عەبدولقەهار هەولێری
هونەرمەندی میوزیکژەن بەهێز عەباس نجم، ژەنیارێکی دیاری ئامێری سەکسۆفۆنی شاری ڕانیەیە، دامەزرێنەر و بەڕێوبەری (١٢جاز) میوزیک باند و دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی ڕانیە و کۆلێژی هونەرە جوانەکانی سەڵاحەدینە. لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی “هەولێر” باس لەوەکات ئەزمونی ١٠ ساڵ توێژینەوە لە میوزیکی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی هەیە، وەک خۆی دەڵێت:
ژەنیاری ٨ ئامێری میوزیکی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتییە، جگە لە هەندێک ئامێر کە نزیکن لەیەکەوە. خاوەنی ٧ کۆنسێرتی ئاست بەرزە لە تۆڕی کۆنسێرتی کوردستان و خاوەنی ٣ کۆنسێرتە لە ئەوروپا. هەروەها خاوەنی بڕوانامەی (sound engineer ) بۆ کاری ستۆدیۆ و ئەندازیاری دەنگی دیجیتاڵ. خاوەن ٦ پڕۆژە و بیرۆکەی تۆمارکراوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ کاری میوزیک و فیستیڤاڵ لە داهاتوو.
(دەنگ و سەدای میوزیک)
لەم دیمانەیەی ڕۆژنامەی “هەولێر” سەبارەت بەچۆنییەتی هەڵبژاردنی بواری میوزیک گوتی:”:
لەناو خێزانەکەمدا کە چاوم هەڵهێنا هەمیشە دەنگ و سەدای میوزیک هەبووە بەهۆی باوکمەوە کە ژەنیاری ئامێری سازە، هەر ئەمەش بووە پاڵنەری ئەوەی کە من خۆشەویستیم بۆ میوزیک دروست بێت و خوێندنی ئەکادیمی خۆم تەرخان بکەم بۆ موسیقا.
لەبارەی لایڤ میوزیک، تاچەند لەڕووی ماددییەوە سوودی بۆ هونهرمهندان دەبێت؟ بەهێز عەباس گوتی: هەموو هونەرمەندێک لە سەرەتادا پێویستی بە کاری لایڤ میوزیک هەیە، بۆ ئەوەی بەباشی ڕابێت لەسەر شێوازی کارکردن و دروستبوون و شێوازی ڕاهێنانی گۆرانیبێژ و هونەرمەندەکان و پشتیوانی ماددییەکی تا ڕادەیەک باشە بۆ هونەرمەند. بەڵام پێویستە هونەرمەند زیاتر وردبێتەوە لە شێوازی کارکردنەکان و بچێتە ناو دونیای بزنسی هونەری و دیجیتاڵ مارکێتینگی هونەری بۆ ئەوەی هەمیشە سەرچاوە داهاتەکەی بەهێزتربێت لە لایڤ میوزیک و پێویستی پێی نەمێنێت.
ئاستی ڕۆشنبیری و هونەری و بەرەو پێشچوون
بەهێز پێیوایە
پەیمانگە و کۆلێژەکانی کوردستان شوێنێکی باشن بۆ لەبیر بردنەوەی ئەو بەهرەیەی کە هونەرمەند لە منداڵییەوە خۆڕسکانە لە ناخییەتی. لەقسەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت: ئەگەر فێرخواز بۆخۆی کار لەخۆیدا نەکات و ئاستی ڕۆشنبیری و هونەری خۆی بەرەو پێش نەبات، زۆر بە ئاسانی لە جیاتی ئەوەی ببێتە هونەرمەندێکی باش دەبێت بە کەسێکی لە ناخەوە ڕووخاو و هەست بە کەمی خۆی دەکات.
کەواتە بابەتی هونەری و پەیمانگە و کۆلێژەکانی هونەر، تەنها سەرەداوێک لە بابەتەکەت پێ دەناسێنێت، خۆت بڕیاردەری خۆت دەبیت کە ئاراستەی ژیانی هونەری تۆ بە کام لادا دەڕوات.
گرووپی ١٢جاز
هەروەها ئەم میوزیکژەنە سەبارەت بە گرووپی (١٢جاز) و چۆنییەتی دروستبوونی گوتی: بە سەیرکردنی ئەو هەموو توانا بەرزە هونەری و بەهرەمەندەی کە لە دووری من هەبوو لە کاتی خوێندنی زانکۆم، هەلەکەم قۆستەوە و بڕیارمدا گرووپێکی جیاواز لەو گرووپانەی کە لە کوردستان هەن دروستبکەم تاوەکو منیش بتوانم خزمەتێک لە درێژەی ژیانی هونەریم زیاد بکەم بۆسەر هونەری کوردی.
ئێمە بە (١٢) ژەنیار و میوزیسیان توانیمان کارێک بکەین کە جیاوازتربوو لە هەموو ئەو کارانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشتر کراوە لە بواری ناساندنی کولتوور، تەواوی میوزیکی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییمان پێکەوە بەستەوە بەبێ هیچ وەستانێک تا کۆتای بۆ ماوەی یەک کاتژمێر هەموو کولتووری ناوچەکانی کوردستان و شێوازی جازی ئازادمان پێشکەشکرد.
دەرئەنجامی ئەم کۆنسێرتە بچووکە ئەوەبوو (١٢جاز ) دروستبوو لە تواوی کوردستان (٧) کۆنسێرتی گەورە و ئاست بەرز پێشکەشکرا، هەروەها (٣) کۆنسێرتی زۆر گرنگ لە وڵاتی ئەڵمانیا لە شارە جیاوازەکان پێشکەشکرا بە نوێنەرایەتی کوردستان پێناسەی هونەر و میوزیکی کوردیمان کرد.

