رۆژنامەی ھەولێر

نزیكەی هەزار فیلم پێشكەشی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی كراون

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكی خوولی پێنجەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی چڕبوونەتەوە و وادەی دەستپێكی فێستیڤاڵەكەش ئاشكرا كرا.

بڕیارە لە رۆژانی 1 تا 7ی 0مانگی 10ی ئەمساڵ خوولی پێنجەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی لە شاری سلێمانی بەرێوەبچێت، ئەم فێستیڤاڵە یەكەم خوول ساڵی 2016 دەستیپێكردووە و ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بوو، پاشان لە خوولەكانی داهاتوودا و تاوەكوو خوولی چوارەم، فێستیڤاڵەكە، بە بەشداریی هونەرمەندە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان ماوەی بەڕێوەچوونی چالاكییەكانی بۆ حەوت رۆژ درێژكردەوە..
دەستەی رێكخەرانی فێستیڤاڵی ئەمساڵ، سەرقاڵی هەڵبژاردنی ئەو بەرهەمانەن كە پێشكەشكراون بەمەبەستی بەشداریكردن لە پێشبڕكێی هەڵبژاردنی باشترینەكان، كە بە تێكڕای گشتی، لە 19 خەڵات پێكهاتوون.
فوئاد جەلال، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی بە (هەولێر)ی راگەیاند، تائێستا بە كۆی گشتی، بەنزیكەی هەزار و 300 فیلم پێشكەشكراون بۆ تێكڕای پۆلە سینەماییەكان، لەوانە، فیلمی درێژی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، كورتەفیلمی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، بەڵگەفیلمی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هاوتای پۆلی خەڵاتی گەنجان و لاوان، كە كۆی بەرهەمەكان تایبەتن بە باشووری كوردستان و تەمەنی بەرهەمهێنەرەكانیان لەنێوان 18 بۆ 25 ساڵدایە.
فوئاد جەلال روونیكردۆتەوە، لیژنەی یەكەمی فێستیڤاڵەكە، بەگوێرەی مەرج و یاساكان، بینەری بەرهەمەكان بوون و ئەوانەیان دیاریكردووە كە شیاون بۆ گەیشتن بە قۆناغی داهاتووی پاڵاوتن، هەڵبژاردنی تێكڕای بەرهەمەكانیش ماوەی یەك مانگ دەخایەنێت.
سەبارەت بە مەرجەكانیش، ناوبراو وتی “شیاویی بۆ نمایشكردن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی، ساڵی بەرهەمهاتنیان لەنێوان 2024 و 2025 بێت، تا وەكوو ئێستاژ نمایش نەكرابن، ماوەی كورتەفیلمەكان لە 25 خوولەك زیاتر نەبن، بەڵگەفیلم لە 48 خولەك زیاتر نەبێت و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەرز نەكرابێتنەوە و خاوەنی ژێرنووسی ئینگلیزی بن”.