رۆژنامەی ھەولێر

نورای ئیبسن؛ ئەو ژنەی جیهانێکی گۆڕی لە قەفەسی بووکەڵەوە بۆ ئازادی و بانگەوازێک بۆ یەکسانی

سەردار ئەکرەم/ بەریتانیا

 

هێنریک ئیبسن (١٨٢٨ـ ١٩٠٦)، شانۆنامەنووسی ناوداری نەرویجی، کە بە “باوکی شانۆی مۆدێرن” ناو دەبرێت، لە ناوەرۆکی شانۆنامەکانیدا بە قووڵی کەوتووەتە ناو کێشە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکانەوە. شانۆنامەی (ماڵی بووکەشووشە ) یاخود ماڵی بووکەڵە (A Doll’s House) کە ساڵی ١٨٧٩ نووسراوە، یەکێکە لە شاکارەکانی ئیبسن کە بە شۆڕشگێڕی و پەیامە کۆمەڵایەتییەکانی سەرنجی جیهانی کێشاوە. ئەم شانۆنامەیە بە وردی لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بە تایبەت رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەی سەدەی نۆزدەیەمدا، ورد دەبێتەوە و پرسی ئازادی تاکەکەسی و خودناسین دەخاتە بەردەم بینەر. هەوڵ دەدەم، پەیامە سەرەکییەکانی ئەو شانۆنامەیە شی بکەمەوە و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و فەلسەفییەکانی لە چوارچێوەیەکی فراواندا دەپشکنین؛ ئەگەربێتو پەیامە سەرەکییەکانی “ماڵی بووکەشووشە باس بکەین بریتین لەمانەی خوارەوە:
1. قوربانیدانی ژنان لە کۆمەڵگەی پیاوسالاردا
لە “ماڵی بووکەشووشە”دا، ئیبسن وێنەیەکی ڕەنگاوڕەنگ لە ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەی سەدەی نۆزدەیەمدا پیشان دەدات، کە ژنان لە ژێر سێبەری پیاوسالارییەکی تونددا بوون. کارەکتەری سەرەکی، نورا هێلمەر، وەک “بووکەشووشە”یەک لە ماڵەکەی خۆیدا دەژیێ، کە سەرەتا وەک ژنێکی شاد و سەرگەرم دەردەکەوێت، بەڵام لە راستیدا ژیانی لە خزمەتکردنی باوک و پاشان مێردەکەی، تورڤاڵد، تەرخان کراوە. نورا وەک کەسێکی کاریگەر دەردەکەوێت کە کۆمەڵگە ڕۆڵی لەسەر فەرز کردووە، بەبێ ئەوەی ئازادییەکی راستەقینەی هەبێت بۆ دەربڕینی خۆی. ئەمە پەیامێکی گرنگی ئیبسنە کە ژنان لەو سەردەمەدا ناچار بوون خۆیان ون بکەن بۆ پابەندبوون بە چاوەڕوانییە کۆمەڵایەتییەکان. بەپێی پشکنینی ئەدەبی، ئیبسن لێرەدا کێشەی “ئەوی دیکە” لە کۆمەڵگەی پیاوسالاردا دەخاتە ڕوو، کە ژنان وەک شتێک سەیر دەکران نەک وەک مرۆڤی سەربەخۆ.
2. هاوسەرگیری وەک قەفەسێک بۆ ئازادی
ئەم شانۆنامەیە رەخنەیەکی تیژ لە چەمکی هاوسەرگیری سەدەی نۆزدەیەم دەگرێت، کە زیاتر پەیوەندییەکی یاسایی و کۆمەڵایەتی بوو وەک لە پەیوەندییەکی سۆزداری و یەکسان. لە سەرەتادا، پەیوەندی نێوان نورا و تورڤاڵد وەک پەیوەندییەکی پڕ لە خۆشەویستی دەردەکەوێت، بەڵام بەرەبەرە ئاشکرا دەبێت کە تورڤاڵد نورای وەک “بووکەشووشە”یەک یان کارەکەرێکی ماڵ سەیر دەکات، نەک وەک هاوسەرێکی یەکسان. ئیبسن لێرەدا پرسیار لە بنەمای هاوسەرگیری دەکات و پیشان دەدات کە چۆن پەیوەندییەکان دەتوانن ببنە قەفەسێک بۆ ئازادی تاکەکەسی، بەتایبەت بۆ ژنان. بەپێی توێژینەوە ئەدەبیەکان، ئیبسن لەو شانۆنامەیەدا چەمکی “هاوسەرگیری وەک گرێبەست (Marriage as Contract) دەخاتە ژێر پرسیارەوە، کە ژنان لەو گرێبەستەدا وەک مڵک سەیر دەکران .
