محمد لادێ – ههولێر
زنجیرەی بەناوبانگی سکوید گەیم کە زنجیرەیەکی کۆریی تۆری نێتفلیکسە، تاوەکو ئێستا دوو وەرزی لێ پەخش کراوە و هەردوو وەرزەکەش لە پربینەرترین زنجیرەکانی تۆڕی نێتفلیکس بوون و لە سەرتاسەری جیهاندا بینەرێکی یەکجار زۆرییان هەبووە. بڕیاریشە لە ٢٧ی ئەم مانگەدا وەرزی سێیەم و کۆتایی زنجیرەکە بە ناونیشانی (ئامادەبە بۆ یاری کۆتایی) پەخش بکرێت.
هوانگ دۆنگ – هیوک، سینەماکاری کۆریای باشوور و دەرهێنەری زنجیرەی سکوید گەیم ڕایگەیاند کارکردن لەسەر زنجیرەکە زۆر سەختە و بەهۆی کارکردن لە زنجیرەکەد فشارێکی دەروونی و جەستەیی زۆری لەسەرە و ئەوەشی نەشاردەوە کە لەدوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی لە وەرزی یەکەم و دووەمی دراماکەدا بەدەستی هێنا، پارە پاڵنەرێکی گەورەبوو بۆ بەرهەمهێنانی بەشی سێیەمیزنجیرەکە.
لەم ڕۆژانەدا تۆڕی نێتفلیکس پۆستەرێکی نوێی وەرزی سێیەمی “Squid Game”ی بڵاو کردەوە کە بڕیارە لە ٢٧ی حوزەیراندا پەخش بکرێت و ئاماژە بەڕووبەڕووبوونەوەی چری نێوان “The front man” و یاریزانی ژمارە ٤٥٦دەکات.
پێشتریش دەرهێنەری زنجیرەکە رایگەیاند، وێنەگرتنی وەرزی سێیەمی کۆتایی هاتووە و رووداوەکان تاریکتر و خەمبارتر دەبن و زۆر جیاوازتر دەبێت لە وەرزەکانی پێشوو. ڕوونیشیکردەوە، “ئەم وەرزەی زنجیرەکە خراپەکاریی زیاتر لەخۆدەگرێت، بەو پێیەی رووداوەکان قووڵتر و هەستیارتر دەبنەوە”.
چیرۆکی سکوید گەیم باس لە بەشداری ٤٥٦ کەس لە یارییەکدا دەکات بۆ بردنەوەی ٣٨ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، بەڵام کاتێک لە یارییەکەدا بەشدار دەبن بۆیان دەردەکەوێت تەنیا یەک براوە هەیە و ئەوانی دیکە کەسیان بە زیندوویی نامێنێن.
چیرۆکی ئەم بەرهەمە لە یارییەکی منداڵانی کۆریایی وەرگیراوە و بە هەمان ناوی یارییەکە ناونراوە.
بڵاو بوونەوەی وەرزی سێیەم لەسەر ئەو بنەمایەیە کە وەرزی یەکەم و دووەمی زنجیرە کۆرییەکە لە تۆڕی نێتفلێکس سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکرد و وەرزی یەکەم پڕبینەرترین زنجیرەی نێتفلێکسە، لە کاتێکدا وەرزی دووەم بە کاتێکی کەم توانی بچێتە ریزبەندی سێیەمی پڕبینەرترین زنجیرەکانی نێتفلێکس. وەرزی سێیەمی زنجیرە دراماکەش کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا بڵاو بکرێتەوە چاوەڕواندەکرێت لە سەرتاسەری جیهاندا پێشوازییەکی زۆری لێبکرێت و دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبێت.