عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
ئەمڕۆ ١٠ـی ئابی ٢٠٢٥ پێنج ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەند سابیر کوردستانی تێپەڕی، بەشێک لە هونەرمەندانیش بە بایەخەوە باسی کارە هونەرییەکانی دەکەن.
(سابیر محەممەد ئەحمەد) ناسراو بە سابیر کوردستانی لە ساڵی ١٩٥٥ لە شاری کەرکوک لەدایکبووە و هەر لە منداڵییەوە تووشی نابینایی بووە، بەڵام ئەوەش نەبۆتە رێگر لەبەردەم حەز و خولیای هونەریدا و دواجار بۆتە هونەرمەندێکی ناسراوی کوردستان، لە ساڵی ١٩٧٠ یەکەم بەرهەمی ساڵی ١٩٧١ بۆ تەلەفزیۆنی کەرکوک تۆمار کردووە، لەگەڵ هاتنی شەپۆلی نەخۆشی کۆرۆنا هونەرمەند توشی ئەم ڤایرۆسە بوو، ماوەیەک لە نەخۆشخانە مایەوە، مخابن لە رێکەوتی رۆژی ١٠ـی ئابی ٢٠٢٠ لە تەمەنی ٦٥ ساڵی گیانی لەدەستدا.
(من غەریبم، لە دوورەوە ناوت بیستوم، کچ دەڵێ بە زۆر منیان دا بەشوو، بەڵێن بێت ئیتر ناوت نەهێنم، هەتا دونیا دونیایە من خێر لە خۆم نابینم، بروابکە نەت ناسیوم) بەشێکن لە گۆرانیە ناسراوەکانی ئەم هونەرمەندە کۆچکردووە و وەک خۆیشی پێش کۆچی دوایی لەچاوپێکەوتنەکانیدا رایگەیاندووە، زۆربەی گۆرانییەکانی ڕووداوێکی ڕاستی لە پشتەوەیە، بەتایبەتی ئەو گۆرانییانەی کە خۆی تێکستەکانی نووسیوە.
هونەرمەندانی هاوتەمەن و هاوڕێی سابیر کوردستانی ئاماژە بە نەمریی کارە هونەرییەکانی ئەم هونەرمەندە دەکەن.
هونەرمەندی گەورە ناسری رەزازی، لە بارەی هونەرمەند سابیر کوردستانیەوە دەڵێت : هونەر پێش ئەوەی زانست بێت، (هەست)ـە، واتە دەبێت ئەو هونەرمەندە خاوەن هەستێکی تایبەت بێت تا بتوانێت ئەو بەرهەمە بە باشی بچڕێت و بچێتە نێو خەڵکەوە.
رەزازی هونەرمەند روونتر دەڵێت ؛ راستە مامۆستا سابیر کوردستانی بەرهەمی کەمن، بەڵام بەرهەمەکانی نامرن و هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە.
هەروەها دەڵێت، گرنگی بەرهەمەکانی مامۆستا سابیر لەوەدایە کەسێک بووە نابینا بووە، بەڵام توانیویەتی خۆی تێکست و ئاوازی بەرهەمەکانی دابنێت.
هونەرمەندی میوزیکژەنی بە ئەزموون (رێبین جەمال) کە ماوەیەکی زۆر لەگەڵ ئەم هونەرمەندە کاریکردووە باسی لەوەکردووە، ئەو کاتەی گۆرانی (لە دوورەوە ناوت بیستووم) بڵاوکرایەوە، بەهۆی بەهێزیی تێکست و ئاوازەکەی دەنگدانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە مامۆستا گۆرانییەکانی لە ناخ و وجودی خۆی دەوتەوە.
هەروەها ڕێبین ئەوەش دەڵێت ؛ سابیر کوردستانی کۆچکردوی ئازیزمان لەبەر ئەوەی زۆربەی ئاوازەکان خۆی دایناون، لەگەڵ بەشێک لە هۆنراوەی گۆرانیەکانی، بۆیە گۆرانیەکانی وەک لۆکە بۆ برینی زۆر کەس بونە مایەی هەڵمژینی ئازار و نەهامەتیەکان، بۆیە گۆرانیەکانی ناسنامەی نەمریان هەڵگریووە لە یادی پێنج ساکەی کۆچەکەی دا، چەپکە گوڵی ڕێز، حورمەت بۆ سەر گڵکۆی دەنێرم.
جێگەی ئاماژە بۆ کردنە دوای لە ڕێکەوتی ١٠ـی ئابی ٢٠٢٠ لە شاری سلێمانی بە نەخۆشی کۆرۆنا کۆچی دوای کرد، بەڵام ڕۆژی دواتر لەسەر وەسیەتی خۆی تەرمەکەی گەیندراوە شاری کەرکوک و لە گۆڕستانی ڕەحیماوە بە خاک سپێدرا.

