عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
هونەرمەند حەمید عوسمان، دوای ساڵێك دووركەوتنەوەی بۆ دەرەوەی وڵات، گەڕاوەتەوە كوردستان و بەنیازی چەند كارێكی هونەرییە كە دوو ئەلبوم و گۆرانییەكی تاكە.
هونەرمەند حەمید عوسمان، لە دیدارێكی (هەولێر)دا رایگەیاند، ئێستا دوو ئەلبومی ئامادەیە؛ یەكێكیان نوێكردنەوەی چەند بەرهەمێكی هونەرمەندی گەورە و كۆچكردووی كورد مامۆستا حەمەجەزایە؛ سەرەڕای ئەوە، پێشنیاری بەشداریكردن لە فیلم و درامایشیان بۆ كردووە، بەڵام هێشتا خۆی یەكلایی نەكردۆتەوە.
هەولێر: ماوەیەك دیار نەبوویت، لە كوێ بوویت؟
حەمید عوسمان: نزیكەی ساڵێك لە دەرەوەی وڵات بووم؛ ئێستا گەڕاومەتەوە و خەریكی دەستپێكردنەوەی كاری هونەریم.
هەولێر: كاری هونەریی نوێ چیت بەدەستەوەیە؟
حەمید عوسمان: دوو ئەلبومم تەواو بووە و خەریكی گۆرانییەكی تاكیشم كە لە هەموویان جیاوازترە، ئەلبومەكان بە دیجیتاڵی بڵاو دەكەمەوە، ئەلبومێكیشم بۆ هونەرمەند مامۆستا حەمەجەزا كردووە و رەزامەندی خانەوادە بەڕێزەكەیمان وەرگرتوە و بڵاوی دەكەمەوە.
هەولێر: دەڵێن بەشداریی فیلم و درامایش دەكەیت، ئەوە راستە؟
حەمید عوسمان: بۆ مانگی رەمەزانی ساڵی داهاتوو پێم وتراوە بۆ رۆڵبینین، بەڵام هێشتا بڕیارم نەداوە، بۆ فیلم و كورتەفیلمیش پێیان وتووم، بەڵام هێشتا خۆم یەكلایی نەكردۆتەوە.
هەولێر: بۆچی گۆرانیبێژەكان بەرەو كاری نواندن هەنگاو دەنێن؟
حەمید عوسمان: ئەوانە چەند گۆرانیبێژێكن، هۆكارەكەی ئەوەیە زۆركات داوامان لێ دەكرێت، ئەمەش شتێکی ئاساییە؛ لە كولتووری عەرەب و فارس و توركیشدا هەیە.
هەولێر: خەڵك پێیان خۆشە بێنە شەواهەنگەكانت، دەڵێن جۆش و خرۆشی زۆرە؟
حەمید عوسمان: لەبەرئەوەی بە كەموكوڕی گۆرانییان بۆ ناڵێم؛ هەمیشە گۆرانیی زیاتریشیان بۆ دەڵێم.
هەولێر: هەندێك لە گۆرانیبێژان لە یەك شەودا بۆ چەندین شوێن دەچن بۆ شەواهەنگ، تۆ بۆ چەند شوێن دەچیت؟
حەمید عوسمان: شەوێكی ئاسایی لە دوو شەواهەنگ زیاتر ناچم، ئەوەش هەندێجار روو دەدات، نەك هەموو كاتێك.