رۆژنامەی ھەولێر

ئەو هونەرمەندە ئەکادیمییەی زوو بەجێی هێشتین چەند پەیڤێک لە ساڵیادی ژیانئاوایی هونەرمەند (سەلاح حەسەن)

ئــــاری ئـــــاغۆک

ساڵی ١٩٩٨ لە قۆناغی دووەمی پەیمانگە، لە لە هەفتەی یەکەمی دەسپێکی ساڵی نوێ، مامۆستایەک پۆشتە، بە قات و بۆینباغێکی جوان، بەبزەیەکی شیرین هاتە ژوور، هەمووان لەبەری هەستاینەوە، بە لوتفێکی شیرین فەرموونی دانیشتنی لێ کردین، بەر لە هەموو شتێک خۆی پێ ناساندین گووتی من مامۆستا (سەلاح حەسەن)م ئەمساڵ بابەتی (زاراوەی شانۆیی)تان پێ دەڵێم، حەزدەکەم بە ووردی لەگەڵم بن، بۆ ئەوەی لەدا هاتوو بە پڕ زانیارییەوە بە فەرهەنگی زاراوەی شانۆ ئاشنابن، کە گوێبیستی ئەو ناوە بووم، ناوەکە لام نامۆ نەبوو، دواتر زانیم ناوی (سەڵاح حەسەن) لە تایتلی کەناڵی تەلەفزیۆنی وەک دەرهێنەر وەبەرچاوم دەکەوێت، ئێستاش وەک مامۆستایەکی هونەرمەند لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان بۆتە مامۆستام.
بۆیە من وەک قوتابیەک، لە سەرەتای بەهرەی هونەری و ئیعلامیم زۆر دڵخۆش بووم بە لەنزیکەوە ئاشنابوون بەم هونەرمەند و کادیری راگەیاندنە، لەوەش خۆشحاڵتربووم کە بۆتە مامۆستام، ئیدی لەکاتی وانە گوتنەوە و بەشداریکردنمان،

