شۆڕش غەفووری
كەمن ئەو كەسانەی كە لە هونەردا بتوانن ناوێكی نێودەوڵەتی و جیهانی بۆ خۆیان دەستەبەر بكەن، نەخاسمە لە نێو ئێمەی كورددا كە هەمیشە خۆپێگەیاندن قورس بووە، هەم لەبەر فەزای بەستراوی وڵاتان بە ڕووی كاری مەزن و هەم لە دروستنەبوونی فەرهەنگی ڕێزگرتنی هونەر لە نێو خۆمان.. بەڵام قەرەنی جەمیلی نیگاركێش ئەم سنوورانەی تێپەڕاند و بووە كەسایەتییەكی ناسراو و خۆشەویست.
دوێنێ سێشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2025، قەرەنی جەمیل، هونەرمەند و شێوەکاری بەناوبانگ، بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، کۆچی دوایی کرد. لێرەدا هەم ژیننامەكەی دەخەینە ڕوو و هەم داخداری بەشێك لە نووسەران و هونەرمەندان و ئەهلی قەڵەم نیشان دەدەین كە بەرامبەر بەم مەرگە ناوادەیە غەمبار بوون.
ژینامەی قەرەنی جەمیل:
قەرەنی جەمیل ساڵی 1954 لە شاری هەولێر لەدایک بووە. ساڵی 1977 بڕوانامەی دیبلۆمی لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی بەغدا بەدەست هێناو. لە ساڵی 1984، کۆرسی یەک ساڵەی لیتۆگرافی لە بەرشلۆنەی ئیسپانیا تەواو کردووە.
یەکەمین پێشانگەی تایبەتیی خۆی لە ساڵی 1977 لە هۆڵی قوتابخانەی ئەیوبیەی هەولێر کردووەتەوە، دووەمین پیشانگەی تایبەتیشی لە ساڵی 1985 و لە هۆڵی (پرات دی لوجانێر)ی بەرشلۆنەی ئیسپانیا بوو. سێیەمین پیشانگەی تایبەتیش لە ساڵی 1988 و لە شاری ئەلمونێیەری ئیسپانیا و چوارەم پێشانگەشی لە ساڵی 1991 و لە هۆڵی ئەلحەنەشی ڤالێنسیای ئیسپانیا بوو.
بە گشتی لە ساڵی 1972ی زایینییەوە تاوەكو ساڵی 2005، بەشداری زیاتر لە 30 پیشانگەی هاوبەش و تایبەت كردووە لە بەغدا، هەولێر، ئیتالیا، بەرشلۆنە، ئەلمونێیکەر، ڤالێنسیا، بڕۆکسل، کۆپنهاگن، هۆڵەندا، پۆڵۆنیا و چەند شارێکی دیکەی وڵاتانی جیهان.
هونەرەمەند قەرەنی جەمیل، كە كەسایەتییەكی زۆر خۆشەویست و بێدەنگی هەبوو، تابلۆکانی هەروەك خۆی، ڕەنگدانەوەی مێژوو، کولتوور و سروشتی کوردستانن بوون.
كێ بۆ مەرگی قەرەنی داخدارە؟
بە هۆی خۆشەویستی قەرەنی جەمیلی هونەرمەند، لە دوو شاری هەولێر، واتە لە ناوەندی یەكێتی نووسەرانی كورد ـ لقی هەولێر و لە بەردەم قەڵای هەولێر و تەنیشت چایخانەی مەچکۆ، یادی ئەمە هونەرمەندە كرایەوە و دەیان نووسەر و هونەرمەند و شاعیر و هاوڕێی قەرەنی، كۆ بوونەوە و ساتێك بێدەنگییان بۆ ڕۆحی گەورەی ئەم هونەرمەندە ڕاگەیاند و مۆمیان پێكرد و گوڵیان بە یادیەوە دانا.
