خۆشمدەوێی

یەڵدا هەرکی

خۆشمدەوێی
وەک نەتەوەیەک
کە نیشتمانەکەی
نەک لە سەر نەخشە
بەڵکو لە ئێسکیدا هەڵدەگرێت…
خۆشمدەوێی
وەک ئەو باوکانەی
کە بەر لە نان
شەرەفیان هێنایە سەر سفرە…
خۆشویستنم
نە وەکو حاڵی پەشێوی بەغدایە
کە هەوساری داوەتە دەست پشیلەیەکی ڕەش
کە چنگی ناوەتە بینی بڕوای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە…
و نە زمانی کرێگرتووەکانە،
کە خەوی خۆشەویستیشیان
بە ڕاپۆرت دەدەنە بەغدا…
یا کەشی شار
کە بۆنی ئازادیی لێدێت
بەڵام هەناسەت سوار دەبێت
ئەوەندەی ئاسمانەکەی بە کرێی گیراوە!
نە ئەو شاعیرانەی
بەناوی ڕۆشنبیرەوە،
شەرەفی شیعریان فرۆشت ڕۆژانەدا فرۆشت،
و ئازادییان بە زنجیر بەستەوە
بە سەفسەتەی پووچەوە!
خۆشویستنی من،
هەڵۆیە
“وەک پێشەوایەکە
کە لە هەڵبژاردنیدا
ڕابردوو ژیوان نیە و
داهاتوو
شانازی بە خۆڕاگرییەوە دەکات
چونکە وەستان
هێشتاش
گەورەترین بەشی مێژووی ئێمەیە”…