عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
هونەرمەندی بە ئەزموونی شاری هەولێر رەشبینی خۆی بەرامبەر درامای كوردی نیشان دەدات و پێیوایە دۆخی ئێستای دراما نەك هەر لە قەیراندایە، بەڵكو لە گیانەڵا و مردندایە، چونكە هیچ درامایەكی كوردی بەرهەم ناهێنرێت.
هونەرمەندە بە ئەزموونی كورد، عەلی ئەحمەد زیاتر لە 55 ساڵی تەمەنی خۆی بە خزمەتكردنی هونەری كوردی بەتایبەتیش دراما و شانۆ بەخشیوە و ئێستاش دەیەوێت لەڕێگەی خزمەتكردن بە درامای كوردی، زیاتر خزمەت بكات، بەڵام ئەم هونەرمەندە لەئێستادا زۆر رەشبینە بەرامبەر دۆخی درامای كوردی.
عەلی ئەحمەد بە (هەولێر)ـی راگەیاند:” درامای كوردی نەك لە قەیراندایە، بەڵكو لە گیانەڵادایە و ئەگەر زوو فریای نەكەوین دۆخی خراپتر دەبێت، چونكە درامای كوردی بەوە پێش ناكەوێت، ساڵی درامایەك یان دوو دراما پێشكەش بكرێت بەو شێوەیە نابێتە سامانێكی نەتەوەیی، چونكە ئەو كاریگەرییەی لە دراماوە دەست دەكەوێت بە چەك و تەقەمەنی ناكرێت.
ئەم هونەرمەندە دەشڵێت: “بە گشتی دراما و شانۆ لە كوردستان لە قەیرانێكی قوڵدان، بەتایبەتیش لە شاری هەولێر بەداخەوە هۆڵی شانۆمان نییە، هەوڵدان بۆ دراما لە هەوڵێكی زۆر كزدایە، چونكە ئەو درامایانەشی بەرهەم دێن چەند كەس و گروپێك تێیدا سوودمەند دەبن و زۆربەی هونەرمەندان لێی بێبەش دەبن، تەنانەت ئەو درامایانەشی هەمانن بەشی تینوێتی بینەر ناكەن كە چاوەڕێی دەكەن، هەر بۆ نموونە درامای كوردی تەنها لە مانگی رەمەزاندا دەبینرێن و دواتر هیچ نمایش ناكرێن”.
لەماوەی رابردوودا بەشێك لە هونەرمەندان دەیانوت، سەردەمی رژێمی پێشووی بەعس، كاری هونەری باشتر بوو، بەڵام عەلی ئەحمەد لەو رووەوە رەخنە دەگرێت و وتی: “بەداخەوە زۆرجار دەبینین و دەبیستین هونەرمەندان سەردەمی رژێمی بەعسی لەناوچوو بە سەردەمی زێرینی شانۆ و دراما دادەنێن، لەكاتێكدا ساڵانی حەفتا و هەشتاكان دراما و شانۆی كوردی لە جوڵەیەكی سەیردا بوو، ئێمە لە ژێر ستەم و زۆرداریدا بووین، بەڵام لە 33 ساڵی رابردووی حكومڕانی كوردیدا دەبوو دۆخی شانۆ و دراما بگەیشتایەتە دۆخێكی زۆر باشتر، ئێستا نزیكەی 52 كەناڵی كوردیمان هەیە، بەڵام تەنها 2 و 3 كەناڵ خەم لە درامای كوردی دەخۆن، بۆیە زۆر رەشبینم بەرامبەر درامای كوردی”.
ئەم هونەرمەندە بە ئەزموونە پێشنیارێكی بۆ وەزارەتی رۆشنبیری هەیە و وتی “پێشنیار دەكەم یاسایەك دابنێن تا كەناڵەكان بخاتە ژێر فشاری ئەوەی هەر كەناڵێك درامایەكی دۆبلاژی نمایش كرد، لەبەرامبەردا درامایەكی كوردیشمان هەبێت بۆ ئەوەی درامای كوردی پێش بكەوێت، چونكە دراماكان ئەوەندەی لە خەمی درامای دۆبلاژدان، ئەوەندە لە خەمی درامای كوردیدا نین”.