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش بە دەیان كەس، پۆستی تایبەتیان لەسەر قەرەنی كرد كە لێرەدا ئاماژە بە هەندێكیان دەدەین:
حەمە هاشم شێوەكار وای نووسیوە: ڕۆژی ڕەشی ئێمە ئەمڕۆیە. هەر ئێستا بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشییەکی کوشندە، هونەرمەندی شێوەکار، مامۆستای گەورەمان (قەرەنی جەمیل)ـی مەزن ماڵئاوای لێ کردین.
مامۆستای ڕێبوار سیوەیلی لە واڵەكەی خۆی نووسینێكی بە ناوی (بێدەنگی و هونەر، بێدەنگیی هونەر) بڵاو کردووەتەوە دەربارەی قەرەنی جەمیل، كە لێرەدا ئاماژەی پێ دەكەین:
1. زۆر لەمێژ بوو دەمناسی و ئاشنای دوور و نزیكی كارەكانی بووم، بەڵام تەنیا لە دوای ساڵی دووهەزارەوە لە نیزیكەوە چاوم پێی كەوت: ئارام و بێدەنگ و سەنگین.
2. بێدەنگیی ئەو بە هیچ شێوەیەك بێدەنگیی هونەرەكەی نەبوو، بەڵكو بێدەنگییەكی گۆیا و واتادار بوو، كە خۆی نەدەكردە دەمڕاستی هونەرەكەی، هێندەی ئەوەی ئازادیی بە هونەرەكەی دەبەخشی تا خۆی گوزارش لە خۆی بكات.
3. لە ڕەنگ و فیگەر و پێكهاتە و هارمۆنیی و چنیندا، هونەری مامۆستاكەمان، هونەرێكی عاریفانە بوو، كە زۆرجار و بگرە هەمیشە بیدەنگیەكەی وەك خامۆشییەكی واتادار، گوزارشگەر و بەدەنگ دەخستە ڕوو. وەك ئەو بێدەنگییەی لە سارادا دەبوو هەموو دەنگێك خامۆش بێت، تا دەنگی ئەو ببیستین.
4. هونەری قەرەنی جەمیل پڕبوو لە خامۆشییەكی واتادار بەڵام بێدەنگ نا. ئەو توانیبووی هەموو كەف و كوڵی مرۆڤ بۆ قسەكردن و خۆدەربڕین و وشەئارایی و پەیڤەخەساری و ژاوەژاو، بسپێرێت بە خامۆشییەكی هونەری كە دەبوو دەنگی دڵ و تەوژمی خوێنتی لە نێو دەمارەكاندا بۆ ڕاگری، تا بتوانێت گوێ لەو خامۆشییە بگریت كە بە هەزار ئاواز دەهاتە گۆ.
5. لەسەردەمی ئێمەدا، كە هەمووشتێك خۆنومایشكردن و قسەكردن و لەوچەلەوچ و خەبەر و گرتەیە و بەهۆیەوە مرۆڤ كراوەتە: بوونەوەرێكی ژاوەژاوكەر، هەمووكەس ناتوانێت خامۆشێكی گۆیا بێت. قەرەنی جەمیل خۆی فڕێنەدایە نێو قووڕاوەكەوە، ئەو لەدەرەوەی ڕووبارە شێلووەكە مەلەی بوونناسانە و عاریفانە و داهێنەرانەی خۆی دەكرد.
6. بۆیە بێدەنگیی و خامۆشیی لە هونەری ئەودا بە واتای هونەرێكی بێدەنگ نییە. هونەری ئەو بۆ هەمیشە لەگەڵ مرۆڤ و ڕۆح و جیهاندا لە گفتوگۆدایە.
جولێت عەدنان فۆتۆگرافەر بڵاوی كردەوە: چیتر تابلۆ چۆڵ و خۆڵاوییەکان بە دەست و پەنجەی ئەو ناکێشرێت، چیتر فیگەرە تەنیا و سەگە تاقانەکان نابنە جێگەی پرسیار، چیتر تەپۆلکە و سەحرای ڕۆح نابنە جێگەی تێڕامان. ڕۆحت شاد مامۆستای هونەری شێوەکاری کوردی، بە ئارامی لە خاکی کوردستان بنوو، ئەو خاکەی بە درێژایی تەمەنی هونەریت بە سەرسامی وێنەت دەکێشا.
