رۆژنامەی ھەولێر

محەمەد یاسین واز لە موزیک دێنێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەندی موزیکژەن “محەمەد یاسین” ساڵانێکی زۆرە وەک کەمانچەژەنێکی جیهانی لە نێو گرووپە موزیکیەکاندا بەشداری لە کارە هونەرییەکانی هونەرمەندان دەکات، هەروەها یەکێکە لە موزیسیانە بەناوبانگەکانی کورد، کە توانیوویەتی سەرکردایەتی تیپێکی فراوانی موزیک بکات و ببێتە ڕابەری تیپە هونەرییەکان.

“محەمەد یاسین” دوای ئەو ساڵانەی خزمەتی هونەری کوردی کرد، ئێستا بەهۆی خراپی دۆخی دارایی کوردستان و ماندووبوونی خۆی وەک هونەرمەندێکی موزیکژەن، بڕیاریدا واز لە هونەرەکەی بێنێت، کە ئەمەش بە یەکێک لە بڕیارە قورسەکانی ژیانی خۆی دادەنێت، بەڵام پێیوایە دەبێت لەمەولا گرنگی بە ماڵ و ژیانی منداڵە چاوگەشەکانی بدات و ئەوەندەی تەمەن ماوە بۆ خۆشەویستی ئەوان تەرخانی بکات و بیر لەوەش بکاتەوە ڕێگەی غوربەت هەڵبژێرێت و کۆتا ڕۆژەکانی ژیان لەوێ تەواو بکات.