شیڤان شێرزاد – هەولێر
گۆرانیبێژ و ئاینور دۆغان دوای ساڵانێکی زۆر لە قەدەغەکردنی بەرهەمەکانی لە وڵاتەکەیدا، ئێستا سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ سازدانی دوو کۆنسێرتی گۆرانی لە وڵاتی ئەڵمانیا و دەیەوێت بە چەپکێک لە بەرهەمە ناوازەکانی دڵی هەوادارانی بێنێتە جۆش و خرۆش.
ئاینور لە هەژماری تایبەتی خۆیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ڕایدەگەیەنێت، کە لە سەرەتای مانگی ئابدا، بۆ یەکەمجار کۆنسێرتێک لە شاری ورزبورگی ئەڵمانیا سازدەکات، لە 2ـی هەمان مانگ، کۆنسێرتێک لە شاری لوبێک لەو وڵاتە سازدەکات.
ئاینور دۆغان، لە 1975 لە دێرسمی باکووری کوردستان لەدایکبووە، لە 1992 لەگەڵ ماڵباتەکەی چوونەتە ئیستەنبووڵ، جگە لە گۆرانی گوتن، ئاوازدانەر و تێکستنووسی گۆرانییە، لە 2021 لەلایەن پێشانگەی نێودەوڵەتیی میوزیکی جیهانی، وەک هونەرمەندی ساڵ هەڵبژێردرا و خەڵاتکرا.
جێگەی باسە، ئاینور خاوەنی حەوت ئەلبوومی گۆرانییە، یەکەم ئەلبوومی لە 2002 بڵاوکردوەوە، لە 2004 ئەلبوومێکی بەناوی “کەچا کوردا” بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و هۆکاری بەناوبانگبوونی بوو، بەڵام لە 2005 تراکی گۆرانیی “کەچا کوردا” لە ئەلبوومەکەدا، لە تورکیا قەدەغەکرا.