مامۆستا ئیسماعیل بەرزنجی بە شیعرێك یادی قەرەنی كردەوە و نووسی: پۆل ئیلوار، جوانی گوتووه (مردن هەمیشە ڕوخسارە جوانەکان بۆ خۆی دەبات ). برای ڕۆحیم: تۆ ڕێنماییت دەکردم، ئاگام لەخۆ بێت و زوو سەردانی دکتۆر بکەم، کەچی سڕەبڕیت کرد و بە پێش کەوتی، ئەمە یەکێک لە تابلۆکانتە کەبەر لە پەنجا ساڵ پێشکەشت کردم. مەحاڵە وازوو جێگەت پڕ بکرێتەوە، بنوو خەوی خێرت بێت داهێنەری گەورە.
دكتۆر هاشم ئەحمەدزادە، مامۆستای زانكۆ و توێژەر بۆ مەرگی قەرەنی نووسی: سیمایەکی هێمن، مرۆڤێکی خاکەڕا، پەڕەمووچێکی پەڕجوو، نیگارکێشێکی ئافرێنەر، هونەرمەندێکی جوان، کوردێکی خۆشفکر و ڕووناکبیر، ماڵاوایی لە ڕەنگ و هونەر و نیشتمان دەکات. ژیانئاوا هونەرمەند، یادت هەرمان کاک قەرەنی جەمیل.
موتەلیب عەبدوڵا نووسەر و توێژەر لەبارەی مەرگی قەرەنییەوە نووسی: هونەرمەندی کورد (قەرەنی جەمیل) ئەو کەسەی هەقیقەتی وەستاوی هونەری شێوەکاری بۆ هەقیقەتی مەعریفی گۆڕی و ڕووی کردە دنیابینی سەردەم و جیاوازی فیکر و جوانی، ئەو کەسەی چێژێکی دیکەی بە بینینی خەمە مرۆییەکان بەخشی ئەمڕۆ ماڵئاوایی لێکردین.
عادل زرار نیگاركێش، داخدار بوو بۆ مردنی قەرەنی و نووسی: قەرەنی جەمیل، ئەو هونەرمەندەی خاک بۆی نشتیمان بوو، ڕەنگ بۆی زمانی دڵ بوو. ئەمڕۆ بە یەکجاری ڕەنگی خاک و خۆڵ و بۆنی شەقام و گەڕەکەکانی هەولێر و قەلبی مێژوو و گەلەرییەکانی هونەری جێهێشت، بەڵام هەمیشە تابلۆکانی قسە دەکەن و ڕەنگە قاوەییە بێدەگەکانی هەزاران گوزارشت لە ناخی دەکەن، هەمیشە بە زیندوویی لە ناو دڵ و دەروونمان دەمێنیتەوە مامۆستا گیان.
سەروەر عەبدوڵا مامۆستای زانكۆ و نووسەر لەسەر قەرەنی جەمیل نووسی: ئەمڕۆ مەزنترین هونەرمەندی ئەم خاکە و گەورەی گەورە عاشقانی هونەر، بۆ هەتا هەتایە سەر ڕووی ئەم زەمینەی جێهێشت، هونەرەکەی قەرەنی بە درێژایی نیو سەدە وەک ئاقیقی شین و گەوهەری گەورە عاشقان، شێوەکاری لە نێو دەرەوشانەوەیدا درەوشاوەتر دەکرد. قەرەنی مەزن بەم ماڵئاواییەی و بەو خەونە مەزنانەی لە تابلۆکانیدا کردییە گەردانەی ملی هونەر، ئەوا بۆ هەتا هەتایە ئێمەی لە قەرزی جوانیی هێشتەوە. لێرەوە دیار دەبێت، گەورەترین سەرکەوتنی مرۆڤی شکۆمەند، ئەوەیە ئەم جیهانە جێبهێڵێت، کە ڕۆژانە جوانییەکانی لە مەرزی عاشقانەوە بچنە ژێر گڵ و جانەوەرەکانیشی بەسەریاندا گوزەر بکەن.
