لێژنەیەک بۆ بەدواداچوون بە فیلم و دراماکان دەستنیشان دەکرێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای هەولێر، دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک چالاکیی لە وەرزی بەهاردا و نمایشکردنی فیلمە کوردییەکان لە ئێمپایەر سینەما بەخۆڕایی، ئێستا لێژنەیەکی تایبەت و شارەزای لە بواری فیلمسازیی و دراما دیاریکردووە بۆ دەستنیشانکردنی خاڵە لاوازەکانی نێو فیلمەکان و ڕێگە گرتن لەو بەرهەمانەی کە دەبنە هۆکار بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی و لەگەڵ نەریتە کۆمەڵایەتیەکان نێو کۆمەڵگەی کوردی ناگوونجێن.

“شاخەوان مستەفا” بەڕێوەبەری هونەری سینەمای هەولێر سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی لەم وەرزەدا و کارامەیی ئەو لێژنە پسپۆڕە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: پڕۆژەی نیشاندانی فیلم لە ئێمپایەر سینەما لە چوار وەرزی ساڵ بەردەوامە و تەنانەت تاکە هەولێر تاکە شارە، کە فیلمە کوردییەکان بەخۆڕایی نمایش دەکات و پاشان لە بارەی ئەزموون و کوالێتی و کەموکوڕییەکان دەکرێت.
هەروەها لەگەڵ ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی سینەمایی ئێستا لێژنەیەکی پسپۆڕ و شارەزامان پێکهێناوە بۆ بینینی دراما و فیلمە نوێیەکان و بەر لە پەخشکردنیان ئەو ستافە هونەرییە هەڵسەنگاندن بۆ ناوەڕۆکی بەرهەمەکە دەکەن، کە بریتین لە: شاخەوان مستەفا سەرۆکی لێژنە و بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر، “حەسەن عەلی” ئەندام.
“هۆشیار زێرۆ” ئەندام.
“عەدنان عوسمان” ئەندام. “پشتیوان عەبدوڵا” ئەندام. “تەحسین فایەق” ئەندام.
“عەدنان شەریف” ئەندام.
گوتیشی: لێژنەکەمان تا ئێستا چەند بەرهەمێکی سینەمایی و کاری درامی ڕەتکردووەتەوە، چوونکە پاشان بینین و هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆکەکەی دەرکەوتووە، کە کاریگەریی نەرێنی بەسەر کۆمەڵگە و ئاسایشی نیشتمانی دەبێت، بۆیە بە کۆی دەنگی لێژنە ڕەتکراوەتەوە.