بەیان زەریفی، هونەرمەندە خۆشەویستەكەی منداڵان: منداڵ ئارامی پێبەخشیوم

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

هونەرمەند بەیان زەریفی، دوای 39 ساڵ خزمەتمكردن بە هونەر و بەتایبەتیش هونەری منداڵان، خانەنشین كرا، بەڵام ئێستاش دەڵێت، ئەو ئارامی و خۆشەویستییەی منداڵ پێی بەخشیوە “تایبەتە”.

هونەرمەند بەیان زەریفی، نزیكەی 39 ساڵە لە باخچەی ساوایان خزمەتی منداڵانی كردووە، هاوكات لە بواری هونەریشدا جگە لە بەشداریكردن لە فیلم و دراما، خزمەتێكی زۆریشی بە هونەری منداڵان كرد، بەڵام ئەمساڵ لە ئەركی وەزیفی، خانەنشین كرا و هەفتەی رابردووش مەراسیمێكیان بۆ سازكردن.
بەیان زەریفی بە هەولێری راگەیاند “خانەنشینبوونمان ئیتر تەمەنە، بەڵام قەت نەموتووە پیرم، هەر بە گەنجیش دەمێنمەوە و دەمەوێت خزمەت بكەم”، سەبارەت بە ژیانی داهاتووی، وتی “دەمەوێت لە ماڵەوە كەمێك پشوو بدەم، جیاوازییەكەش تەنها ئەوەیە ناچمە فەرمانگە و دەوام، حەز دەكەم هەفتانە دوو رۆژ لە ماڵەوە بم، بەكەمێك پێكەنینەوە (بەڵام ئەوەش ناتوانم، بۆیە چوونە دەرەوەم لەگەڵ كەسوكار و هونەرمەندان زۆرە)”.
ئەم هونەرمەندە زۆربەی ژیانی لەگەڵ منداڵ بەڕێكردووە بەجۆرێك بەتەواوی هۆگریان بووە و دەڵێت “منداڵ زۆر هۆگرمە و لە خراپترین دۆخی خۆیشمدا بە پێكەنینەوە پێشوازیم لە منداڵ كردووە كە نەمویستووە وا دەربكەم كە دڵم تەنگە، دەمەوێت هەمیشە شاد بم لەگەڵ بینەر و منداڵەكان”، هەر دەربارەی ئەوەی منداڵ چی پێبەخشیوە، زەریفی وتی “منداڵ خۆشییان پێبەخشیم و خەمڕەوێنن، ئێستاش وا هەست دەكەم لە باخچەی ساوایانم”.
كاتێك لێی دەپرسیت بۆچی منداڵ ئەوەندە ئارامیت پێدەبەخشن؟، بەیان زەریفی دەڵێت “منداڵ تایبەتە و رۆحیان پاكە، ئەوەی منداڵ لێت تێدەگات، گەورە لێت تێناگات، هەرچەندە دایك و باوكم و جوانەمەرگی برام، ئارامی و خۆشەویستی و هێزیان پێبەخشیم”.