ئەحمەد نەبەز شێوەكاریش كە داخدار بوو بە مەرگی قەرەنی مەزن، نووسی: زۆر کەم لە مێژووی هونەریدا هونەرمەندێک هەڵدەکەوێت کە بەناوهێنانی، هەمووان بیری جوانی و داهێنان و مرۆڤدۆستییەکەی بکەن! بەتایبەتی لەناو قەومێکی خۆخۆری وەک کورد، بەڵام مامۆستا قەرەنی ئەو مرۆڤە جوانەیە هەمووان خۆشیان دەوێت! هونەر و کەسایەتییەکەی یەک لەیەک باڵاترن.
عەزیز پیرداوود شێوەكار لەبارەی مردنی قەرەنییەوە نووسی: ئەسەف خەمێکی گەورە لەدایک بوو. ڕەنگەکان تازیەبارن، تابلۆکان سینگ و بەرۆکیان دادڕیوە، ڕەنگە ئاوییەکان چاو بە فرمێسک مەلوول بەدیار کەڤاڵە بێنازکەوتووەکانەوە دانیشتوون . ئەمڕۆ هونەر گەڵاڕێزانی خەم دایگرتووە و شێوەکاران و چریکەی موزیک و سەدای شانۆ و دەنگ و ئاواز و دەقە ڕەسەنەکان هاتوونەتە مەیدان و هەموویان بە یەکەوە ڕەشیان پۆشیوە و پێکەنین و زەردەخەنەیان لە هەگبە دەرهێناوە و بۆ ئاوایی (کەسنازانێ) لە کوێیە ڕەوان کراوە. دەڵێن مەرگ برا گەورەیە، بەڵام ڕەزای قورسە! چوونت هەیەو هاتنەوەت نییە، ئێمەش تا ئەوکاتەی بە هەمان سەفەر بۆلات دەخزێین لەناو مەراقێکی گەورەدا خول دەخۆین .. بەڵام دڵنیابە هەمیشە لەیادو بیرەوەریمان دانابڕێیت.
باهۆز مستەفا چیرۆكنووس لەسەر گڵكۆی هونەرمەند قەرەنی جەمیل نووسی: لەگەڵ دوا تابلۆی قەرەنی جەمیل/ گەوهەرە ناوێزەکە/ هاوڕێی پڕ لە ئەتاکێتەکەم/ پۆشتە و قسە خۆش/ دەستڕەنگین بۆ کوێ؟ / من چی لە خۆڵ بکەم؟. هەروەها نووسی: قەرەنی جەمیل، هونەرمەندە خەیاڵییەکە، چاوە ناوازەکەی بۆ ڕەنگ و فۆڕم. تابلۆکانی چیرۆکێک دەگێڕنەوە، قووڵ و کاریگەرن، بیرکردنەوە ورووژێنەرن. دڵ و ڕۆحی خۆی دەخستە ناو هونەرەکەیەوە، بەهرەکەی ئیلهام بەخش بوو بۆ زۆر کەس.
