(ئەیوب عەلی) : بە تەواوی خۆم بۆ هونەر تەرخانكردووە.

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

هونەرمەند ئەیوب عەلی دەڵێت، لەئێستادا بە تەواوی خۆی بۆ هونەر تەرخان كردووە و دەیەوێت زیاتر لە هونەردا خۆی پێبگەیەنێت، ئاماژەی بەوەشكرد كە پێی خۆشە ئەو بەرهەمەی كە پێشتر بڕیار بوو لەگەڵ هونەرمەند زیاد ئەسعەد پێكەوە تۆماری بكەن، ئەو بەرهەمە بە ئەنجام بگەیەنن.

لەماوەی رابردوو هونەرمەند ئەیوب عەلی بۆ بەشداریكردن لە كۆنسێرتێك لە شاری هەولێر سەردانی كوردستانی كردەوە و لە دیدارێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (هەولێر) باسی نوێترین كارە هونەرییەكانی كرد كە یەكێكیان سرودێكە لەگەڵ هونەرمەند گارە سازكار.
هەولێر: هاتنەوەی ئەمجارەش بۆ كورکدستان بۆ چ مەبەستێك بوو؟
ئەیوب عەلی: مەبەستی سەرەكیم بەشداریكردن بوو لە كۆنسێرتێك لە شاری هەولێر.
هەولێر: ماوەیەكە خەریكی كاری هاوبەشی نێودەوڵەتیت لەدەرەوەی كوردستان، چۆنە بیرت لەو پڕۆژەیە كردۆتەوە؟
ئەیوب عەلی: راستی دەكەوێت بە جددی كار بۆ لۆبیكردن و پرۆمۆتكردنی موزیكی كوردی و ناساندنی جلی كوردی بە جیهان بكەم، ئەوەشم وەك هەوڵی تاكە كەسی خۆم كردووە، هەروەها لەگەڵ ژمارەیەك هونەرمەندی جیهانی سەرقاڵم و لە ئاهەنگ و كۆنسێرتەكانیش دەمەوێت بە جلی كوردی لەسەر ستەیج دەربكەوم، بۆ ئەوەی گوێگران ئەگەر لە گۆرانی كوردیش تێنەگەن، گوێ لە موزیكی كوردی بگرن.
هەولێر: پێشتر لەگەڵ هونەرمەند گارە سازكار، سروودی (كوردم)تان بڵاوكردەوە كە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، ئێستاش زۆربەی منداڵان دەیڵێنەوە، هەستت چۆنە ئەو سرودە بەو شێوەیە چۆتە نێو خەڵك؟
ئەیوب عەلی: جاران سروودی (خوایە وەتەن ئاواكەی)مان دەوت، بۆیە حەزم دەكرد سرودێكی لەو جۆرە دروست بكەمەوە، ئەو سرودەش حەزم كرد سادە بێت، بۆیە لەگەڵ هونەرمەندی بەتوانا گارە سازكار پێكەوە وتمان، بۆیە كاتێك دەبینم منداڵان دەیڵێنەوە، زۆر دڵخۆش دەبم.
هەولێر: ئەوەندەی تێبینی دەكرێت بەردەوام هەوڵ دەدەیت لەگەڵ پاراستنی یەكپارچەیی كوردستان، یەكگرتوویی هونەری كوردیش بپارێزیت؟
ئەیوب عەلی: ئەوە ئەركی سەرشانمانە تا ئەو رۆژەی وڵاتی كوردستان رادەگەیەنرێت هەوڵی بۆ بدەین، هەر بۆیە ئێستا بەرهەمێكی هاوشێوەی (كوردم)م هەیە لەگەڵ هونەرمەند گارە سازكار دەڵێینەوە و لە رۆژی ئاڵای كوردستان بڵاویدەكەینەوە، چوونكە دەبێت. هەموومان شانازی بە ئاڵا و كلتورمانەوە بكەین.
هەولێر: بڕیار بوو گۆرانییەك لە تێكست و میلۆدی هونەرمەندی بەتوانا زیاد ئەسعەد بڵێیتەوە، ئەوە بە كوێ گەیشت؟
ئەیوب عەلی: هونەرمەند و هاوڕێی ئازیزم زیاد ئەسعه دی زۆر خۆشەویست كاریگەری زۆری لەسەرم هەیە، بیرۆكەكە ئەوە بوو پێكەوە دوێتێك بكەین، لەبەر هەندێك مەسەلە پڕۆژەكە سەرینەگرت، پاشان لەبەرئەوەی خۆیشم تێكست دەنووسم وام لێهاتووە ناتوانم هیچ وەربگرم، لەبەرئەوەی كە وەرمگرت دەبێت تۆماری بكەم، بۆیە ئێستا پڕۆژەی زۆری خۆشم هەیە دەمەوێت تۆماریان بكەم.
ەولێر: پێشتر هونەرمەند زیاد ئەسعەد وتی، ئەیوب عەلی خاوەن دەنگێكە دەتوانێت بەشێوەیەكی زۆر پەروەردەی بكات؟
ئەیوب عەلی: یەكێك لەو پایە گەورانەی هونەر كە پشتی پێدەبەستم مامۆستا گۆران كامیلە رۆژانە شتی لێ فێر دەبم، دەمەوێت ئەوەش بڵێم وازم لە ژیانی تایبەتی خۆیشم هێناوە و خۆم بۆ هونەر تەرخان كردووە، كاتی خۆی گۆرانییەكم بڵاوكردەوە دواتر كاك زیاد ئەسعەد وتی هەست دەكەم گۆڕانكاری لە دەنگ و ئەدات هەیە، ئەوە بووە هاندانێكی زۆر باش بۆم، ئێستاش هیوادارم بەرهەمە دوێتەكە پێكەوە لەگەڵ كاك زیاد تۆمار بكەین.
هەولێر: كەواتە لێرەوە چی بە زیاد ئەسعەد دەڵێیت؟
ئەیوب عەلی: زیاد ئەسعەد یەكێكە لەو دەنگ و تێكست نووسینانەی سەرسامم پێی و هیوادارم دەربكەوێتەوە.
هەولێر: بۆچی درەنگ بەرهەم بڵاودەكەیتەوە؟
ئەیوب عەلی: بەڕاستی خۆم رەخنە لە خۆم دەگرم، بەرهەم هەیە تۆماریشم كردووە و ویستومە كلیپی بكەم رەتمگل كردۆتەوە، دەمەوێت زۆر گرنگی بە كوالێتی بدەم، هەندێجاریش زەمینە لەبار نییە بۆ بڵاوكردنەوەی بەرهەم.
ز: هونەرمەند چۆن بتوانێت بەرهەمێكی هەبێت بۆ چەندین نەوەی دیكە بمێنێتەوە؟
ئەیوب راستییەكەی ستایڵیک موزیك جیاوازە، راستە خۆم بە ئەرەبیسك ئیشم كردووە، بەڵام ئێستا بۆ فۆلكلۆر دەگەڕێم، پاشان راستگۆیی لە كاركردندا، هەندێك كاریگەری ژیانی خۆشم لەسەر بەرهەمەكان هەبووە، هەروەها موزیكی باش، هۆكارن بۆ مانەوەی گۆرانییەكی باش.