نمایشی فیلمی سینەمایی سێ گێلەکە لە سینەماکانی هەولێر بەردەوامە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

فیلمی سینەمایی “سێ گێلەکە” لەلایەن سینەمای هەولێر بەرهەم هێنراوە و ماوەی فیلمەکەش یەک سەعات و بیست و پێنچ خوولەکە و لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانیشەوە دەستی کردووە بە نمایشکردن و ڕۆژانەش لە کاتژمێر ١١ـی پێش نیوەڕۆ تاکوو ١٠ـی شەو ئەکتەرانی بەشداربوو لەپێشوازی میوانانی هۆڵەکانی ڕۆیاڵ مۆڵ هەولێردان.

بەپێی ڕاگەیێندراوێکی ناوەندی سینەمای هەولێر، کە بۆ کۆپیەکی بۆ “هەولێر” نێردراوە، تێیدا هاتووە: “سێ گێلەکە” باس لە سێ کەس دەکات، کە کاری بارهەڵگری و کرێ دەکەن، ڕۆژێکیان ئەو بارەی بە کرێ هەڵیان گرتووە بۆ ئەوەی بیگەیێنە شوێنی مەبەست، ڕێگە ون دەکەن.
خاوەن بارەکە یەکێک لەو سێ کەسە بە بارمتە دەگرێت و بڕیاری داوە تا گەڕاندنەوەی بارەکە ئازادی نەکات.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە: “فیلمەکە کۆمەڵێک دیمەنی کۆمێدی و چاوەڕواننەکراو دەخولقێنێت، کە لە فیلم و سینەمای کۆمێدی کوردی هاوشێوەی نەبووە. ئەگەر لە فیلمە کۆمێدییەکانی کوردی گفتوگۆ و گێڕانەوەی نووکتە ببێتە هۆی پێکەنین، لەم فیلمەدا بارودۆخ و ئەو هەڵومەرجەی “سێ گێلەکە” تووشی دەبن؛ مایەی پێکەنینن”. بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە لە کاتی مۆنتاژ و ئامادەکاری فیلمەکە ناچار بوون بەشێک لە دیمەنەکان کورت بکەنەوە یا خود لایان بدەن، لەبەر ئەوەی ترسی ئەوە هەبوو بینەر توانای پێکەنینی بەردەوامی و بێپچڕانی یەک کاژێر و نیوی نەبێت”.
سینەمای هەولێر، کە بەشێکی ناوەندی سینەمایی هەولێرە، لە 2023 دامەزرا و لە سێ بواری بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی درامی و بەڵگەفیلم، نمایشی فیلمی کوردی و بیانی هونەری و هەروەها فێرکردن و پەروەردەکردنی نەوەی داهاتووی سینەماکاری کورد کار دەکات. ئەو ناوەندە سینەمایی ساڵی 2024 فیلمی “نووقتەی 40″ـی بەرهەمهێنا و بە گوتەی بەرهەمهێنەرانی، توانی جەماوەری هەولێر بگەڕێنێتەوە سینەما و “70% ئەو هەزاران بینەرانەی هاتن و فیلمەکەیان لە سینەما بینی، جاری یەکەمیان بوو سەردانی سینەمایان بکەن”.ناوەندەکە ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە: “دامەزراندنی سینەما هەولێر و بەرهەمهێنانی فیلمی “نووقتەی چل” لە کاتێک دابوو کە ماوەی حەوت ساڵ بوو لە هەولێر هیچ فیلمێکی درێژی بەرهەم نەهاتبوو، بەڵام دوای ئەم خاڵە وەرچەرخانە تەلیسمەکە شکا و خۆشبەختانە ئێستا چەندین پڕۆژەی فیلم بەرهەمهاتووە و پڕۆژەی دیکەش لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان دان..