شیڤان شێرزاد – هەولێر
تیپی شانۆی پیرە مەگروون لە چوارچێوەی سێیەمین دیداری شانۆی ڕانیە، شانۆگەریی “بەرد” لە هۆڵی ڕۆشنبیری کرد.
ئەو شانۆگەرییە لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەند “ئومێد کەمال” و نواندنی هەریەک لە “گیڤارە جەبار، بێگەرد حەمە سەلیم، هاوکار کەمال”ـە و بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری ڕانیە و سەنتەری ڕۆشنبیری و هونەری شارەکە، کە سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە سپۆنسەری سەرەکی بەڕێوەچوونی سێیەمین دیداری شانۆی ئەو شارەن.
هونەرمەند “گیڤارا جەبار” وەک ئەکتەرێکی سەرەکی و بەشدار لە شانۆگەریی “بەرد” بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: ئەو بەرهەمه شانۆییە ئەزموونێکی نوێیه لە کارەکانی ئێمەی شانۆکاردا، چونکە گۆڕانکاری تەواو کراوە لە فۆڕمی شانۆیی ئێمەدا و دەمانەوێت ستایلێکی نوێ لە کارە شانۆییەکەمان لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی ئەو دیدارەدا نیشانی بینەر بدەین.
لە بارەی ناوەڕۆکی شانۆگەرییەکەشەوە دەڵێت: نامەوێت بچمە نێو ناوەڕۆکی کارەکەمان، بەڵام یەک دیالۆگ پێشکەش بە ئێوە کرا، کە دەبێت خوێنەر تێیبگات، ئەویش ئەوەیە، کە دەڵێم، ئێوارەیەک، کە ون بووم، بۆم مەگەڕێ.
بەیانییەک بە شوێن سۆراغی منەوە مەکەوە نەوەک خۆشت لەم جەنگەڵستانەدا ونبیت.

