شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەند “دەشتی کەڵهوڕی” وەک کانییەکی سازگار بەرهەمی نوێی ئامادەیە و لە دواکاری هونەری خۆشیدا دوو بەرهەمی بڵاو بووەتەوە، کە یەکێکیان بۆ کەلار و ناوچەی کەڵهوڕ گوتراوە، ئەوەی دیکەیان بۆ تەمەنی خۆی و تیایدا ئاماژە بۆ پیری و بەسەرچوونی زەمەنێک دەدات، کە پڕ بووە لە خۆشەویستی و ئێستاش زەمەن بە جۆرێک گۆڕاوە و هیچ خۆشییەکی بۆ نەماوەتەوە.
سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئەو دوو بەرهەمەی بڵاو بوونەتەوە هونەرمەند “دەشتی کەڵهوڕی” دەڵێت: یەکێک لەو گۆرانیانە بە ناوی پیرییە و ڕەنگدانەوەی تەواوی لەسەر ژیانی خۆم و کارە هونەرییەکان و ڕابردووی ژیانم هەیە، کە ئێستا گەیشتووین بە زەمەنێک هەموو جوانییەکان کاڵ بوونەتەوە و خۆشەویستی لە دەروونی کەسدا نەماوە و تا دێتیش ژیان ڕوخساری جوانی خۆی لەدەست دەدات.

