مەنسوور جیهانی
براوه‌کانی حه‌فتاوهه‌شته‌مین خولی جەژنەفیلمە نێونەتەوەییەکەی “کان” ناسێندران و فیلمی سینەمایی “سووکەڕووداوێکی هاتوچۆ” له ده‌رهێنانی “جه‌عفه‌ر په‌ناهی” له ئێران، خه‌ڵاتی گرینگی “چڵه‌خورمای زێڕین”ـی باشترین فیلمی به‌ده‌ست هێنا.
ڕێوڕه‌سمی کۆتایی حه‌فتاوهه‌شته‌مین خولی جەژنەفیلمە نێونەتەوەییەکەی “کان” Cannes له هۆڵی سه‌ره‌کی “شانۆی لۆمیێر” Théâtre Lumière له بەندەری کان له باشووری وڵاتی فه‌ره‌نسا به‌ڕێوه چوو و براوه‌کانی به‌شی “پێشبڕکێی سه‌ره‌کی” ئه‌م ڕووداوه گرینگ و پله‌یه‌که‌ی سینه‌مای جیهان له لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م به‌شه‌وه ناسێندران و خه‌ڵاتی به‌شی جۆراوجۆریان به‌ده‌ست هێنا.
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “پێشبڕکێی سه‌ره‌کی”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “پێشبڕکێی سه‌ره‌کی” حه‌فتاوهه‌شته‌مین خولی جەژنەفیلمە نێونەتەوەییەکەی “کان” که بریتی بوون له: خاتوو “ژۆلیێت بینووش” Juliette Binoche ئه‌کته‌ری ناوداری سینه‌ما – سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران له وڵاتی فه‌ره‌نسا، خاتوو “هالی بێری” Halle Berry ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا، خاتوو “پایاڵ کاپادیا” Payal Kapadia ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له وڵاتی هیندستان، خاتوو “ئاڵبا رۆهرواچێر” Alba Rohrwacher ئه‌کته‌ر له وڵاتی ئیتالیا، خاتوو “له‌یلا سلیمانی” Leïla Slimani نووسه‌ری فه‌رەنسی – مه‌غریبی، “دیۆدو حه‌مادی” Dieudo Hamadi ده‌رهێنه‌ر، فیلمساز و به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی کۆنگۆ، “هونگ سانگسوو” Hong Sangsoo ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له وڵاتی کۆریا، “کارلۆس رێگاداس” Carlos Reygadas ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی مه‌کزیک و هه‌روه‌ها “جێرێمی سترۆنگ” Jeremy Strong ئه‌کته‌ر له وڵاتی ئه‌مه‌ریکاوە، ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:
خه‌ڵاتی “چڵه‌خورمای زێڕین”
خه‌ڵاتی “چڵه‌خورمای زێڕین” Palme d’Or باشترین فیلمی به‌شی “پێشبڕکێ سه‌ره‌کی”ـەکەی حه‌فتاوهه‌شته‌مین خولی جەژنەفیلمە نێونەتەوەییەکەی “کان” به فیلمی سینەمایی “سووکەڕووداوێکی هاتوچۆ” It Was Just an Accident له ده‌رهێنانی “جه‌عفه‌ر په‌ناهی” له وڵاتی ئێران به‌خشرا.
خه‌ڵاتی گه‌وره:
خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی GRAND PRIX لێژنه‌ی دادوه‌ران، که گرینگ‌ترین خه‌ڵاتی جەژنەفیلمە نێونەتەوەییەکەی “کان” دوای خه‌ڵاتی “چڵه‌خورمای زێڕین”ـه به فیلمی سینه‌مایی “بایخی سۆزداری” Sentimental Value له ده‌رهێنانی “یواخیم تریێر” Joachim Trier به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی نەرویج، فه‌ره‌نسا، دانیمارک و ئه‌ڵمانیا پێشکه‌ش کرا.
خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان:
خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان به “کلێبێر مێندۆنسا فیلهۆ” Kleber Mendonça Filho بۆ ده‌رهێنانی فیلمی سینه‌مایی “راسپێردراوی شاراوەکار” The Secret Agent به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی بەرازیل، فه‌ره‌نسا، هۆڵه‌ندا و ئه‌ڵمانیا به‌خشرا.
خه‌ڵاتی لێژنه‌ی دادوه‌ران:
خه‌ڵاتی لێژنه‌ی دادوه‌رانیش به هاوبه‌شی به فیلمی سینه‌مایی “سیڕات” Sirât له ده‌رهێنانی “ئۆلیڤێر لاکسه” Oliver Laxe به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی ئیسپانیا و فه‌ره‌نسا و هه‌روه‌ها به فیلمی سینه‌مایی “ده‌نگی ڕووخان” Sound of Falling له ده‌رهێنانی “ماشا سچیلینسکی” Mascha Schilinski له وڵاتی ئه‌ڵمانیا پێشکه‌ش کرا.
خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری ئافره‌ت:
خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری خانمی ئه‌م خوله‌ی فێستیڤاڵیش به خاتوو “نادیا مێلیتی” Nadia Melliti بۆ ڕۆڵبینین له فیلمی سینه‌مایی “خوشکه چکۆله‌کان” The Little Sister له ده‌رهێنانی “هه‌فسیه هرزی” Hafsia Herzi به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا به‌خشرا.
خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری پیاو:
“واگنێر مۆرا” Wagner Moura خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری پیاویی ئه‌م خوله‌ی فێستیڤاڵی بۆ ڕۆڵگێڕان له فیلمی سینه‌مایی “راسپێردراوی شاراوەکار” The Secret Agent له ده‌رهێنانی “کلێبێر مێندۆنسا فیلهۆ” Kleber Mendonça Filho به‌ده‌ست هێنا.
خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ:
خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ درایه برایانی “لۆک داردێن” Luc Dardenne و “ژان – پیێر داردێن” Jean-Pierre Dardenne بۆ نووسینی سیناریۆی فیلمی سینه‌مایی “دایکه گه‌نجه‌کان” Jeunes Mères به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی به‌لژیکا و فه‌ره‌نسا.
خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌ران:
خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌رانیش بەخشرایە فیلمی سینه‌مایی “قیامه‌ت” Resurrection له ده‌رهێنانی “بی گان” Bi Gan له وڵاتی چین.
خه‌ڵاتی “چڵه‌خورمای زێڕین”ـی باشترین کورتەفیلم:
خه‌ڵاتی “چڵه‌خورمای زێڕین” Palme d’Or به کورتەفیلمی “که‌یفخۆشم که ئێستا تۆ مردووی” I’m Glad You’re Dead Now له ده‌رهێنانی “تۆفیق به‌رهوم” Tawfeek Barhom به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی ئه‌ڵمانیا، فه‌ڵه‌ستین، فه‌ره‌نسا و یۆنان پێشکه‌ش کرا.
هه‌ر له‌م به‌شه‌دا، هه‌روه‌ها کورتەفیلمی “عه‌لی” Ali له ده‌رهێنانی “عه‌دنان ره‌جیف” Adnan Al Rajeev به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی به‌نگلادیش و فیلیپین، ڕێزی لێ گیرا.
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی خه‌ڵاتی “کامێرای زێڕین”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی خه‌ڵاتی “کامێرای زێڕین” له حه‌فتاوهه‌شته‌مین خولی جەژنەفیلمە نێونەتەوەییەکەی “کان” که بریتی بوون له: خاتوو “ئالیس رورواچێر” Alice Rohrwacher ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس – سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران له وڵاتی ئیتالیا، خاتوو “پاسکال مارین” Pascale Marin به‌ڕێوه‌به‌ریی وێنه‌گرتن له وڵاتی فه‌ره‌نسا، “توماسو ڤێرگالو” Tommaso Vergallo له وڵاتی فه‌ره‌نسا، “فرێدریک مێرسیه” Frédéric MERCIER ڕخنه‌گری فیلم له وڵاتی فه‌ره‌نسا، “ره‌شید حامی” Rachid Hami سیناریۆنووس و ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی فه‌ره‌نسا و هه‌روه‌ها “جێراله‌دین ناکاچێ” Géraldine Nakache ئه‌کته‌ر و نووسه‌ر له وڵاتی فه‌ره‌نساوە، ئه‌م خه‌ڵاته گرینگه‌یان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:
خه‌ڵاتی کامێرای زێڕین:
خه‌ڵاتی “کامێرای زێڕین” Caméra d’Or بۆ باشترین یه‌که‌م‌فیلمی ده‌رهێنه‌ر به‌خشرایه فیلمی سینه‌مایی “که‌یکی سەرکۆمار” The President’s Cake له ده‌رهێنانی “حه‌سه‌ن هادی” Hasan Hadi به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی عێراق، ئه‌مه‌ریکا و قه‌ته‌ر.
هه‌ر له‌م به‌شه‌دا، هه‌روه‌ها فیلمی سینه‌مایی “سێبه‌ریی باوکم” My Father’s Shadow له ده‌رهێنانی “ئاکینۆلا دیۆسین جونیۆر” Akinola DAVIES JR به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی به‌ریتانیا و نیجریه، ڕێزی لێ گیرا.
پیشاندانی ١٤٢ فیلم له فیلمسازانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان
حه‌فتاوهه‌شته‌مین خولی جەژنەفیلمە نێونەتەوەییەکەی “کان” به ناونیشانی گرینگ‌ترین ڕووداوی سینه‌مای جیهان، به سه‌رۆکایه‌تی خاتوو “ئایریس کنوبلوخ” Iris Knobloch، به به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری “تیێری فرێمۆ” Thierry Frémaux و به پیشاندانی ٢٢ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “پێشبڕکێی سه‌ره‌کی”، ٢٠ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “جۆرێک ڕوانین”Un Certain Regard، ١٢ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕکێی، ٩ فیلم له به‌شی “نمایشی تایبەت”، ١٦ کورتەفیلم له به‌شی پێشبڕکێی “لا سینێف” La Cinef (سینه فۆنداسیۆن) The Cinéfondation، ١١ فیلم له به‌شی پێشبڕکێی “کورتەفیلم”، ١٠ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “پیشاندانی کان”، ٣٠ فیلم له بەشی “نمایش‌کردنی کلاسیک” و هه‌روه‌ها ١٢ فیلم له به‌شی “سینه‌ما که‌نارئاو” له فیلمسازانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له ڕۆژانی ٢٣ی گوڵان تا ٣ی جۆزه‌ردانی ١٤٠٤ی هه‌تاوی ڕێکه‌وتی ١٣ تا ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٥ی زایینی له بەندەرشاری کان له باشووری وڵاتی فه‌ره‌نسا به‌ڕێوه چوو.
بۆ زانیاریی زیاتر:
https://www.festival-cannes.com/en/press/press-releases/the-78th-festival-de-cannes-winners-list/