کچە شانۆکارێکی کەرکووکی لە تونس خەڵات دەکرێت

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

هەوار فارس خانمە شانۆكاری بەتوانای شاری کەرکووک، هاوشانی هونەرمەند و شانۆكارانی جیهان لە وڵاتی تونس رێزی لێ دەگیرێت و خەڵاتی پێشكەش دەكرێت.

هەوار فارس لە میهرەجانی نێودەوڵەتی “الفرجە” کە لە وڵاتی تونس بەڕێوە دەچێت، وەک نوێنەری کوردستان و عێراق بەشدار دەبێت و خەڵات دەکرێت.
ڤیستیڤاڵەکە تایبەتە بە شانۆ و بڕیار بوو لە ١٦ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت بەڵام بە هۆکارێک دواخراوە بۆ کاتێکی نادیار، گروپی شانۆیی (هەوار)یش لە ڤیستیڤاڵەکەدا بەشدارن و نمایشیان دەبێت، هەوار فارسیش وەک نوێنەری کوردستان و عێراق خەڵات دەکرێت.
هەوار فارس وتی: “وەرگرتنی خەڵات لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكاندا بۆ من ئەزموونێكی نوێ نییە و پێشتریش چەند جارێک خەڵات کراوم، بەڵام ئەمجارەیان جیاوازە چونکە وەک شانۆكارێكی كورد هاوشانی گەورە هونەرمەند و شانۆكارانی جیهان خەڵات دەكرێم و رێز لە توانا و ئەزموونی هونەریم دەگیرێت، کە ئەمەش بۆ من جێی شانازییە و وەرگرتنی ئەو خەڵات و رێزلێنانە بۆ من دەبێت بە مێژوویەك و لە داهاتوودا هەمووان شانازی پێوە دەکەن.”
هەوار فارس لە ساڵی ١٩٩٢ لە هەولێر لەدایك بووە و دانیشتووی شاری کەرکووکە، دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی كەركووكە، هەروەها خوێندکاری قوناغی دووەمی بەشی فیلمسازییە لە كۆلێژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی سلێمانی. لە دەیان شانۆگەریدا رۆڵی سەرەكیی بینیوە و جیا لە كوردستان، لە دەرەوەی وڵاتیش كاری هونەریی كردووە و شانۆکانی لە چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا نمایش کراوە.
جێی باسە هەوار فارس پێشتریش لە چەند وڵاتێکی تر خەڵاتی لەسەر ئاستی ڤیستیڤاڵە نێوەدەوڵەتییەکان بەدەست هێناوە و ئەمجارەش لە مۆنۆدرامای (سەلمە) لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکەی (الفرجە) لە تونس بەشداری دەکات.