رۆژنامەی ھەولێر

سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لە نزیکەوە هونەرمەندان محەمەد عەزیز و عەبدولڕەزاق عەبدوڵا بەسەر دەکەنەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

“هیوا سوعاد” سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، بە یاوەری هونەرمەندان تەحسین فایەق و غازی شینە و هەژار عومەر، لە نزیکەوە هەریەک لە هونەرمەندان “محەمەد عەزیز” و “عەبدولڕەزاق عەبدوڵا” ـیان بەسەرکردەوە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هونەرمەند “محەمەد عەزیز” توشی ڕووداوێکی هاتوچۆ ببوو، دوای وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە گەڕایەوە ماڵەکەی.

لەم سەردانەیاندا سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، جەختیان لەوە کردەوە سەندیکا ئامادەی هەموو هاوکارییەکە و درێغی ناکات لە هاوکاری هونەرمەندان و کێشە و گرفتەکانیان.
هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکاندا “هیوا سوعاد” سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، هاوخەمی خۆی بۆ خراپی بارعون تەندروستی هونەرمەندی شانۆکار “عەبدولڕەزاق عەبدوڵا” دەربڕی و پەیوەندی بە خانەوادەی ناوبراو کرد و ئامادەی خۆی نیشاندا بۆ پاڵپشتی و هاوکاریکردنی ئەو هونەرمەندەی، کە نزیکەی ٤٠ ساڵە لە بوارەکانی شانۆ و سینەما و درامادا خزمەت بە هونەری کوردی دەکات.
هونەرمەند “عەبدولڕەزاق عەبدوڵا” پێرێ بەشێوەیەکی کتوپڕ جەڵتەی مێشک لێیدا و کەوتە نەخۆشخانە و نوژدارەکانی نەخۆشخانەی ڕزگاریش لە هەولێر ڕایدەگەیەنن، کەوا پێویستی بە چارەسەری خێرایە و دەبێت بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە تا تەندروستی بەرەو باشبوون بڕوات.