم. هاوسەرەکەم منداڵەکان دەباتە قوتابخانە؛ چوار منداڵمان هەیە. کاتێک ئەو دەگەڕێتەوە، منیش لە خەو هەڵدەستم. دواتر لە زانكۆ کۆبوونەوەی بەیانیمان هەیە و ئیتر دەست بە کار دەکەین.
ـ هیچ خوو و عادەتێكی جیاواز یان کەسایەتیت هەیە؟
باگۆت: یەکێک لە قووتابییەكانم پێی گوتم، “زۆر سەرەنج ڕاكێشە كاتێك ناخودئاگایانە بە شێوەزاری ئیرلەندی دەڵێیت “باشە دەی ـ alrighty then”. هەندێك جار خۆسەرانە بە شێوەزارێكی دیاریکراو قسە دەكەم، یا جاری وایە بە درێژایی ڕۆژ لە ماڵەوە بە دەنگی بەرز گۆرانی دەڵێم. هەندێکجاریش نامۆیانە هاوار دەکەم، جاری واشە سووکایەتی بە منداڵەکانم دەکەم..
ـ دڵخوازترین جلوبەرگت كامەیە؟
باگۆت: حەز دەکەم پانتۆڵی وەرزشی وەك ئەوانەی یۆگا لەبەر بکەم. یۆگا ناکەم؛ حەزم لە خراپەی دروونی نییە.
ـ شوێن كاریگەریی هەیە لەسەر نووسین و بەخشینی ئیلهامی نووسین؟
باگۆت: من هەمیشە حەز دەکەم خۆم بشارمەوە. ژوورێکی بچووکی قەرەباڵغیشم بدەنێ هەر دەنووسم. زۆر بێدەنگیم پێویست نییە و هەوڵ دەدەم شتەکان بە خووە وردەکانەوە ئاڵۆز نەکەم. بە دڵنیاییەوە، ژوورێکی بچووکم لە پاریس بدەرێ، بەسمە، چونكە بیرۆكەكان بە ڕاستی لەناو سەرمدان.
ـ ڕووتینی هاتنی بیرۆکەی کتێبێک و پلانی نووسینتمان پێ بڵێ؟
باگۆت: بە ڕاستی، زۆربەی ئەو کتێبانەی کە نووسیومن، بیرۆکەكانیان هەمان ئەو بیرۆكانەن کە لە کاتی قسەکردن لەگەڵ هاوسەرەكەمدا هاتوونەتە مێشكمەوە و ڕۆمانسین. بۆ نمونە كتێبی (Pure) پارچە پارچە هاتە مێشكمەوە و دواتر بووە یەكپارچە.
ـ هیچ نەریتێکی نائاساییت هەیە کە بە پەیوەست بێت بە ڕۆتینی نووسینەکەتەوە؟
باگۆت: من فێری نووسین بووم بە بێ نووسین. ڕاهێنانم کرد کە چۆن دیمەنەکان لە سەرمدا دروست بكەم و هەر لەوێ دەستکاریشیان بکەم. فێری ئەوەش بووم کەی دوور بکەومەوە لە جەنجاڵی نووسین. هەندێکجار پێویستە سواری ئۆتۆمبێل بم و لێبخوڕم. ڕۆژانە دەنووسم. باوەڕم بە تیرەی زێڕین هەیە کە لە نێوان بەئاگاهاتن و خەوندایە (هۆشیاری و نائاگایی). کتێبی ئیلهامبەخشی خۆم هەیە کە لە هەر پڕۆژەیەکەوە بۆ پڕۆژەیەکی تر جیاوازن. باوەڕم بە ئاگاداربوون لە پڕۆسەی داهێنەرانە و چاکترکردنی هەیە.
ـ شتێکی جیاواز یان نائاسایی لە شوێنی کارەکەت هەیە؟
باگۆت: زۆرجار دەفتەری گەورەی کاغەزی هونەریم هەیە كە نەخشەیان لەسەریان دەکێشم – شتەکان کە ڕەنگە بۆ کەسی تر بێمانابن. لەگەڵ ئەوەشدا كاغەزی بچووک بچووكیش دەچەقێنم بە دیوارەوە و یا كە تیایاندا شتێك دەنووسم لە لێواری کتێبەکان هەڵیان دەگرم. كە دەرگای ژوورەكەم بکەیتەوە، دونیا وێران دەبێت.
ـ لە ژانری جیاواز و بە ناوی جیاوازەوە دەنووسیت. چۆن ڕێبازەکەت بۆ هەر ژانرێک دیاری دەكەی؟
باگۆت: هەمیشە ژانری نووسین بە دوای حەزەكانی منەوەیە. کاتێک ژانرێک دژایەتیم دەکات و بەرامبەرم دەوەستێتەوە، ڕوو لە ژانرێكی دیكە دەکەم.
