زمناکۆ هیدایەت: “حەز و خوولیای منداڵیم پەلکێشی کردم خۆم لە دنیای ڕەنگ و ئاواز و هێل و جووڵەی جەستەیی و سامبای هونەری حەوتەمدا ببینمەوە”

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

ئێوارەیەک لە ژوانێکی هونەری دا چایەکی تاڵمان لەگەڵ هونەرمەندێکی ڕۆحسووک و شیریندا خواردەوە، کە ئەوکات سەرقاڵی جێبەجێکردنی کارە تەکنیکیەکانی فیلمێکی مێژوویی بوو، کە خۆی دەرهێنانیم بۆی کردووە. هونەرمەندی فیلمساز “زمناکۆ هیدایەت” پڕژایە نێو گێڕانەوەی چیرۆکی لەدایکبوونی بەرهەمە نوێیەکەی کە گێڕانەوەی مێژوویی چوارسەد ساڵە و تا ئێستاش هیچ لایەن و دەزگایەکی هونەری سەپۆرتی کارەکانی ئەو هونەرمەندەی نەکردووە، کە خاوەن گەنجینەیەکی دەوڵەمەندە لە داهێنانی هونەری سینەمادا.

ناوەڕۆکی ئەو فیلمە سینەماییە باس لە چی دەکات و چەند ئەکتەر تێیدا بەشدارن؟
فیلمی سینەمای میرنیشن مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش چوارسەت ساڵ لەمەوبەر و باس لە شەڕی سەفەویەکان و میرنیشنی زەنگەنە دەکات و زیاتر لە هەزار کارەکەتر ڕۆڵی تێدا دەگێڕن.
کارکردن لە فیلمە مێژووییەکاندا سەخترنیە لەوەی کار بۆ فیلمێکی ئەکشت بکەیت؟
تا بڵێیت قورس و دژوارە، چونکە کاری مێژوویی دەبێت بە وریایی کار بکەیت بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکەی و لە هیچ قۆناغێکدا ڕووداوەکان لەبیر نەکرێت، تەنانەت لە ڕووی دیزاینیش دەبێت وردزیت لە هەڵبژاردنی جل و بەرگەکانی ئەو سەردەمە.
تا ئێستا خاوەن چەند بەرهەمی سینەماییت و بەشداریتان هەبووە لە فێستیڤاڵەکان؟
وەک فیلمسازێک تا ئێستا ڕۆڵم لە چوار فیلمی سینەمایی کورت و درێژدا بینیووە و بەشداری چەند فێستیڤاڵێکی نێوخۆییشم کردووە و خاوەن چوار کورتە فیلمیشم.
لە چ وێستگەیەکی ژیانی هونەریتدا هەستت بە سەرکەوتنی خۆت کردووە؟
پێموایە لە گشت وێستگە هونەرییەکانمدا سەرکەوتووبوومە و لە هیچ یەک لە ڕۆڵەکانم و بەرهەمەکانم پەشیمان نیم.
کێ لە پشت سەرکەوتنی کارەکانی تۆیە؟
زۆربەی سەرکەوتنەکانم بۆ ڕۆڵی بەرچاوی کارەکتەرەکانم دەگەڕێنمەوە، کە ماندووبوونی ئەوان هەوڵێک بووە بۆ سەرکەوتنی بەرهەمەکان، لە پاڵ ئەوانیشدا هاوژینەکەم کلیلی سەرکەوتنی منە، چوونکە هاوکاری و پشتیوانێکی باشی کردووم تا بتوانم بگەمە خاڵی سەرکەوتن.
هونەری نواندن و ڕەنگ، چ مانایەک بە ژیانی تۆ دەبەخشێت؟
هەموو مانایەکی جوانیی لە هونەردا کۆبووەتەوە و بۆ هەمیشەش بە گەنجی دەمێنیتەوە، چوونکە ویژدان ئاسوودە دەکات، کاتێک خزمەتێکی بچووک پێشکەش بە میللەتەکەت دەکەیت.
بۆچی هونەری حەوتەم بوو بە ناونیشانی تۆ؟
حەز و خق،گوولیای منداڵیم پەلکێشی کردم خۆم لە دنیای ڕەنگ و ئاواز و هێل و جووڵەی جەستەیی و سامبای هونەری حەوتەمدا ببینمەوە.
بە ڕۆڵی کام دەرهێنەر و ئەکتەری سینەما و شانۆی کوردی سەرسامیت و حەز دەکەیت کاریان لەگەڵ بکەیت؟
دەرهێنەری کۆچکردوو “حوسێن میسری” کاریگەریی زۆری بەسەر ژیانی هونەریمەوە دروستکرد، کاتێک لە درامای نیشتمان ڕۆڵی سەرەکی پێدام، هەروەها دەرهێنەرانی کورد “حەسەن عەلی و نزار مامە” قوتابخانەیەکی گەورەن بۆ وەرگرتنی زانیاری و تاقیکردنەوەی ئەزموونێکی نوێ لە هونەری نواندن و سینەمادا.
هەروەها دەمەوێت ئەوە بڵێم زۆر سەرسامم بە ڕۆڵەکانی هونەرمەند بەکر مستەفا.