ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
هونەرمەند ئیسماعیل حەمەئەمین چەند پەرەگرافە پەڕاوێكی هەوڵدانێكی فەلسەفی و هزریی لەمەڕ كارەكانی هونەرمەندی گەورە (ئیسماعیل خەیات) بلاو كردۆتەوە و بۆ (هەولێر)ی ناردووە؛ نووسیویەتی: بە دیوێكی تردا (خۆڵەمێشی)ـیەکەی ئیسماعیل خەیات خۆڵەمێشییەکە لەنێو خۆڵەمێشیدا، چاكتر وایە بڵێین؛ خۆ_خۆڵەمێشییە (Ge-gräue). ئەو خۆخۆڵەمێشییەی ئەو كاتە دەستپێدەكات كە ڕووداوەكان تەواو بوون و، بوونە بە مێژوو. ئیدی وەك هێگڵ گوتەنی خۆڵەمێشی لەسەر خۆڵەمێشی دەنەخشێنرێت لەوێوە فەلسەفە، هونەری باڵا، نیگاركێشان، لیتراتور، قسەی خۆی دەكات. لەوێوە نەخشاندنی هێڵكارییەكانی ڕەساسی دەبنە مێژوو، دەبنە كۆنسێپتێك لەمەڕ مێژووی ڕووداوەكان.
مێژوو كاتێك كۆتایی بە ڕووداوەكان دێنێت، دەبێتە خۆڵەمێش، مێژووی كورد كاتێك ڕووداوەكانی كۆتایییان دێت، جەستەی كوژراوەكانی دەبنە خۆڵەمێش. خ ئاوەها خۆخۆڵەمێشی (Ge-gräue) خولیای شیعر و، داهێنانی كوردی بووە لە بەرامبەر فاشیزمی ناوچەكە و ئەكتە جینۆسایدیەكانی. ئیدی لەم چركەساتەدا بەر كۆپلەیەكی محەمەد عومەر عوسمان ١٩٥٧_٢٠١٩ـی شاعیر دەكەوم، كە دەڵێت:
تا خۆڵەمێشی بكوژ و كوژراو
لە گۆڕا لەیەك جیا نەكرێنەوە
مردووەكان مەستی خەوێكی قووڵن
مەلی ئەشك، باڵی تیا ناگرێتەوە
لە بەشێكی دیكەی نووسینەكەیدا ئیسماعیل حەمەئەمین پێی وایە لێرەوە خۆخۆڵەمێشی خەمی كوردبوونە كە بیركردنەوەی شیعری، بوونی كوردی تاوتوێ كردووە. ئیدی تاوەكو ئێمە جێماوەی لاشەی شیبۆوەی كوژراو و بكوژ لە یەكتری جودا نەكەینەوە، ڕەنگێكی خۆڵەمێشی كوژرا و قوربانی لە خۆڵەمێشی بكوژ و جەلاد جودا نەكەینەوە، باڵندەی ئەشك و فرمێسك بۆ مردووەكان نادات لە شەقەی باڵ. بە مانای تاوەكو مێژووی بكوژەكان و كوژراوەكان یەكلایی نەكەینەوە شیعر لە شەقەی باڵ نادات، شیعر ناگەشێتەوە و هیگڵ گوتەنی؛ خواەندی حیكمەت مینیرڤا لە شەقەی باڵ نادات. بەمجۆرە باڵندەیەك هەیە لە خۆڵەمێشی شیعری مۆدێرنی كوردییەوە دەیەوێت لە نهێنی خۆڵەمێشی دنیا نێزیك بێتەوە. ئاوەهاش باڵندەكانی ئیسماعیل خەیات ئەو باڵندانەن لەنێو خۆڵەمێشیدا نمایشی خۆیان دەكەن، بە خۆیان و باڵیانەوە كە لە ڕەنگی ڕەساسی و بۆر و ڕەشی كاڵدا نقوم بوون؛ فیگورەكانیان خاوەنی هێڵی پێرفێكت نین، بەڵكوو هێڵە دەركییەكانیان لە نێوان ڕەش و بۆر و ڕەساسیدا تواونەتەوە و گوزارش لە جیهانی باڵندەكان، لە جیهانێكدا باڵندەی قبوڵ نییە.

