رۆژنامەی ھەولێر

بەیان بۆمبا، بەنیازی درامای نوێیە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

 

خانمە هونەرمەندی ناسراوی کورد (بەیان بۆمبا)، نیگەرانە لەوەی زوو زوو هەواڵی مردنی لە میدیاكانەوە بڵاودەكرێتەوە و دەڵێت، بەنیازی كاری نوێی درامایە، بەڵام پێویستی بە سپۆنسەرە.

لەم ماوەیەی رابردوودا جارێكی دیكە لە میدیا و سۆشیاڵ میدیاوە، هەواڵی كۆچی هونەرمەند بەیان بۆمبا بڵاوكرایەوە، ئەوەش بەتەواوی ئەو هونەرمەندەی دڵتەنگ كردووە، لەو بارەیەوە بەیان بۆمبا بە (هەولێر)ی راگەیاند “لەم چەند رۆژەی رابردوو رۆژێك لە ماڵەوە بووم پەیوەندییان پێوەكردم وتیان هەواڵی مردنت بڵاوكراوەتەوە، لەڕاستیدا ئەوە پێنجەمین جار بوو ئەو هەواڵە بڵاوبكەنەوە، نازانم هەندێك لەو میدیا و سۆشیاڵ میدیایانە چ سوودێك لە مردنم دەبینن”.
بۆمبا وتی “لایك و كۆمێنتی فەیسبووك ئەوە ناهێنێت ئەو هەواڵانە بڵاوبكەنەوە، چونكە ئێمەش كەسوكار و هاوڕێمان هەیە و بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی مردنمان باری دەروونیان تێك دەچێت، بەڵام ئەوانەی ئەو هەواڵانە بڵاودەكەنەوە رۆشنبیر نین، بەڵكو خۆیان دەنوێنن، پێشتریش هەواڵی مردنی هونەرمەندانی دیكەیان بڵاوكردۆتەوە، ئێمە موڵكی میللەتین، بەڵام بە بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵانە خەڵك دڵتەنگ دەبن”.
لە سەرەتای ئەمساڵ هونەرمەند بەیان بۆمبا، لە پیشەی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی خانەنشین بوو، لەو بارەیەوە وتی “ئێستا كە خانەنشینم خۆشترە، چونكە خانەنشینی مانای پیربوون نییە و كارێكی قورس نییە، بەڵكو هەست دەكەم بۆ كاری هونەری ئازادترم، جگە لەوەش ئێستا خەریكی وەرزش و مەلەكردنم بۆ ئەوەی لەڕووی تەندروستییەوە باشتر بم”.
سەبارەت بە نوێترین كاری هونەریشی، ئەو هونەرمەندە روونیكردەوە “بە هەوادارانم دەڵێم، بەنیازی درامای نوێم لە بەرهەمهێنانی ناوەندی هونەری (زەنێ)، بەڵام بەدوای سپۆنسەردا دەگەڕێم”.