ئەوا یەکترناسینێکی سەرەتاییممان دروست بوو، تا دواین ساڵی خوێندن کە قۆناغی پێنجەمم بووم، هەمیشە پرسیاری هونەری و ئیعلامیم لێ دەکرد،
بەهۆی ئەوەی ئەو وەک هونەرمەندێک، هەروەها وەک دەرهێنەرێکی سینەمایی و تەلەفزیۆنی و کادیرێکی ئیعلامی باگراوندێکی زۆر باش و زانیاری ووردی هەبوو، بۆیە بەڕێزیشیان هەمیشە بە سینگێکی فراوانەوە وەڵامی پرسیارەکانی دەدامەوە، چونکە دەیزانی یەکێکم لەو قوتابیانەی حەز لەکاری هونەری و ڕاگەیاندن دەکەم، لەدوا قۆناغی پەیمانگە قەدەر وا ڕێکەوت کە بەڕێزیان ببێت بە سەپەرشتیاری ئەتروحەی دەرچوونم، دەقێک بوو بەناونیشانی (مانڤێستی جەنگ) لە نووسینی (هاینەر میللەر) و دەقە شیعرێکی شاعیرانی کورد (هاشم سەراج و ڕەفیق سابیر) ئامادەم کردبوو، ڕۆژانە لەکاتی پڕۆڤە هەمیشە سەرنج و تێبینی هونەریی جوانی پێ دەگوتین، تا ڕۆژی نمایش هەمیشە وەک خەمخۆرێکی هونەری لەگەڵمان بوو، کاتی نمایش بەر لەدەسپێکی نمایشی پەڕاوی (سکێچی دەرهێنان)م لەسەر تەختەی شانۆ پێشکەشکرد، دوای نمایش دەستخۆشانەی ئاراستەی ستافەکەمان کرد و لەدڵەوە دڵخۆش بوو بە سەرکەوتنی نمایشی( مانڤێستی جەنگ) هەروەک لە پۆستەری نمایش لە ژێر تایتلی (ووتەی مامۆستای سەرپەرشتیار) نووسیبووی: پەیمانگەکەمان ساڵانە بەهەرسێ بەشی یەوە، قوتابیانی دوا قۆناغ لە ئەتروحەیەک بوونی خۆیان دەسەلمێنن، جا لە ئەتروحەی بەشی شانۆی ئەمساڵدا (مانڤێستی جەنگ) هەوڵی قوتابی (ئاری ئاغۆک)ە، کە جگە لەدەقە نووسراوە ئەڵمانییەکە ئەوا ڕوئیای شاعیرانی کوردیشی ئاوێتەی ئەم نمایشە کردووە (هاشم سەراج و رەفیق سابیر) بۆیە دەتوانم بڵێم بەو تێکەڵاوبوونە تێکستەکە هاوگونجاوتر بووەلەگەڵ ناوەڕۆکی شانۆ گەریەکە، بەهیوای ئایندەیەکی هونەری، ( سلاح حسن).
لەوەرزی دووەمی دواقۆناغی هەمان ساڵ کاتێ وەک مامۆستای ڕاهێنراو (موتەبیق) ناومان گەڕایەوە، تەماشای لیستی ناوەکانم کرد مامۆستا سەلاح حەسەن سەرپەرشتی پێنج قوتابی دەکات، یەکێک لەوانە من بووم، ئەوجارەشیان هەمدیس دڵخۆشتربووم کە ئەو مامۆستا سەنگین و پڕ لەئەزموونە دەبێتە سەرپەرشتیارم، لەکاتی (مامۆستای ڕاهێنراویم) لە قوتابخانەی گەرمیانی بنەڕەتی لەگەرەکی کرێکاران ٤ جار سەردانی کردم، هەرجارێک دەهاتە قوتابخانەو دواتر دەچووینە پۆل، لەناخەوە شەرم دایدەگرتم، چونکە پێشتر من وەک قوتابیەک گوێگربووم، کەچی ئەمڕۆ ئەو وەک سەرپەرشتیارێک لە پۆل، لە قوتابخانەیەک لەتەک قوتابیەک دادەنیشێ و منیش بەپێوە وەستاوم و دەرس شەرح دەکەم ! دواتر زانیم ئەو شەرمەم ڕێزە لەگەورەیی مامۆستاکەم، نەک (ترس و نەزانین).
ئیدی دوای دەرچوونم لەپەیمانگە و بوونم بە مامۆستا لە چالاکیە هونەرییەکان هەمیشە بەدیداری شاد دەبووم، دیتن و دیداری ئەو ووزەی پێ دەبەخشیم، هەم وەک هونەرمەند هەم وەک مامۆستام.
بەڵام بەداخەوە زۆریش بەداخەوە لەیەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، لە ١١ ی ئابی ٢٠١٠ هەواڵی کۆچی دوایی ئەم هونەرمەندە راگەیاندرا، هەمووان تاساین و بەمەرگی کتوپڕی ئەو پیاوە دەم بەخەندەیە خەفەت دایگرتین، دوای چل ڕۆژ لە ژیانئاوایی مامۆستا و هونەرمەند و ڕاگەیاندکار (سەلاح حەسەن) لە هۆڵی پێشەوای (دیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری) بەشکۆو شانازیەوە یادە ماتەمینیەک گەورە ڕێکخرا، بەرنامەی مەراسیم لەچەند برگەیەک پێکهاتبوو، یەکێک لەبڕگەکان منیش بەشیعرێک بەناونیشانی (یادێک بۆ مامۆستاکەم) بەشداربووم لەم مەڕاسیمە.
ئەگەر گەشتێکی خێرا بکەین بەوێستگەی تەمەنی مامۆستا سەلاح حەسەن، ڕابردوویەکی جوانی هونەریی وئیعلامی و پەروەردەیی جوان بەدی دەکەین، ئەو مرۆڤە جوانە ٤٤ ساڵ ژیا، بەڵام کار و بەرهەم و ئەرشیفی زێرینی هونەری و کاری دەرهێنان و تەلەفزیۆنی و سینەمایی هەمیشە جێگەی شانازیە.
جێی ئاماژە پێکردنە (سەلاح حەسەن عەبدوڵڵا) لەڕێکەوتی ٢٣ی ئابی ١٩٦٦ لە دایکبووە، لە دوای ڕاپەڕینەوە لە بواری ڕاگەیاندن لە کەناڵی تەلەفزیۆنی وەک کادیرێکی زیرەک و بەتوانا کاری کردوە، لەوانە( کەناڵی ناوخۆیی گوڵان، تەلەفزیۆنی هەرێمی کوردستان، کەناڵی ئاسمانی کوردستان) وەک دەرهێنەر و کادیری بەتوانای راگەیاندن جێی پەنجەی دیاربووە، هەروەها وەک دەرهێنەری سینەمایی درامی خاوەن چەند بەرهەم و بەرنامەو کورتە درامایەکە، یەکێک لە بەرهەمە بەهێزەکانی کە هونەرمەند سەلاح حەسەن دەرهێنەربووە، درامای (خەڵکی شارەکەم) ە، کە درامایەکی بەهێز و کاریگەی ئەو سەردەمە بووە کە بابەت و پرسە کۆمەڵایەتیەکانی لەڕێگەی خەڵکی شارەکەم خستۆتەڕوو، هەروەها یاریدەدەری دەرهێنەری درامای (مەمی ئالان) بووە، کە لەدەرهێنانی هونەرمەند (ناسر حەسەن) ە، جگە لە چەندین بەرهەمی دیکە، هونەرمەند سەلاح حەسەن لە بواری ئەکادیمیش دا هەمیشە هەوڵی داوە لەزانستی هونەردا بەرەو پێش بچێت، وەک دەرچووی زانکۆی هونەرەجوانەکنی بەغدا، لەساڵی هەشتاکان، ئەمجارەیان بڕیار دەدات لە بڕوانامەی بەرزتری هونەر بەردەوامی هەبێت و توانی وەک یەکێک لەهونەرمەندە سەرەتاییەکانی هەولێرو کوردسان لەبواری سینەما و دراما لە ساڵی ٢٠٠٩ بڕوانامەی ماستەر وەربگرێت.
بەڵام بەداخەوە خەونە ئەکادیمی و پڕۆژە هونەریانەی لە نیوەی ڕێگا بەجێما، هەرزوو بەجێیهێشتین، بەڵام کارو بەرهەمی هونەری و یاد و یادەوەری هەمیشە لەدڵ و زەیینمان زیندوە، ڕۆحت شاد و یادت بەخێر مامۆستاکەم.