شیڤان شێرزاد – هەولێر
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٣ـی تەمموزی ٢٠٢٥ بەرامبەر بە تەمەنێک لە بەخشش و داهێنان و سەفەرێکی سەخت، ڕێوڕەسمێک بۆ شێوەکاری کۆچکردوو “قەرەنی جەمیل” لە هۆڵی پێشەوا لە کاتژمێر پێنجی ئێوارە بە ئامادەبوونی خانەوادە و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حکومەت و هونەرمەند و ڕۆشنبیرانی کوردستان و سەندیکای هونەرمەندان ساز بکات.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، بە پارچە موزیکێکی خەمناک چل مۆم بۆ ڕوحی سپی ئەو هونەرمەندە داهێنەرە دادەگیرسێنێت، پاشان وتاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و پارێزگاری هەولێر لە بارەی ژیان و بەرهەمەکانی “قەرەنی جەمیل” دەخوێندرێتەوە.
هەروەها بەشێک لە تابلۆ ڕەنگینەکانی لە هۆڵی پێشەوا جارێکیتر نمایش دەکرێنەوه و فیلمێکی دیکۆمێنتەری لە بارەی ئەزموونی هونەری ئەو شێوەکارە ناسراوەی کورد پەخش دەکرێت.
جێگەی باسە، هونەرمەند “قەرەنی جەمیل” لە ساڵی ١٩٥٤ لە هەولێر له دایکبووە و لە ڕێکەوتی ٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ لە هەولێر کۆچی دوایی کرد.
هونەرمەندی شێوەکاری کورد “قەرەنی جەمیل حەسەن” لە ساڵی 1954 لە هەولێر لەدایکبووە، قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی لە هەولێر تەواوکردووە.
لە ساڵی 1976 -1977 پەیمانگای هونەرە جوانەکان بەشی شێوەکاری لە بەغدا تەواو کردووە. پاش تەواوکردنی پەیمانگا لە ساڵی 1977 -1978 دەبێتە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی لە گوندی (ڕوستێ)، بەڵام پاش چۆلکردنی ئەم گوندە لەلایەن حکومەتی بەعسەوە، لە ساڵی 1978 -1979 دەگوازرێتەوە قوتابخانەی سەرەتایی گوندی (ناوڕۆیین) لە شارۆچکەی سۆران.
قەرەنی جەمیل لە ساڵی 1979 کوردستان بەجێدەهێڵێت و دەچێتە ئیتاڵیا، تا ساڵی 1984 لە ئیتاڵیا دەمێنێتەوە و لەوێش هەر درێژە بە کاری هونەریی شێوەکاری داوە و بە کارە هونەرییەکانی ژیاوە. لە ساڵی 1984 لە ئیتاڵیاوە بەرەو ئیسپانیا ڕۆیشتووە، تاکوو ساڵی 2003 هەر لەوێ کاری هونەریی کردووە.
ئەم هونەرمەندە گەورەیە، لە ساڵی 2003 گەڕاوەتەوە کوردستان و بووە بە سەرنووسەری گۆڤاری شێوەکاری، هەروەها لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر لە بەشی شێوەکاری دەبێتە مامۆستا.
قەرەنی جەمیل سەربە هیچ ڕێبازێکی دیاریکراوی هونەری نییە و بە وتەی خۆی تابلۆکانی زادەی زەین و خەیاڵییەتی، ئەوەی دەگاتە خەیاڵی بە فڵچە و بۆیە دەیانکاتە تابلۆیەکی هونەری، زۆر لە قوتابی و فێرخوازەکانی ئەمڕۆ بوونەتە هونەرمەندی باشی بواری هونەری وێنەکێشان، ئیلهام لە کارەکانی وەردەگرن و دەیانەوێت درێژە بەو جۆرە کارە بدەن.
لە ڕۆژی 03-06-2025 لە تەمەنی 71 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
پێشانگا تایبەتییەکان:
1976 لە بەغدا هۆڵی کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کوردی لەگەڵ هونەرمەند جەمال ئیبراهیم.
1977 لە هەولێر هۆڵی قوتابخانەی میدیا.
1984 لە بەرشەلۆنە/ ئیسپانیا هۆڵی Prat de lujanes
1987 لە گرانادە/ ئیسپانیا هۆڵی Caja rural
1989 لە گرانادە/ ئیسپانیا قاوەخانەی Volter
1990 لە ڤالێنسیا/ ئیسپانیا هۆڵی Alhanas
2007 لە هەولێر هۆڵی میدیا.
2008 لە #سلێمانی# گەلەری سەردەم.
2013 هۆڵی میدیا، هەولێر.
2018 هۆڵی میدیا، هەولێر.
2019 پێشانگای ستیل لایڤ لە هۆڵی میدیا.
2021 گەلەری ئێستا لە سلێمانی.
پێشانگای هاوبەشییەکان
لە ساڵی 1972ـەوە تا ساڵی 2025 لە عێراق، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ئینگلتەرا، هۆڵەندا، بەلجیکا، دانیمارک، نەمسا، پۆڵۆنیا، بەشداری کۆمەڵێک پێشانگای هاوبەشی کردووە