نەزەند بەگیخانی بە شیعرێك یادی مامۆستا قەرەنی كردەوە و نووسی:
تۆ زیندوویت
بۆیە ناتخەمە ناو کرداری ڕابردوو
بۆ هاوڕێم قەرەنی جەمیل
تۆ هەوریت
لەناو دڵۆپی باران دادەباری
لەناو کلۆڤە بەفر سارد دەبییەوە
لەناو تەزرە چڕ دەبییەوە
لەناو هەڵم دەکرێیەوە
تیشک کۆت دەکاتەوە
با لە ئامێزت دەگرێ
ئینجا باڵ دەگری
دۆنا و دۆن دەبی
تۆ دەمری
بەڵام هەمیشە
لە یادەوریماندا دەدرەوشێیەوە
دڵشاد عەبدوڵا شاعیری دیاری كورد بۆ مەرگی قەرەنی جەمیلی هونەرمەند بە شیعرێك یادی كردەوە و نووسی:
تابلۆیهكی تهواو نهكراو
بۆ قەرەنی جەمیل لەسەر جێگای نەخۆشیدا
كهمێك پیری به منهوه دیاره
كهمێك نهخۆشی به تۆوه دیاره
به ههردووكمان وهك ژهنینی پارچه مۆسیقایهك له كۆتاییدا هێور دهبێتهوه
ههموو شتێك پێویستی به چهند ساتێكی هێمنه دوای ههر جووڵهیهكی
بۆ دهستپێكردنهوه.
كانفاس وهك برین له بهردهمتدا كراوهیه
ناتهوێ ئازاری بدهی بۆ ئهوهی نهكولێتهوه
كاغهزی سپی لهبهر دهممدا
ناوێرم لێی نزیك ببمهوه
له وشهیهكی ناخۆش دهترسم بخزێته ڕستهكانمهوه.
جێ شفرهی دهستت دهبینم بهسهر تابلۆوه پشیسوار
تێدهگهم گرفتێك له ههناسهتدایه نهك له هێزی دهربڕین
جێ پێیهكانت دهبینم شڵهژاو بهسهر قوماشی سپیهوه
تێدهگهم سهرهتای سهفهرته بۆ شوێنێك ترسی نهگهڕانهوه دایگرتووی.
چاو دهگێڕم له بهر دهمی خۆم
بۆ شتێك دهگهڕێم خۆمی پێوه خهریك بكهم
هونهری شیعر فریام دهكهوێ، دهگهڕێ بهدوای دهرماندا
له تاقیگهی كیمیاگهڕ و له دهرمانخانهی گهورهی خوادا.
جێ جهستهی شهكهت دهبینم بهسهر تابلۆی تهواو نهكراو
تێدهگهم خۆت خستۆته ناو ڕهنگهوه كه شفره دادی نهدا
وتت، با ڕهنگهكان زیندووبن له مندا
دڵگیر مهبه، من ههردووكتانم مهبهسته.
جێ ڕۆحت دهبینم وهك سـێبهر دهكشێ
بهو نیازهی تابلۆ تهواو نهكراوهكه لهگهڵ خۆی ببا
لهوێ بهبهر چاوی خوداوه تهواوی بكا
كهچی ئێمه حهز دهكهین لێره بهبهر چاوی دنیاوه تهواوی بكهی.
ستۆدیۆكهت چهند مانگه داخراوه
چۆلهكه فێربوون دهچنه ژوورهوه، كوكوختی ههروهها
دندووك له تیوپی سهر كراوه دهدهن
پشیلهیهكیش فێربووه زمانیان پێدا دێنێ تامیان خۆشه!
تیشكی خۆر ههموو بهیانییهك بهو پهڕی خۆشییهوه لهو شوێنه دهچهمێتهوه
كه تۆ تێیدا دهنووشتایهوه سهر تابلۆ،
ئهو شوێنهت ماچ دهكرد کە له چاوی كچهكهت دهچێ.
كاتێكیش ئێواره كه دهگهڕێتهوه ڕهنگێكی تۆش لهگهڵ خۆی دهبا بۆ ئاسمان
ناوی ناوه ڕهنگی حهفتهم!
چۆلهكه ههر زوو دهیناسنهوه، ههروهها كوكوختی و پشیلهكه
ئیفادهیان لهسهر كاغهزی بهردهمم دهنووسمهوه.
شوێنێكی بهتاڵ ماوهتهوه لهناو ئهلبوومی تابلۆكان شوێنی ئهو ڕهنگهیه
خۆر بۆ ههموو شوێنێك دهیبا
لهوم بیستووه كوێریش تهماشای بكا چاك دهبێتهوه.
