ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
هونەرمەندی شێوەكاری كورد حەمە هاشم لە تازەترین نووسینیدا بە ناوی تابلۆ ئاوییەكانی لالە عەبدە هێزی خەیاڵ و بوێری و ئیستاتیكا، كە بۆ (هەولێر)ی ناردووە، باسی لەوە كردووە كە هێز و بوێری رەگەزی سەرەكیین لە كارە هونەرییە (ئاوییەكانی) هونەرمەند (لالە عەبدە)، هێزی خەیاڵ هەرگیز جیا نابێتەوە لەو كەشە ئیستاتیكییە خولقاوەی كە لە پانتایی فۆرمێكدا پێشانمان دەدات، خەیاڵێك دەتوانێت یارییەكی شارەزایانە بكات و جوانییەكانی سرووشت و ئایكۆنەكانی ژیانی مرۆڤ بەجۆرێكی دیكە وێنا بكاتەوە كە ئاسوودەیی دەدات بە مێشك، لە مێشكدا پنتێكی گرنگ هەیە لە ناوەراستی هەستەوەرەكانی دیكەیە و پێی دەگوترێت (Gout) ئەم هەستەوەرە رژێنی خۆشحاڵی دەپژێنێت و دەیگوازێتەوە بۆ هەستەوەرەكانی دیكە كە لە ئاكامدا خۆشحاڵی درووست دەكات لە بینین، ئەم كردارە درووست دەبێت لە هەندێ حاڵەتی ساوكردن (ملمس) هەروەها لە كاتی كرداری خواردنی چێژ بەخش یان كرداری چێژ بەخش، جگە لە هەموو ئەمانە لە بینینی دیمەن و تەنی جواندا دەوروژێت و چێژ دەكات بە خۆشحاڵی بۆ مرۆڤ.كارە هونەرییەكانی مامۆستا لالە عەبدە، هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی تێدایە كە رواڵەتی ئیستاتیكی لە كرداری چێژبەخشیندا مرۆڤ راڤەی دەكات، لەبەر ئەوە لە ئاستێكی باڵادا بەرهەمەكانیی نمایش دەبن.
لە بەشێكی دیكەی نووسینەكەیدا حەمە هاشم دەڵێت : جگە لەوەی كە بوێری لە دانانی رەنگی رۆشن و رەنگی كاڵ جۆرێك لە دڵنیایی دەبەخشێت بە بینەر كە هەست بە تەڕی و روونی كارەكانی بكات، بێگومان ئەمەش خاڵێكی ئەرێنی گرنگە لە دروستكردنی ئیستاتیكای كاری هونەری.
ئەزموونەكانی هونەرمەند (لالە عەبدە) دەكەونە خانەی ئەزموونی ئەو هوونەرمەندە جیهانییە بە توانایانەی كە لە بواری هونەری رەنگی ئاویدا سەرقافڵەنە.
هاوسەنگی و سپەیس دوو بنەمای دیكەن لە كارەكانیدا، كە دەتوانیین بیانكەینە جێگای ئاماژەیەكی بەهێز لە دەستنیشانكردنی خەسڵەت و ئاستی بەرزی هونەرەكەییدا.
جگە لەمانە بابەت سەنگێكی دیكە وەردەگرێت لەو كارانەییدا و دەرخستنی رواڵەتی شارستانی مرۆڤ بەهای كارەكان سەنگین تر و ئاسۆی بینین فراوانتر نیشان دەدات، ئەمە بە جیا لە لێزانی و ئەزموونی دەوڵەمەند لە بەجێهێشتنی رووناكی لەسەر كوتلەكان و دانانی سێبەری كەمێك ئیمپرێشینیزمی لە رەنگدا.
هەموو ئەوانە تەكنیكی دەوڵەمەندی لالە عەبدەمان پێ دەڵێن لە بواری هونەری رەنگی ئاویدا.
چوونكە هێزی تەكنیك لە بەرهەمەكانیدا هەمان ئەو هێزەیە كە لە تەكنیكی فڵچە وەشاندنێك پێویستی بە ئەزموونە لەسەر كاغەزێك بە رەنگی ئاوی.
ئەمحاڵەتەش هێندە ئاسان نییە هەموو هونەرمەندێك بیگاتێ و پیادەی بكات، چوونكە تەكنیك لە رەنگی ئاویدا جیاوازی زۆرە لە تەكنیكی وێنەكێشان بە رەنگی رۆنی یان بە خەڵوز و پاستیل و كەرەستەو ماتریاڵەكانی دیكەی وێنەكێشان، ئەمەش لەبەر ئەوەی لە وێنەكێشان بەرەنگی ئاوی تەنها دەرفەت بۆ هونەرمەندەكە یەكجار هەیە بۆ دەرخستنی فیگەر و شێوەكان و ناتوانێت لەكاتی وێنەكردنی كوتلەیەك یان دانانی رەنگێك دواتر دەسكاریبكات یان بیسڕێتەوە، ئەمەش تەكنیكی كاری هونەری ئاویی قورس تر دەكات و هونەرمەندەكە ناچار دەكات ئەزموون و كاركردنی بەردەوام و دەوڵەمەندی هەبێ لەم بوارەدا.
لەبەر ئەمەشە بنەما و رەگەزە سەرەكییەكانی وێنەكێشانی ئاویی لە كارەكانی مامۆستا لالە عەبدەدا سەركەوتوانە و پانتایی و ماتریاڵ و فۆڕم بەیەكەوە هەموویان پێكهاتەیەكی زیندوو و ئیستاتیكی باڵا دەبەخشن بە كارەكانی.

