ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
بەڵگەفیلمی بابە نوئێل لە شاری میلان لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایش كرا و دەرهێنەرەكەشی خەڵاتی باشترین دەرهێنەری پێ بەخشرا.
فێستیڤاڵی (vertigo film festival) كە فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتییە و لە شاری میلان لە ئیتاڵیا بەڕێوە دەچێت لە شەشەم خولیدا بانگهێشتی فیلمی بەڵگەنامەیی بابە نوئێلیان كرد لە دەرهێنانی رێكەوت حەمە تۆفێق .
فێستیڤاڵەكە ساڵانە لە سێهەم رۆژی مانگی تەمموز دەست پێ دەكات و چوار رۆژ دەخایەنێت.
زیاتر لە ٥٠ فیلم لە فیلمە هەڵبژێردراوەكان لە فێستیڤاڵەكەدا لە ماوەی ئەو چوار رۆژەدا نمایش كران؛ لە ناویاندا رێكەوت حەمە تۆفێق وەك دەرهێنەری فیلمی بەڵگەنامەیی بابە نوئێل خەڵاتی باشترین دەرهێنەری فێستیڤاڵەكەی بەدەست هێنا.
بەڵگەفیلمی بابە نوئێل بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی/ بەشی هونەری سینەمایە.