چی تر بنووسم ئهی جمكی شیعرم ئهی هاوڕێم!
زانا خەلیل شاعیریش، بە شیعرێك بە ناونیشانی (پێکەوە گەیشتینەوە هەولێر) كە لە ساڵی 2005 نووسیویەتی، یادی قەرەنی هونەرمەندی كردەوە و نووسی:
ئەو دوای چل ساڵ ئاوارەیی
لە ئیتاڵیا و ئیسپانیا و هۆڵەندا
گەڕایەوە هەولێر و
منیش دوای دە ساڵ لە ئەڵمانیاوە.
ئەوکات پرسیم: قەرەنی
ڕەگەزنامەیەکی ئەوروپیت نییە؟
گوتی: نا، من لە تەیراوە لەدایک بووم
هەر لە هەولێریش دەژیم و دەمرم.
زەمەن هات و چوو
قەرەنی نەخۆش کەوت
دەڵێن عیلاجی تەنیا لە ئەمەریکا هەیە.
ئێستا لێم پرسی: قەرەنی
ڕەگەزنامەیەکی ئەوروپیت نییە؟
دەڵێ: حەزم دەکرد هەمبووایە
چونکە دەڵێن:
عیلاجم تەنیا لە ئەمەریکا هەیە.
ڕۆحم قەرەنی، من دەڵێم:
کەس هیچی کەس نییە لەو دنیایە
خۆت نەبی، تەنیا و تەنیا تۆ کەسی خۆتی.
بۆیە بریا
ڕەگەزنامەیەکی ئەورورپیت هەبووایە
تا ئێستا لە ئەمەریکا خۆتت عیلاج بکردایە.
كەریم دەشتی شاعیری دیاری كوردیش لەبارەی مەرگی قەرەنی جەمیلەوە نووسی:
ئێستا لە کوێی
لە ئەندێشە و خەیاڵی کام تابلۆی
بۆ کوێ دەچم تۆ هەر لەوێی
وەک ئاقیق دەدرەوشێیتەوە
دەچمەوە سەردەمی مناڵی
ئاقارەکانمان تەی دەکرد
تۆ هەر لەوێی
دەچمەوە قاوەخانەکەی قەیسەری
تۆ هەر لەوێی
وەک نوورێ دەبریسکێیتەوە
کە دەچمەوە بەر دەرگای
قوتابخانەی برایی
تۆ هەر لەوێی
وەک ڕەنگی ناو تابلۆی گریکی
دەشەکێیتەوە
بەناو کۆڵانەکانی تەیراوەدا دەگەڕێم
تۆ هەر لەوێی
رێم دەکەوێتە هۆڵی ئەیوبییە
هێلانەی یەکەم پیشانگا
ئێستاش لەوێی
وەک پشکۆ دەگەشێیتەوە
بەسەر مێزەکەی گەلەری مێرگ کۆمبیتەرەکەم دەکەمەوە
تۆ لەناو هەموو وێنەکانی
سپێدان کە دەچمە قاوەخانەکەی بەربارا ی پارک ڤیو
تۆ بەر لەمن
قاوەکەت فڕ کردووەو
تووتنە کوبییەکت داگیرساندووە
سەیری تابلۆکانی میدیا دەکەم
تۆ لە نێو هەموو تابلۆکانی
زۆر جار دەچمەوە ئەو مێزەی دووقۆڵی شەوگارمان بەرێدەکرد
دیسانەوە تۆ هەر لەوێی
تۆ وەک باڵندەی رۆژ و شەوێی
هەرگیز لە فڕین ناکەوێی
هەمیشە لەناو چاومای
هەرگیز لەمن دانابڕێی
تۆ لە دڵمای
لە هەموو ژوورەکانی یادەوەریمای
لەنێو رەفەی کتێبەکانمای
لە نێو دێڕ دێڕی شیعرەکانمای
لە خوێنمای
قەرەنی وای قەرەنی
بۆ هەرشوێنێ بچم تۆ لەگەڵمای
ئێستا لە کوێی