ئاری ئاغۆک
کاتێ هەوڵ دەدرێ دەقێکی زیندووی نووسەرێک، لە ڕێگەی نمایشێکەوە هەر بە زیندوویی بمێنێتەوە، دەبێ ئەو کەسەی کار لەسەر دەرهێنان دەکات، ئەوا لە هەموو ڕەهەندێک شارەزا بێت و نهێنیەکانی ئەودیو خەیاڵ و بیرکردنەوەی نووسەر لە چوارچێوەی هونەریی فرەڕەهەند ئیشی لەسەر بکات، کە لە هەر گۆشەیەکدا مەبەست و پەیامێک بخاتە ڕوو، ڕەنگە ئەو پەیامە هەڵگری (چەمکی ئایینی بێت، یاخود ئینسانی، یا کۆمەڵایەتی و، هتد)، زۆر گرنگە دەرهێنەر بەو هێڵە گشتیەی نووسەر کار بکات کە لە دیدگای خۆیەوە پرس و بابەتێکی گرنگی واقیعی سەردەمی لە ڕێگەی نووسینەوە و ئاماژەی پێ کردووە.
یەکێک لەو دەقە پڕ بەهایانەی کە لە ماوەی ڕابردوو لە هەشتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ نمایش کرا، دەقی نووسەر (عەلی عەبادی) بوو بە ناونیشانی (گەرماوی ئافرەتان) لێرەدا هەوڵ دەدەین خوێندنەوەیەکی هونەری بۆ ئەم نمایشە بکەین.
• لەو ژیانە ساردەدا ئاوی گەرم نەماوە بۆ خۆشوشتن
کاتێ لە پشت هەر دیالۆگێک، کۆمەڵە ڕەهەندێکی مەعریفی و یاخی بوون بەدی دەکرێ، گرنگە ئەکتەر (وشە و ڕستەکان)ـی نێو دەق لەزارێکی هونەری پڕ ئیستاتیکی دەرببڕێ، بێگومان ئەم کارەش بۆ دەرهێنەر دەگەرێتەوە کە چ ئەکتەرێک هەڵدەبژێرێت و چۆن هەوڵی لەگەڵ دەدات، بۆیە لەو دەقەشدا نووسەر هەوڵی داوە، کە چەمک و مانای هەر وشە و ڕستە و دیالۆگێک لە چوارچێوەی دەقێکی زیندووی ئەدەبیەوە بگەیەنێت، لەوێوەش ئەکتەر بە توانا و هەوڵ و داهێنانی خۆیەوە بە ئاراستەی جووڵە و دەنگ و نواندن بیگەیەنێتە زەین و بیرکردنەوەی بینەر.
لە نمایشی (گەرماوی ئافرەتان)ـدا لە ڕێگەی چەند حیوارێک بەهەوڵ و تێگەیشتنی دەرهێنەرانی نمایش، وای لە کارەکتەرەکان کردوە، بایەخ و زیندوویەتی ڕەهەندی گفتوگۆکان بەجوانی و کاریگەرەوە دەرببڕن، لەوێوەش شۆڕ دەبێتەوە بۆ خەیاڵدانی بینەر، کە چەندین پرس و بابەت لەو نمایش و دەقەدا بەدی دەکرا، یەکێک لەو چەمکە فەلسەفی ئایدیانە بریتی بوو لە (چەمکی چەقۆ).
لێرەدا لە ڕێگەی چەقۆوە چەندین پرسیار و وەڵامی هەمەچەشن و وێنەی جیا جیا لە کاتی نمایش و دوای نمایش لە خەیاڵ و دیدگای بینەر دروست بوو، وەک (چەقۆی کوێر؛ ژمارەی چەقۆ؛ چەقۆ لەنێوانماندا سەما دەکات؛ مرۆڤ ناتوانێت سی چەقۆ لە ئاژەڵ بدات! کەچی ئەو بێویژدانانە ٣٠ چەقۆیان لە مرۆڤێک دا؛ ئێمە کەی ڕێک کەوتووین! تەنانەت لەسەر ئەو چەقۆیەش ڕێک نەکەوتووین کە کوڕەکەمی پێ کوژرا.)
