رۆژنامەی ھەولێر

هونەرمەند ماهیر حەسەن: حەز دەكەم بەشداری كاری جددی بكەمەوە

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

هونەرمەندی ناسراو ماهیر حەسەن كە ساڵانێكی زۆرە لە بواری هونەری كۆمیدی ناسراوە، دەڵێت، خۆی پێشتر لە كاری جددی دەركەوتووە، بۆیە ئێستاش پێی باشە لە بواری كاری جددیدا دەربكەوێتەوە.

هونەرمەند ماهیر حەسەن، زیاتر لە 30 ساڵە لە بواری هونەری نواندنی كۆمیدیدا ناسراوە و توانیویەتی جەماوەرێكی زۆر لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە، بەڵام لە چاوپێكەوتنێكی (هەولێر) دەڵێت، پێیخۆشە بۆ لەمەودوا لە كاری جددی دەربكەوێتەوە.
هەولێر: دۆخی ئێستای هونەرت پێ چۆنە؟
ماهیر حەسەن: هونەرمەند دەتوانێت لە دۆخی سەقامگیردا كاری هونەریی بكات، بەڵام بەداخەوە لە كوردستان بەهۆی قەیران دوای قەیران كە دێتە پێشەوە، ئەوەش وا لە خەڵك دەكات كە تاقەتیان نەبێت بڕۆنە بۆ بینینی كاری هونەریی، بۆیە ئێمەش چاوەڕێی سەقامگیربوونەوەی دۆخی سیاسی و ئابورین.

هەولێر: دەتوانیت جارێكی دیكە لەسەر تەختەی شانۆ دەربكەویتەوە؟
ماهیر حەسەن: بەڵێ بێگومان، بەڵام لەبەرئەوەی ماوەی 9 ساڵە لە كاری شانۆیی وەستاوین، بۆیە دەبێت دەقێكی كاری شانۆیی زۆر باش هەبێت تا بتوانین بیكەین، دەبێت كارێكی نوێ لە كاری پێشتر زۆر باشتر بێت.
هەولێر: هیچ بەرهەمێكی دراماتان بەدەستەوەیە؟
ماهیر حەسەن: بەڵێ كاری دراماشمان هەیە، بەڵام ئێمە ئەو كارانە بۆ تەلەفزیۆنەكان دەكەین، ئەگەر ئەوانیش وەك پێویست نەیەنە پێشەوە ئێمەش ناتوانین وەك پێویست بەردەوام بین، ئیشیش بە كەموكوڕی ناكرێت، بەڵكوو دەبێت بوودجەیەكی باشی هەبێت.
هەولێر: هەرچەندە ئێوە زیاتر بە كاری كۆمیدی ناسراون، بەڵام لەهەندێك كاری جددیش دەركەوتن، ئەوە بۆ تۆ قورس نەبوو؟
ماهیر حەسەن: نەخێر لەبەرئەوەی كاتێك خوێندكاری پەیمانگەی هونەرەجوانەكان بووم زیاتر كاری جددیم دەكرد، بەڵام ئەوە بوو چوومە دەورێكی كۆمیدی، هەرچەندە كۆمیدیا زۆر قورسە، ئیتر لەوێوە چوومە بواری كۆمیدی، بەڵام ئێستا حەزم لە كاری جددییە.