ئەمرۆ سێشەممە، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم و ئاریان صلاح الدین، بریکارى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و فەرهەنگ غەفور، بەڕێوەبەرى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەر و ژمارەیەکى تر لە هونەرمەندان و نووسەر وشاعیران و هاوڕێیان و دۆست و کەس و کار و خانەوادەکەى، لە گۆڕستانى شێخ ئەحمەد لە شارى هەولێر، تەرمى هونەرمەندی شێوەکارى ناسراو و دیارى کوردستان و شارى هەولێر “قەرەنى جەمیل” بەخاکسپێردرا.
هونەرمەند قەرەنى جەمیل، ناوێكی دیاری هونەری کوردییە و نزیکەى نیو سەدە خزمەتى بە هونەرى شێوەکارى کوردى کردووە، لە ساڵى 1954 لە شاری هەولێر لە دایكبووە، لە ساڵی 1977 بڕوانامەی دیبلۆمی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا بەدەستهێناوە، ساڵی 1984 کۆرسی یەک ساڵەی (لیتۆگراف)ی لە ئیسپانیا تەواوکردووە، یەکەمین پیشانگای تایبەتیی خۆی لە ساڵی 1977 لە هۆڵی (ئەیوبیە)ی شاری هەولێر کردووەتەوە و بەشداریی زیاتر لە (40) پیشانگای هاوبەشدا کردووە لە (بەغدا، هەولێر، ئیتاڵیا، بەرشلۆنە، ئەلمونێیکەر، ڤالێنسیا، بڕۆکسل، کۆپنهاگن، هۆڵندە و پۆڵنیا).