3. ئازادی تاکەکەسی و گەڕان بە دوای خوددا
یەکێک لە پەیامە بەهێزەکان “ماڵی بووکەشووشە”، گەڕانی نورا بە دوای ئازادی تاکەکەسی و خودناسینەوەیە. لە کۆتایی شانۆنامەکەدا، نورا بڕیار دەدات ماڵ و منداڵەکانی جێبهێڵێت بۆ ئەوەی خۆی بدۆزێتەوە و وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ ژیان بکات. ئەم بڕیارە لە سەردەمی خۆیدا شۆڕشگێڕانە بوو، چونکە ژنێک کە ماڵ و منداڵەکانی جێ بهێڵێت بۆ گەڕان بەدوای خۆیدا، لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا کارێکی نەریتشکێن بوو. ئیبسن لێرەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئازادی تاکەکەسی گرنگترە لە پابەندی بە رۆڵە کۆمەڵایەتییەکان، کە زۆرجار بە “پیرۆز” دادەنرێن. بەپێی بیروباوەڕە فیمینیستییەکان، کۆتایی شانۆنامەکە وەک “بەیاننامەیەکی ئازادی ژنان” سەیر دەکرێت، کە ژنان هان دەدات بەدوای هێز و ناسنامەی خۆیان بگەڕێن .
. ٤ـ درۆ و ڕاستی لە بەر سێبەری کۆمەڵگا
شانۆنامەکە پڕە لە درۆ و نهێنییەکان کە بناغەی پەیوەندییەکانی نێوان کارەکتەرەکان دروست دەکەن. نورا بە نهێنی قەرزێک دەکات بۆ رزگارکردنی ژیانی تورڤاڵد، بەڵام ئەم نهێنییە ژیانی خێزانییەکەیان دەخاتە مەترسییەوە. ئیبسن لێرەدا رەخنە لە کۆمەڵگەیەک دەگرێت کە زیاتر گرنگی بە رواڵەت و پاراستنی ناوبانگ دەدات وەک لە راستی و راستگۆیی. کاتێک درۆکان ئاشکرا دەبن، “ماڵی بووکەشووشە” دەکەوێت و بناغەی پەیوەندییەکانی خێزانەکە لەرزۆک و دەکەون. ئەمەش پەیامێکی گرنگی ئیبسنە کە کۆمەڵگەیەک کە لەسەر درۆ دروست ببێت، ناتوانێت بناغەیەکی بەهێز بۆ ژیانی تاکەکان دابین بکات .
ئامانجەکانی ئیبسن لە نووسینی ماڵی بووکەشووشە
نووسینی ئەم شانۆنامەیە رەخنەگرتن بوو لە کۆمەڵگەی سەدەی نۆزدەیەم و ئەو بەها کۆمەڵایەتییانەی کە ئازادی تاکەکەسی، بەتایبەت ئازادی ژنان، سنووردار دەکرد. هەرچەندە ئیبسن خۆی وەک فیمینیستێک نەناساند، بەڵام کاریگەرییەکانی شانۆنامەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو لەسەر بزووتنەوەی فیمینیستی بوو. ئەو دەیویست کۆمەڵگە هان بدات بۆ بیرکردنەوە لەسەر چەمکە “پیرۆز”ەکانی وەک هاوسەرگیری و خێزان و، پیشان بدات کە چۆن ئەم چەمکانە دەتوانن ببنە هۆی سەرکوتکردن و نایەکسانی.