ـ ڕۆمانی (Pure) زۆرترین سەرنج و ستایشی بەنەسیب بوو. پاڵنەرت چی بوو لەوەی ڕۆمانێک بنووسیت گەورە و گەنج بیخوێنێتەوە و چۆن پلانی نووسینەکەیت دانا؟
باگۆت: من سەرتا وەک نووسەرێكی گەورەساڵان دەستم بە نووسین کرد. هەروەها ڕۆمانیشم بۆ خوێندەوارانی چینی نێوەڕاست (تەمەن 15 بۆ 20 ساڵ) نووسیوە. دوو منداڵی گەورەم هەن كە ئێستا ١٧ و ١٥ ساڵن. وا دیاربوو کاتێکی گونجاو بێت بۆ بیرکردنەوە لەبارەی ساڵانی گەنجیەتی. منداڵی تەواو بوو و وردە وردە گەورەییش نێزیک دەبێتەوە.
ـ باسی ڕۆژی خوازراو و ئایدیاڵی خۆت بكە؟
باگۆت: حەز دەکەم لە ڕۆژەكەمدا شتێکی گەورەم تەواو کردبێت و شتێکی نوێم دەست پێ كردبێت کە ماوەیەک لە سەرمدا خوول دەخواتەوە، حەز دەكەم تێكەل بە ژیانی ڕاستەقینەمی بکەم.
ـ ڕووتینی ئێوارانت باس بكە؟
باگۆت: بەزۆری یارمەتی خەوتنی منداڵەکان دەدەم و چەند کاتژمێرێکی تر کار دەکەم. ئەو دەمەی دەچمە نێو نوێن و جێگە خەوەكە، هاوسەرەکەم دەمێكە خەوی لێ كەوتووە، بۆیە بەئاگای دەهێنمەوە تا پێكەوە قسە بکەین ـ هەڵبەت لە ماڵێکی بێدەنگدا.
ـ دڵخوازترین ژەمە خۆراكی ئاساییت چییە؟
باگۆت: حمس.
ـ چیرۆکی پاش بڵاوکردنەوەی یەکەم کتێبەکەتمان بۆ بگێڕەوە؟
باگۆت: چاپەرێك لێی پرسیم ئاخۆ لەسەر ڕۆمان کار دەکەم. ئەودەم كورتەچیرۆکم دەنووسین و لە گۆڤارە ئەدەبییە بچووکەكان بڵاوم دەکردنەوە. چەندین جار پێیان گوتبووم ڕەنگە ئەمە ڕووبدات و ئاگاداریان کردبوومەوە دڵسۆز بم بەرامبەر كورتەچیرۆک وەک فۆرمێکی گونجاو. وەڵامەکەم بە چاپەرەكە بەڵێ بوو و گوتم: خەریكی ڕۆمانێکم و دەتوانم لە مانگێكدا پەنجا لاپەڕەی یەکەمیتان بۆ بنێرم، بۆیە ناچار بووم ڕۆمانەكە تەواو بكەم. ڕۆمانی (Girl Talk) لەسەر یەکێک لە كورتەچیرۆکەكانمەوە لەدایك بووە.
ـ ئایا كاتێكی دیاریكراو هەبووە كە هەستت كردبێت وەک نووسەرێك تیایدا سەركووتوو بوویتە؟
باگۆت: نا. شكست پاڵنەری بەردەوامبوونم بووە. هەموو ئەوەی تا ئێستا نووسیومە، لە سەرەتاوە فێر بووم شکست چییە. بۆیە هەموو هەوڵی خۆم دا لە نووسیندا وەك پڕۆژەیەكی دژوار بەردەوام بم و بەسەر شكستەكان سەركەوم و بچمە پڕۆژەی دواتر. حەز دەکەم ئاوا بچمە پێشەوە، واتە شكست بنەمای چوونە پێشەوەیە.
ـ چۆن هەست دەکەیت ڕۆژەكەت لە ڕووی نووسینەوە بەرهەمدار بووە؟
باگۆت: پەندێكی کۆن هەیە دەڵێت ئەگەر باش نەبوو، هەر بەبا بكە. من هەموو ڕۆژەكانم بەباكردن تەواو دەكەم (واتە بەردەوام كار دەكات). ئەمەم لەسەر بنەمای ژمارەی لاپەڕە نییە، بەڵكو بەردەوام كاركردنە.
ـ چیرۆکێکی پێکەنیناویم بۆ بگێڕەوە کە پەیوەست بێت بە گەشتی کتێبەكانت؟
باگۆت: جارێک چوومە كۆڕێكی چیرۆكخوێندنەوە و ئاگاداریان کردبوومەوە كە نووسەرێکی تازەش ئەو شەوە چیرۆك دەخوێنێتەوە ـ لە کۆتا خولەک زیاد كرا. كەچی هێندە قەرەباڵغ بوو ناچار بە تکت كتێبی واژۆكراو وەردەگیرا، بۆیە منیش ناچار بووم تكت وەرگرم. قەرەباڵغییەكی بێئەندازە زۆر بوو. ئەزانی نووسەرە تازەكە کێ بوو؟ ئم. مایکڵ موور بوو. (مایكڵ مۆر ـ Michael Moore، نووسەر و دیكیۆمێنتاریستێكی بەنێوبانگی جیهانە). منیش تكتم وەرگرت.
ـ ئەگەر نووسەر نەبویتایە، حەزت دەكرد چی بوویتایە؟
باگۆت: حەزم دەکرد (سەماکەر ـ choreographer) بوومایە.