سلێمانی؛ لادانی پەردە لەسەر پەیكەری شاعیری چەوساوەكان (قانع)

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

لە بەردەم باخی گشتی سلێمانی لە رێوڕەسیمێكی شایستەدا بە ئامادەبوونی كەسوكاری و ژمارەیەك لە هونەرمەندان، پەردە لەسەر پەیكەری شاعیری چەوساوەكان (قانع) لا درا، ئەم پەیكەرە لەسەر بودجەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێم و بە دەستی پەیكەرساز چێنەر نزار دروست كراوە.

لەو بارەیەوە هونەرمەند چێنەر نزار بە (هەولێر)ی راگەیاند، دڵخۆشە كە ئەو شانازییەی پێ دراوە وەك پەیكەرساز پەیكەر بۆ شاعیری گەورەی كورد قانع دروست بكات، بۆ ئەو مەبەستەش ماوەی چەند ساڵێكە كۆی كارە هونەرییە پەیكەرسازییەكانی كۆ كردۆتەوە لە چوارچێوەی زیندووكردنەوەی مێژووی كەساییەتیە دیارەكانی ناو مێژووی گەلی كورد.
هەروەها ئاماژەی بەوە كرد، قانع یەكێكە لە دیارترین و بەئەزموونترین شاعیرە دیارەكانی ناو مێژووی ئەدەبیاتی كوردی كە ناوەرۆكی شیعرەكانی لە چەند بابەتێكی جیاوازەوە سەرچاوەی گرتووە و دەستی باڵای لە ناوەرۆك و ڕوخساری شیعری كوردیدا هەبووە و بەردەوام لە خەمی گەلەكەیدا بووە و لە شیعرە نیشتمانپەروەرییەكانیدا ڕەنگی داوەتەوە، لە هەمان كاتیشدا لە ڕێگەی شیعرەكانی، داوای كردووە ژنان داكۆكی لە مافەكانیان بكەن.
هەر لەو بارەیەوە حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە ڕێوڕەسمەكەدا رایگەیاند “لە ڕیزی ژمارەی شاعیرانی كورددا، قانع، تەنیا ناوێك یان ژمارەیەك نیە، بەڵكو زۆر لەوە زیاترە، ئەو بەر لەوەی نوێنەرایەتیی دەستەبژێرێكی ئەدیب و شاعیر و ڕۆشنبیری كۆمەڵی كوردەواری بكات، نوێنەرایەتیی ویژدانی زیندووی كۆمەڵگەكەمان و هیواو ئاواتی ڕۆشنبیرانی نیشتمان دەكات و ڕەچەشكێنێكی سەرمەشق و كەسایەتییەكی بەرجەستەی نیشتمانی بوو”.
سەبارەت بە كەسێتیی قانعی شاعیر و پێگەی لە كایەی ڕۆشنبیری كوردیدا، حەمەی حەمەسەعید روونی كردەوە “ئەو ئەگەرچی بە سادەیی و بە ژیانێكی كولەمەرگی ژیا، بەڵام هیچ كاتێك لە پێناو دەستكەوتی مادیدا نەبووە شاعیری دەربار، ئەو وەك ڕەسوڵی هەمزەتۆڤ لە كتێبی “داغستانی من”دا دەڵێن: (شاعیر نابێ ببێتە سێبەری ڕۆژگار، پێویستە ئاگر و كانگای ڕووناكی بێت)، بە ڕاستی ڕووناكی بوو، هەرگیز خۆی نەدایە بەر سێبەری ڕۆژگار”.
دەربارەی كاریگەری و ڕۆڵی قانعی شاعیر لە پێشخستنی كاروانی ڕۆشنبیری كوردیدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان وتی “دەتوانم بڵێم، لە نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەمدا كۆی كایەی ڕۆشنبیری و گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵی كوردەواری و گەشەسەندنی بیری نەتەوەیی، قەرزاری ئەشعاری نەمری قانعن”.