ڕاشەنی شەوکۆ پڕۆگرامێکی تایبەت بوو بە پاراستنی فەرهەنگ و کولتوور و پەروەردە و زمان و دەستکەوتەکان.
ئەو پڕۆگرامە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژی بەردەوام بە بەشداری شاعیر و نووسەر و مامۆستایان زانکۆ و هونەرمەندان لە فلۆریا ستی پێشکەشکرا و تاوتۆیی چەندین بابەتی فەرهەنگی گرنگ و بەرز ڕاگرتنی هونەری کوردی و دەستگرتن بە وشە و خوێندنەوەی پەرتووکە فەرهەنگیەکان و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی شاعیران بوو، کە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو لە لایەن هونەرمەند “ئاگرین دلشاد” بە ئامادەبوونی سەدان کەسی ڕۆشنبیر و هونەرمەند و چالاکوان بەڕێوەچوو.
“هەولێر” لە دوا شەوی “ڕاشەنی شەوکۆ” ئامادەی بینی ئەو پڕۆگرامە بوو، کە گەنگەشەی چەندین بابەتی کولتووری و فەرهەنگی و هونەری و پەروەردەیی کرا و ڕا و سەرنجی شارەزایان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باشوور و باکوور وەرگیرا، کە چۆن بتوانن کار بکەن بۆ پاراستنی زمان، لە ئێستا و داهاتوودا، هەروەها چ میکانیزمێک بگرینەبەر بۆ پاراستنی گەنجینەی دەوڵەمەندی هونەری کوردی، کە ئێستا خەریکە بەرهەمە کوردیی و فۆلکۆرییەکان دەبردرێن و ئاماژە بە خاوەندارییەتی بەرهەمە کوردییەکان ناکرێت و هیچ سانسۆڕێکیش نیە بۆ ڕێگریی کردن لەم حاڵە نەخوازراوانەدا.
لە کۆتایی ئەم پڕۆگرامەشدا هەریەک لە هونەرمەندان “هێمن حوسێن” و “ئاگرین دلشاد” دوو بەرهەمی فۆلکۆر و پڕ لە ڕەسەنایەتی کوردییان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و دەیان وینەی یادگاریش لەگەڵ “تەڵعەت تاهیر”ـی شاعیر و هونەرمەند و ئەدیبانی بەشداربوو تۆمار کرا.