بە لێکبەستانەوە و کۆکردنەوەی ئەو چەمک و حیوارانە، ئەوا ڕاستەوخۆ پەیامی (دەق و نمایش)مان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە بەداخەوە گەمەی چەقۆ، لەهەر گۆشەیەک دا ماناو مەدل و ڕەهەندێکی فرە واتای هەیە، بەڵام دواجار هەر چەقۆیە دەبێتە تایتلی کوشتن و مەرگی ئینسانەکان، بۆیە ئەو هەموو ئاماژەدانە بەچەقۆ، فۆرمی گشتی نمایشی نیشان هەموومان دەدات، کە هاڕمۆنیەتی ڕەنگی (سوور و ڕەش) لە نوکی چەقۆوە بەدی دەکرێت و پاشان زاڵ دەبێت بەسەر ڕەنگەکانی دیکە، بۆیە لەتابڵۆ گەورەکەدا هەموو ئاراستەکان بۆ ئەو دوو ڕەنگە یاخیە دەگەڕێنەوە، ئەوەتا لەنواندنی ئەکتەرەکان زۆر بەجوانی بەدی دەکرا. بۆیە لە چەندین دیالۆگی نێوان هەر سێ ئەکتەر بەتایبەت (دایکی کوژراو) هارمۆنیەتی ڕەنگ و زمانی چەقۆ زۆر بە توندی و لە کاتی دەربڕینی دیالۆگ و نمایش ئەوا شلەژانی دەروونی بەدی دەکرا، کە ئەو حالەتەش پێمان دەڵێت گێرانەوەی چیرۆکێکی کارەساتباری لەو چەشنە پێویستی بە دەربڕینێکی قووڵی هونەری هەیە کە دەرهێنەران مەبەستیان بووە و تاڕادەیەکی زۆر باشیش پەیامەکەیان گەیاندووە، نەک فڕێدانی حیوار و بەس، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە دەرهێنەران توانییان توانا و هەوڵی ئەکتەرەکانمان نیشان بدەن لە ڕێگەی جووڵە و دەنگ و نەکوشتنی هەر دیالۆگێک.
بۆیە کاتێ لەو ژیانە بێ مانایەدا، لە گەرماوێکی ساردی چەشنی زیندان، ئاوی گەرم نەمێنێ بۆ خۆشوشن، ئیدی ئینسانەکان چۆن خۆیان بشۆن و خۆیان پاکبکەنەوە لەو گوناهە سپیانەی کە بەزۆرە ملێ بەسەریان زاڵ دەبێت و خۆیان بە تاوانبارو گوناهبار لە قەڵەم بدەن! لە کاتێکدا خۆیان پاکن، ئەوەی پیس و قرێژی فکرییە، ئەو خاوەن چەقۆ و شمشێرە کوێرانەن کە بە درێژایی مێژوو بەشێک بوونە لە ناشیرینکردنی ئایین و بیروباوەڕە پاکەکان، کەچی ئەوان هەمووان بەیەک چاو سەیر دەکەن و تەنیا خۆیان ڕاست و پاک دەزانن!
ئەو دەربڕینانەی کە بەتۆمەتی ناڕەوا دروست دەبێت، بێگومان دواجار کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر کۆمەڵگەو ڕەوتی ژیان بە گشتی، بۆیە لە ڕێگەی گەرماوی ئافرەتانەوە، لە چەندین گۆشەوە تابڵۆی خەمگین و واقیعی ژیانمان بینی، کە لە هێڵی گشتی نمایش دا بەدی دەکرا، زۆر جار نمایشی ئەکتەر، بینەری لە فۆڕمی حەمام لا دەدا و دەیبردەوە دادگایەکی ناعادیلانە و هەر هەمان ئەکتەر زۆر بە جوانی و خێرایی و تەکنیکی ڕۆڵیان دەبینی، ئەمجارەیان لە ڕێگەی هەواڵ و دەنگ و باسەوە بێژەرێک پەیامەکەی دەگەیاند، جارێکی دیکە لەبەر قووڵیی (کوشتن و مەرگ) گەرماومان لەبیر دەچۆوە دەچوینە نێو هۆڵی پرسەو گریان، ئەمجارەیان دەگەڕاینەوە بۆ بینیی وێنە گەورەکە، کە بریتی بوو لە زیندانێکی دەرگاداخراو هەر کارەکتەرەو بەدوای کلیلێکدا دەگەڕا بۆ خۆدەربازکردن، یا خود هەڵاتنی ئەبەدی، ئەمانە هەمووی لە ڕێگەی گەمەی ئەکتەرەوە لەیەکەم ڕۆژی پرسەیەکی سارد لە فەزایەکی گەرمدا بینیمان، لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر پرسە بەردەوام بووایە و ڕۆژێک و دووان، ئایا چ گەمەیەکی هونەری و ڕۆڵگێڕانێکی قووڵترمان دەبینی؟ لەکاتێکدا لەیەکەم ڕۆژی پرسە (نە دراوسێیەک، نە ناسیاوێک، نە بینەرێک)، کەس نەهات بۆ پرسە، بەڵام ئەوان پرسەو ماتەمینی و حیکایەتی کوشتنی کوڕەکەیان بۆ بینەر گواستەوە، بۆیە لەو حاڵەتەدا بینەر بووە بەشێکی گرنگ و تەواوکاری پرسەکە، هەر یەکەو بە جۆرێک خۆی لەو پرسەو ماتەم و کوشتنە ناهەقە دەبینیەوە، کەدواجار هەموو مانا و مەدلوولەکان گەڕانەوەی دەروونی شلەژاوی دایکێکی جەرگ سوتاوبوو لەسەر تەرمێکی ساردی بێگوناح و بێتاوان.