بۆیە ئیبسن زیاتر پرسیار دروست دەکات وەک لە وەڵامدانەوە. ئەو دەیەوێت بینەر و خوێنەر ناچار بکات بیر لەو پرسیارانە بکەنەوە:
ـ ئایا ژن دەتوانێت لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا خۆی بێت؟
ـ ئایا هاوسەرگیری دەبێت قەفەسێک بێت یان شوێنێک بۆ گەشەکردنی هەردوو لا؟
ـ ئایا کۆمەڵگە دەتوانێت بەردەوام بێت کاتێک لەسەر بنەمای درۆ دروست بووە؟
ئامانجی ئیبسن هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بوو سەبارەت بەو کێشانەی لە ژێر سێبەری ڕواڵەت و رێوڕەسمی کۆمەڵایەتیدا شاراوە بوون.
کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و ئەدەبییەکانی شانۆنامەکە
ماڵی بووکەشووشە لە کاتی بڵاوبوونەوەیدا مشتومڕێکی زۆری لێ کەوتەوە، چونکە ڕەخنەیەکی ڕاشکاو بوو لە بنەما کۆمەڵایەتییەکان. کۆتایی شانۆنامەکە، کە نورا ماڵەکەی جێ دەهێڵێت، لە سەردەمی خۆیدا وەک کارێکی نەریتی و سەرسوڕهێنەر سەیر کرا. بەڵام ئەم کۆتاییە بووە هۆی گفتوگۆیەکی زۆر لەسەر مافەکانی ژنان و ئازادی تاکەکەسی. لە سەدەی بیستەمدا، ئەم شانۆنامەیە بووە سەرچاوەیەکی گرنگی هاندان بۆ بزووتنەوەی فیمینیستی، بەتایبەت لە وڵاتانی رۆژئاوا.
لە رووی ئەدەبییەوە، ئیبسن لەم شانۆنامەیەدا شێوازێکی رئالیستی پەرە پێ دا کە بووە بناغەی شانۆی مۆدێرن. بەکارهێنانی گفتوگۆی سروشتی و وێناکردنی کارەکتەرەکان بە شێوەیەکی مرۆیی و قووڵ، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر شانۆنووسانی دوای خۆی، وەک ئانتۆن چیخۆف و بێرنارد شاو، هەبوو .
جگە لەوە ماڵی بووکەشووشە تەنها شانۆنامەیەک نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ ئازادی و یەکسانی. هێنریک ئیبسن بە وێناکردنی داستانەکەی نورا، پەیامێکی جیهانی دەگەیەنێت کە هێشتا لە سەردەمی ئێستادا کاریگەر و پەیوەندیدارە. ئەم شانۆنامەیە وەک چرایەکە کە رێگەی گەشەکردنی مافەکانی ژنان و ئازادی تاکەکەسی روناک دەکاتەوە. لە کۆتاییدا، ئیبسەن فێرمان دەکات کە راستی و خودناسین گرنگترن لە روانەت و چاوەڕوانییە کۆمەڵایەتییەکان و، ئەم پەیامە بەردەوام دەبێت وەک سەرچاوەیەک بۆ هاندانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی.
ـ ماڵی بووکەشووشە یەکەم شانۆنامە بوو کە بە شێوەیەکی ڕاشکاو رەخنەی لە رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگە گرت و، بووە هۆی دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جیهانی لەسەر فیمینیزم.
ـ کۆتایی شانۆنامەکە (جێهێشتنی ماڵەکە لەلایەن نوراوە) لە زۆر وڵاتدا بووە هۆی سانسۆر، چونکە وەک هەڕەشەیەک بۆ بنەما کۆمەڵایەتییەکان سەیر کرا.
ـ ئیبسن لە کاتی نووسینی ئەم شانۆنامەیەدا ئیلهامی لە داستانێکی راستەقینەی ژنێکی نەرویجی وەرگرتبوو کە لە دۆخێکی هاوشێوەدا بوو.