رۆژنامەی ھەولێر

(مەحمود محەمەد): دەبێت هونەرمەند بە دڵ گۆرانی بڵێت تا گۆرانییەكە بچێتە نێو خەڵكەوە!

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

 

هونەرمەندی ناسراوی میللی مەحمود محەمەد دەڵێت، ئەگەر هونەرمەند بە دڵ گۆرانی بڵێت، ئەوا ئەو گۆرانییە دەچێتە نێو خەڵكەوە، نەك بەرهەمەكە لە كۆڵ خۆی بكاتەوە.

هونەرمەند مەحمود محەمەد، زیاتر لە 50 ساڵە خزمەتی هونەری میللی دەكات و خاوەنی دەنگێكی تایبەت و هەوادارێكی زۆرە، بەڵام بەهۆی كۆچی دوایی ئەحمەد دەروێشی برایەوە كە ئەویش هونەرمەند بوو، زیاتر لە ساڵێكە بەرهەمی نوێی بڵاونەكردۆتەوە، لەم دیدارەی هەولێر باسی كارە هونەرییەكانی دەكات.

هەولێر: تەندروستیت چۆنە؟
مەحمود محەمەد: لە خوا بەزیاد بێت باشم.

هەولێر: ئەزموونی 50 ساڵ گۆرانی میللیت هەیە، چیت هەیە بۆ ئەو قسانەی لە هەندێك گەعدەی ئێستا دەكرێن؟
مەحمود محەمەد: جاران كە دانیشتنی ماڵان دەكرا شەڕە بەند نەبوو، بەڵام ئێستا چەند گەنجێك ناخۆشیان كردووە بە قسەوتن بە یەكدی ئەوەش پەیوەندی بە هونەرەوە نییە.

هەولێر: تۆ چۆن تێكستەكانت هەڵدەبژێری؟
مەحمود محەمەد: ئەوەیان ئاسانە، بۆ نمونە چوار كۆپلە دادەنێین، بەڵام وشەكان شیاو بن.

هەولێر: لە گۆرانیبێژی لاوەكان كێت بە دڵە؟
مەحمود محەمەد: شاباز زەمانیم بە دڵە، لەبەرئەوەی گەنجێكە لە مەقام و بەستەدا زیرەكە و دەنگیشی زۆر باشە، دوای ئەویش جێگری میدیا حسێن.
هەولێر: گۆرانی نوێت چی هەیە؟
مەحمود محەمەد: جارێ هیچ بەرهەمی نوێم نییە، ئەویش بەهۆی كۆچی لەناكاوی كاكە ئەحمەدی برام و نەخۆشیی خۆیشم.

هەولێر: دەوترێت ئاواز و گۆرانی كوردی چێژی جارانی نەماوە، چۆن وا دەكەن ئەو تام و چێژە كوردییانە بێت؟
مەحمود محەمەد: ئەوە كەوتۆتەوە سەر گۆرانیبێژەكە، ئەگەر ئەو گۆرانیبێژە بیەوێت گۆرانییەكەی بچێتە دڵی خەڵكەوە دەبێت بە دڵ بیڵێت، نەك لە كۆڵ خۆی بكاتەوە.

هەولێر: وەك دەڵێن كەس بە وەسیەت كۆچی دوایی ناكات، تۆ وەك هونەرمەندێكی بە ئەزموون، وەسیەتت بۆ دوای خۆت چییە؟
مەحمود محەمەد: هیوادارم خزمەتی زیاتری هونەری فۆلكلۆر بكرێت.

هەولێر: نزیكەی 50 ساڵ خزمەتی هونەرت كرد، چی پێبەخشیت؟
مەحمود محەمەد: خۆشەویستی ناو خەڵك ئەوەش گەورەترین سەرمایەیە.