شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەند “بەهجەت یەحیا” دوا بە دوای بڵاوکردنەوەی بەرهەمێک بۆ تاڵە سپیەکانی ڕووخساری، کە دەنگدانەوەیەکی زۆری لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەبوو، ئەمجارەیان هونەرمەند بە بەرهەمێکی نوێ گەڕایەوە نێو هەوادارانی.
بەرهەمە نوێیەکەی ناوناوە “بەس نیە تۆ هەیت”، کە لە هۆنراوە و ئاوازی بەهجەت یەحیایە و موزیکی ئارام سەردار و وێنەگرتنی “سەید مەحموود”ـە و سالار فەرەج خۆشنووسی بەرهەمەکەیە.
هونەرمەند “بەهجەت یەحیا” سەبارەت بە لایەنە هونەریەکانی ئەم بەرهەمە نوێیە وەك تۆمارکردن و میکس و ماسترینگ و کلیپ کردن دەڵێت: لە ڤینۆ ستۆدیۆ بە سەرپەرشتیی هونەرمەند ئارام سەردار کاری بۆ کراوە، ئاوازی ئەم گۆرانیەش لەسەر مەقامی هومایۆن و ڕیتمەکەشی لە سەرەتای موزیکەکەوە بە دوو لەسەر چوار دەستپێدەکات و پاشان دەبێتەوە بە ڕیتمی گەڕیان، کە دەکاتە حەوت لەسەر هەشت، دەمەوێت لە ناخی دڵمەوە زۆر سوپاسی ئەم هونەرمەندە خۆشەویستانە بکەم، کە بە بەشداری کردنیان ئەم بەرهەمەیان جوان کردووە، ئەگەر گۆرانیەکە وەك باخچەیەك تەماشابکەین، ئەوا ئەم هونەرمەندانە گوڵەکانی ناو باخچەکەمانن:
“توانا خورشید، كاروانی نەی، شانیا عەلی، هێمن بەهزاد، ڕەهەند تەها، ڤارۆ عیرفان، ئارام سەردار”
ئەمەوێت لێرەرەوە پێیان بڵێم “بەس نیە ئێوەم هەن”.
ئەمەش دەقی پارچە هۆنراوەکەیە، کە هونەرمەند بۆ ئەو گۆرانیه نووسیوویەتی:
بەس نیە تۆ ھەیت ئەزیزم لەم ژینە تارە
بەخەسارچوون ئەو ڕۆژانەی پێش ئەم دیدارە
پێشتر ئەمن ڕێبوارێ بووم ماندوو و بێ توێشوو
بۆچی ماڵ بێت لەسەر تەمەن ساڵانی پێشوو
لەناو خۆمدا بەبێدەنگی پڕبووم لە ھاوار
تەنھا ناوی تۆم ئەھێنا، زویر و بێدار
تۆھاتیت و لەگەڵ ژیان ئاشتت کردمەوە
ھەرچی ئەزموونی تاڵ ھەیە بیرت بردمەوە
لەوساتەوەی تۆم ناسیوە دڵی خۆم ناسی
دەنا ئەم ھەژانی عەشقە ھەرنەبوو باسی
لەڕێی تۆوە تێگەیشتم ئەوین چەند بەرزە
ھەتاکوو گیان فەنا نەبێت ناگات بەو مەرزە
لەڕێی تۆوە بینیم جوانیی کۆتایی نایەت
تابیناییم بەسەرئەچێ و بینایی دایەت
لەگەڵما ڕێی عەشقت بڕی ئازا وبێ باك بوویت
لەم سەردەمە تاریکەدا ھەردەم ڕووناك بوویت.