*چاوەڕوانی تەکنیکی زیاتر لە دەرهێنەران
شانۆگەریی گەرماوی ئافرەتان، نووسینی: عەلی عەبادی، وەرگێڕانی: ئیدریس تاهیر، بەرجەستەکردنی: (شنیار محەمەد، زەینەب کاوە، کیمیا مەزرەنگ)، سینۆگرافیا و دەرهێنانی: (کرمانج مستەفا، مەهدی حەسەن)، بەرهەمی تیپی هونەری هەولێر لە ڕێکەوتی ٢١-٤-٢٠٢٥ لە کاتژمێر چوار و کاتژمێر پێنج، لە دوو کاتی یەک لە دوای یەک لە میانی هەشتەمین ڤیستیڤاڵی هەولێر بۆ شانۆ نمایش کرا.
ئەوەی ماوە بیڵێین خوێندنەوەیەکە بۆ کاری دەرهێنانی ئەم شانۆگەرییە.
(کرمانج مستەفا و مەهدی حەسەن)، دوو دەرهێنەری خاوەنئەزموونن لە بواری دەرهێنان کە کاری هونەری و دەرهێنانیان دەگەڕێتەوە بۆ ٣٠ ساڵ لەمەوبەر، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو هەر یەکەیان بە تەنیا یاخود بە هاوبەشی کاری هونەرییان ئەنجام دابێ، ئەوا دەنگدانەوە و جوانبینی و تەکنیکی هونەری لێ بەدی کراوە، دیارە ئەم بەرهەمەشیان وەک کاری دەرهێنان هاوبەش بووە، وێڕای دەستخۆشی بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان، بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش، ئەگەر یەکێکیان (کرمانج) یا (مەهدی) بەتەنیا کاری دەرهێنانی بۆ ئەم دەقە کردبا، ئایا چ جیاوازیەکی هونەری و تەکنیکی بەدی دەکرا؟ لەگەڵ ئەو بەرهەمەی کە بەیەکەوە ئەنجامیان داوە؟ ئایا ئەگەر یەکێکیان بەتەنیا کاری دەرهێنانی بۆ (گەرماوی ئافرەتان) ئەنجام دابوایە، هەمان ڕیتم و تەنکیک و هێڵی دەرهێنانمان نەدەبینی؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێین: لەبەر ئەوەی ئەم دوو هونەرمەندە ئەزموونی کارکردنیان بەیەکەوەیە و ڕوئیایان بۆ کاری شانۆ لەیەک نزیکە، بۆیە هیچ جیاوازیەکی ئەوتۆمان نەبینی لە تەکنیکی دەرهێنان و نمایش، دەکرا بەهۆی دوو عەقلی هونەریەوە، ئەوا زیاترتەکنیکی فراوانتر و جووڵە ی ئەکتەرو و ئیستاتیکیای سینۆگرافیا ببینین، بۆ ئەوەی (من)ـی بینەر چاوەڕوانی چێژی زیاتر و پەیامی هونەری و جووڵە ی هونەری زیاتر بام، ئەو بۆجوونەشم بەو مانایە نایەت کە لەو نمایشە بۆشایی هونەری، یاخود کەم و کوڕی بەدی کرابێ، بەڵام دووپاتی دەکەمەوە بۆ (من)ـی بینەر، گرنگ و باشتر بوو، بە دەوڵەمەنترکردنی زیاتری پەیامی هونەری و چنینەوەی دیمەنە یەک لەدوا یەکەکان داهێنانی زیاتر لەو دوو هونەرمەندە ببینم، دووبارە دەستیان خۆش و بە هیوای کارێکی ئاوا جوان و جیاواز.