رۆژنامەی ھەولێر

لە سلێمانی رۆژی تابلۆ بەڕێوەچوو

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

ژمارەیەك لە شێوەكارانی كورد بۆ ماوەی رۆژ ژمارەیەك تابلۆیان لە شوێنی نمایشەكەدا كێشا، بەشێك لە هونەرمەندان

ی بەشداربوو تابلۆكانیان تایبەت بوون بە زیندووكردنەوەی شوێنەوار و كەلوپەلە دێرین و كەلەپوورەكانی شاری سلێمانی.
ناوەندی حەوت رەنگە كە ساڵانێكی زۆرە خزمەتی هونەری شێوەكاری دەكات، رۆژانی 1 و 2ی ئاب، لە كارگەی كلتووری لە شاری سلێمانی، (رۆژی تابلۆ)ی رێكخست كە ژمارەیەك هونەرمەندی بە ئەزموون و نیگاركێش كردەوە.
هونەرمەند مهاباد جەمال رایگەیاند، یادكردنەوەی ئەم رۆژەی زۆر بەلاوە گرنگ بوو، چوونكە رۆژی تابلۆیە و هونەرمەند و بەهرەدارانیش توانیان لەم رۆژەدا بەرهەمی خۆیان هەم نمایش بكەن و هەمیش دروستی بكەن.
ئەو هونەرمەندە وتی “كارەكەی خۆم لەسەر گەڕەكی سەرشەقامە ئەو گەڕەكەی تێیدا ژیاوم و هەموو یادەوەریی منداڵیمی تێدایە، كارەكەم بە ماوەی دوو كاتژمێر تەواو كرد، بەلاوە گرنگبوو لەڕێگەی تابلۆكەمەوە خەڵك ئاشنای ئەو گەڕەكە دێرینە بكەمەوە”.
هەروەها دلێر ئەنوەر، یەكێكی دیكە لە شێوەكارانی دیكە كە 34 ساڵە ئەزموونی هونەری شێوەكاری هەیە باسی لەوەكرد، كە لەم رۆژەدا تابلۆی منداڵێكی كێشاوە كە بیر لە دواڕۆژی خۆی دەكاتەوە و دەستی دایكی هەڵیگرتووە.
ئەو شێوەكارە ئاماژەی بەوەكرد، كە هەقە گرنگی زیاتر بە هونەری شێوەكاری بدرێت، چو ونكە وەك چۆن دەتوانرێت لەڕێگەی موزیك و گۆرانی و فیلمەوە خۆشی و ناخۆشی میللەتی كورد نیشان بدرێت، بۆ هونەری شێوەكاری هەمانشێوەیە.
هونەرمەند خۆشەویست نامیق، وەك شێوەكارێكی دیكەی بەشداربووی رۆژی تابلۆ، چەند تابلۆیەكی دروستكردبوو كە شێوازی تایبەتی خۆی بوون و وتی “ستایڵێكە خۆم هەڵمبژاردووە ئەویش زیندووكردنەوەی كلتووری دێرینی شاری سلێمانی، بۆ ئەو مەبەستەش تەختە و مقەبا و گۆزەم بەكارهێناوە، گۆزەكان دوو دانەیە لەشێوەی شەربەی دۆ خواردنەوەی جارانە”.