زیاتر لە ١٠ ساڵە کچە پێشکەشکار و هونەرمەند “دەشنێ مراد” دابڕاوە لە هونەر و کاری ڕاگەیاندن، کە لە پێشووتردا بە چالاکترین پێشکەشکاری ئافرەت لە بەرنامەی بێ کۆنترۆڵ لە کەناڵی ئاسمانی کوردستان TV دەرکەوت و بەوپەڕی بوێرییەوە پڕۆگرامەکەی پێشکەش دەکرد.
دەشنێ دوای ساڵانێک لە نێو کاری میدیاییدا ڕووی کردە نێو بواری هونەر و چەند بەرهەمێکی جوانی بە ستایلێکی تایبەت بە خۆی بڵاو کردەوە، پاشان لەپڕ ئەستێرەی بەختی ئەو هونەرمەنده کوژایەوە و لە هیچ لایەکەوە سەپۆرتی کارە هونەرییەکانی نەکرا و دوورکەوتنەوەی لە هونەری گۆرانی و میدیادا ڕاگەیاند.
ئێستا “دەشنێ مراد” دەیەوێت لە ڕێگەی بەرهەمێکی نوێوە کە ناوی نراوە “گیانم” بگەڕێتەوە باوەشی هونەرەکەی و لەگەڵ هەوادارانی ئاشت بێتەوە.
دەشنێ مراد” سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ نێو هونەر و تۆمارکردنی ئەو گۆرانیە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: دوورکەوتنەوەم لە هونەر و میدیا بە مانای وازهێنان نایەت، بەڵام پشووێکی کورت بوو لەو دوو بوارە، کە هەردووکیان وەک خۆراکی ڕوحن بۆ من و عاشقم بەو دوو بوارە، چونکە خۆمی تێدا دەبینمەوە، بەڵام هەر کارێکی نوێ پێشکەش بکەیت پێویستیت بە سپۆنسەرێکی باشە تا بتوانیت بەرهەمێکی ناوازە پێشکەش بە خەڵکی هونەردۆستی کوردستان بکەیت، کە تینووی هونەر و داهێنانە لە گشت بوارەکاندا، بۆیە دوای ئەو ساڵانەی دوورکەوتمەوە ئێستا بە چەپکێک بەرهەمی نوێ دەگەڕێمەوە نێو هونەری گۆرانی و یەکەمین کاریش، کە ئێستا کۆتایی هاتووە و بڵاوی دەکەمەوە گۆرانیەکە بە ناونیشانی “گیانم”، کە لە ئاوازی خۆمەوە و لە ستۆدیۆی سڵۆمۆ تۆمارم کردووە و لە کەناڵی تایبەتی خۆم لە یوتیوب و سۆشیالمیدیادا بڵاوی دەکەمەوە.

