رۆژنامەی ھەولێر

فەرهاد زیرەک هونەرمەنده ترێند و نەوڕەسەکەی کوردستان

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

هونەرمەندی گۆرانیبێژ “فەرهاد زیرەک” دوای ساڵانێکی زۆر دابڕان لە هونەری گۆرانیگوتندا، بەڵام سەرجەم بەرهەمەکانی ترێندن لە سۆشیال میدیادا و زۆربەی هونەرمەندانی هەڵکەوتووش دەیانەوێت ناو و ناوبانگ لە ڕێگەی بەرهەمەکانی “فەرهاد” پەیدا بکەن و “حەلیمە و گۆڵخاتر و ئایشە و بێریڤان”ـەکەی ئەو هونەرمەندە بە ستایلێکی دیکە بڵێنەوە، کە دڵنیان لەوەی دەبێتە ڕێگەیەک بۆ کۆکردنەوەی هەوادار.

“زیرەک” ناویشانی هونەرمەندێکی فەردە، کەچی یەک وشەی لە ناوەندەکانی خوێندندا نەخوێندووه و بووەتە مامۆستایەک بۆ نۆتە و ڕیتمە کوردییەکان، توێژینەوە و چەندین سیمیناری تایبەتیش بۆ قورگی سپی ئەو هونەرمەندە و زۆربەی بەرهەمەکانی کراوە، تەنانەت “شێرکۆ بێکەس”ـی شاعیری کۆچکردووی کورد لە بەردەم میدیاکانی کوردستان ناونیشانی “نەوڕەس”ـەکەی کوردستانی لە “فەرهاد زیرەک” نا و پێی وایە، کە دەنگێکی ئەفسوناوییە و دووبارە بوونەوەی ئەستەمە.
“فەرهاد زیرەک” دوورکەوتنەوە لە هونەر و گۆرانی گوتندا بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە، کە ئەوانیش لەدەستدانی باوکی ئازیزی و ئەویندارەکەیەتی، کە نەگەیشتوون بە یەک و قەدەر لە یەکتریان جیادەکاتەوە، بەڵام “فەرهاد” بە کاسیەتە کۆن و بێریڤانەکەی لە هزری خۆشەویستەکەیدا دەمێنێتەوە، تەنانەت هونەرمەند “شاباز زەمانی” جارێکی تر بە گوتنەوەی ئەو گۆرانییە بوو بە ترێند لە تیکتۆک و تەواوی سۆشیال میدیای کوردی.
هەروەها لە هونەرمەند “ئیبراهیم تاتڵیساس” زۆر بە سەرسامی لە یەکێک لە سەردانەکانی بۆ هەولێر کاسیەتەکانی فەرهاد دەکڕێت و گوێ بۆ گۆرانییەکانی دەگرێت و دەیەوێت لە ئەلبوومێکی دا یەکێک لە گۆرانییەکانی ئەو هونەرمەنده بڵێتەوە و ئاماژە بە ناوی فەرهادێک بدات، کە بووەتە بولبولی کوردستان و نەغمەی دەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبیسترێت.
دوای ساڵانێکی زۆر لە بێدەنگی و دوورکەوتنەوەی لە هونەرەکەی “ئومێد خۆشناو” پارێزگاری هەولێر بە فەرمی داوای لە زیرەک کرد، کە کۆنسێرتێک هونەری لە دامێنی قەڵای هەولێردا ساز بکات، بەڵام “فەرهاد” جارێکیتر ڕەتیکردەوە و ئامادە نەبوو کۆنسێرتەکەی ساز بکات.