رۆژنامەی ھەولێر

فیلمی کرۆکۆدێل بەمزووانە لە سینەماکانی کوردستان نمایش دەکرێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەندی بواری کۆمێدیا “حەمە ڤاینەر” ئەزموونێکی نوێ لە سینەما تاقی دەکاتەوە.

دوای بەشداربوونی لە فیلمی بەڕازیلیە شینەکە، کە چیرۆکێکی ڕاستەقینەی ساڵانی ڕابردووی هەولێر بوو، ناوەڕۆکەکەی باسی لە ڕۆڵی کەسایەتییەک دەکرد، کە بەهۆی تاوانەوە تووشی چەندین گرفتی جیاواز بوویەوە و دواجار بە مەرگ کۆتایی بە ڕۆڵی ئەو کەسایەتیە هات.
ئێستا “حەمە ڤاینەر” لە پاڵ هەریەک لە هونەرمەندان “ئەیام ئەکرەم، هەردی سەلامی، زەینەب جەعفەر، هەدار ئەتروشی” بەشدارە لە فیلمێکی نوێ بەناونیشانی “کرۆکۆدیل” واتە تیمساح، ئەو بەرهەمە لە دەرهێنانی “سەید کەمال”ـە و، ناوەڕۆکەکەی باس لە کەسایەتیەک دەکات، کە ئاڵودە بووە بە ماددە هۆشبەرەکان تووشی چەندین گرفتی کۆمەڵایەتی دەبێتەوە.
“ڤاینەر” لەم بەرهەمەدا ڕۆڵی کۆتربازێک بەرجەستە دەکات، کە هەموو خۆشیەکانی ژیانی خستووەتە نێو قەفەزی کۆترەکانی.
“ئەیام ئەکرەم”ـیش وەک باوکێکی ئەو تاوانبارەی ماددە هۆشبەرە تووشی چەندین گرفت دەبێتەوە و مەرگی کوڕەکەشی جوانیی هەموو تەمەنی دەبات.
جێگەی باسە، ئەو فیلمە تایبەتە بە هۆشیارکردنەوەی ئەو کەسانەی ئێستا تووشی ئەو ماددە هۆشبەرانە هاتوون، دەرهێنەر دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو بەرهەمەوە هۆشیاری بڵاوبکاتەوە بۆ ئەوەی دووربکەونەوە لەو ماددانە و بگەڕێنەوە ژیانی ئاسایی خۆیان.