رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ فیلمی دڵی سوور لە ئێمپایەر سینەما نمایش دەکرێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

لە چوارچێوەی ڕاگەیاندنی وەرزی هاوینەی چالاکییە هونەرییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر بەشی سینەما، کە هەفتانە لە ڕۆژانی چوارشەممە لەسەر ئەرکی پارێزگای هەولێر بۆ پاڵپشتی لە بەرهەمە سینەماییە کوردییەکان فیلمێک بەخۆڕایی لە ئێمپایەر سینەمای فاملی مۆڵ نمایش دەکرێت.

لەم هەفتەیەی چالاکییەکانیشدا بڕیارە کاتژمێر ٦ـی ئێوارە فیلمی “دڵی سوور”، کە لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد “هەڵکەوت مستەفا”ـیە بە ئامادەبووانی کاستی فیلمەکە و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەند و ڕۆشنبیرانی کورد نمایش بکرێت.
ئەو بەرهەمە بە هاوکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەم هێنراوە و ناوەڕۆکەکەشی چەند ژانەرێک لەخۆوه دەگرێت، کە بریتین لە عەشق و ئەوین و ئازار و چەند گرفتێکی کۆمەڵایەتی.
جێگەی باسە، ئەو فیلمە تا ئێستا بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی جیهانی کردووە و چەند خەڵاتێکی بەدەستهێناوە.