رۆژنامەی ھەولێر

عادل هەورامی، بەرهەمی نوێی بەڕێوەیە

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

هونەرمەندی ناسراو عادل هەورامی، بەرهەمێكی نوێی بەڕێوەیە و دوای كلیپكردنی، لە داهاتوویەكی نزیكدا بڵاویدەكاتەوە.

هونەرمەند عادل هەورامی، زیاتر لە 30 ساڵە سەرقاڵی كاری هونەرییە و یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە توانیویەتی بە هەردوو زاراوەی هەورامی و سۆرانی چەندین ئەلبوم و گۆرانی تاك بڵاوبكاتەوە و خاوەنی گوێگری تایبەتی خۆیەتی.
عادل هەورامی بە (هەولێر)ی راگەیاند، بەرهەمێكی نوێی بەڕێوەیە كە دوو بەرهەم لەخۆدەگرێت، ئەم بەرهەمە موزیكەكەی لە شاری تاران بۆ كراوە، هەریەك لە موزیسیانان زانا مەحمود هەژار و كاروانی نەی بەشدارییان تێدا كردووە و بڕیار فەتاح كاری دەرهێنانی بۆ كردووە، ئەم بەرهەمە ماوەی شەش مانگە سەرقاڵێتی، كلیپی هەردووكیان تەواو بوون و بە هیوایە لە داهاتوویەكی نزیكدا بڵاوی بكاتەوە.
ئەم هونەرمەندە درەنگ درەنگ بەرهەمی نوێ بڵاودەكاتەوە، لەو رووەشەوە دەڵێت “راستە درەنگ بەرهەمی نوێ بڵاودەكەمەوە، بەڵام هەمیشە حەز دەكەم ئەو بەرهەمانەی بڵاویان دەكەمەوە باش بن، ئەگەرنا تا 10 ساڵی دیكەش دەتوانین بەرهەمی هونەریمان هەبێت”.
عادل هەورامی هەروەها ئاماژەی بەوەكرد “ساڵانی رابردوو سیدیمان بڵاودەكردەوە كە چەند گۆرانییەكی لەخۆدەگرت، بەڵام ئێستا باوی سیدی نەماوە، بۆیە ئەگەر كارەكان ساڵی جارێك یان شەش مانگ جارێك بیكەیت، دەبێت لە كارەكەی پێشتر جوانتر بێت، بۆیە ئەوە هۆكەیەتی”.
زۆرجار تێبینی دەكرێت عادل هەورامی لە كاتی كلیپكردندا تووڕە دەبێت، بەڵام ئەو بە زەردەخەنەوە وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە و وتی “لە كاتی وێنەگرتندا توڕە نابم، بەڵام حەز دەكەم كارەكان جوان دەربچن، بۆیە ئەگەر هەر گرفتێك بێتە پێشەوە رایدەگرم، چونكە لە كاتی كلیپكردن تەركیزی زۆرم لەسەر كارەكەیە”.