(ماهیر حەسەن) لە دەرەوە كارەكانمان بە چاوی هونەرییەوە سەیر دەكرێن

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

هونەرمەندی بە ئەزمونی كورد ماهیر حەسەن كە مانگی رابردوو لە شاری تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامی ئێران خەڵات كرا، دەڵێت، تا نەچووەتە تاران نەیزانیوە خەڵات دەكرێت، بەڵام دڵخۆشە بەو خەڵاتە، چونكە كارەكانیان لەدەرەوە بە چاوی هونەرییەوە سەیر دەكرێن.

هونەرمەندی بەتوانای كورد ماهیر حەسەن هونەرمەندی بەتوانای كورد ماهیر حەسەن لە دیدارێكی (هەولێر)دا باسی كارە هونەرییەكانی داهاتووی دەكات.

هەولێر: ئەو خەڵاتەی لە شاری تارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەدەستت هێنا، چۆن بوو؟
ماهیر حەسەن: راستییەكەی كە رۆیشتم نەمزانی خەڵات بۆ منە تا نەچوومە تاران، بەڵام دڵم خەبەری دابوو، بۆیە جێی خۆشحاڵیم بوو لەگەڵ ژمارەیەك ئەكتەری فارس كاندیدكرابووم و توانیمان خەڵاتی باشترین ئەكتەر ببەینەوە، ئەوەی زیاتر جێی خۆشحاڵییە لەدەرەوە كارەكانمان بە چاوی هونەرییەوە سەیر دەكرێن.
هەولێر: لە كوردستان كێ پیرۆزبایی لێكردی؟
ماهیر حەسەن: كاك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هاوڕێ و برام ئەحمەد جۆڵا و مامۆستای گەورە ئەحمەد سالار لەگەڵ هاوڕێ و هونەرمەندانی دیكە..
هەولێر: با بزانین كاری نوێی هونەرییت چییە؟
ماهیر حەسەن: دراما و فیلم بەڕێوەیە، بەڵام كەوتۆتەوە سەر ئەوەی بودجەكەی بۆ دابین بكەین.
هەولێر: دەوترێت هەمیشە بودجەت بۆ دابین دەكرێت؟
ماهیر حەسەن: نەخێر وا نییە، لەسەر توانای خۆم كار دەكەم، ئەو فیلمەشی خەڵاتم لەسەر وەرگرتووە لەسەر توانای خۆم كردوومە، ئەگەر كەسی دیكەش هاوكارمان بووبن سوپاسیان دەكەین.
هەولێر: دەڵێن ئیشی شانۆییت لەبەردەستە؟
ماهیر حەسەن: بەڵێ راستە، بەڵام دەبێت كاتەكەی گونجاو بێت، چونكە شانۆ دەبێت زەمەنەكەی گونجاو بێت.
هەولێر: تاقەتی شانۆت ماوە؟
ماهیر حەسەن: بەڵێ،بێگومان، چونكە شانۆ دایكی هەموو هونەرەكانە.