شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەند “کەمال محەمەد” گەشتێکی بە نێو کارە هونەرییەکانی خۆی کردەوە و لە دوای زنجیرەیەک کۆنسێرت و ئاهەنگی شەوانە لە میوانخانە بەناوبانگەکاندا، کۆتایی بە بەرهەمێکی نوێی هونەری هێنا و بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە یوتیوب و تیکتۆک و فەیسبوکدا بڵاوی کردەوە.
ئەو گۆرانیە ناوی نراوە “دڵم تەنگە” لە ئاواز و دابەشکردنی “شادمیهر نامۆ” و هۆنراوەی “دیار مەهدی”ـیە و یەکێکە لەو شاکارانەی ناوەڕۆکەکەی ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی تایبەتی ئەو هونەرزانە هەیە و دەیەوێت ئازارەکانی بە نۆتە و کۆپلە گۆرانییەک دەربڕێت.
“کەمال محەمەد” لە بارەی بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: ئەو بەرهەمە بەشێکە لە دەربڕینی ناخی من وەک هونەرمەندێک زۆرێک لەئێمەمانان، کە ناتوانین بە زمان گوزارشت لە خۆشەویستی و ئازارەکانی ڕۆحمان بکەین، پەنا بۆ گۆرانی و شیعر دەبەین و لەسەر کاغەزێک خۆشەویستی و موحیبەت نیشان دەدەین، نەک تەنیا ئەو بەرهەمەش، بگرە هەموو گۆرانییەکانم ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی خۆم و بەشێکی زۆر لە تاکی ئەو کۆمەڵگەیەدا هەیە، بۆیە زوو دەچێتە نێو هەست و نەستی هەوادارانم.

