بۆ یەکەم جار فۆتۆگرافەرێکی کورد خەڵاتی “وۆرڵد پرێس فۆتۆ”ی بردەوە

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

فۆتۆگرافەرێکی کورد توانیی خەڵاتێکی جیهانی بەدەست بهێنێت کە لە مێژووی حەفتا ساڵەی خەڵاتەکەدا، یەکەم جارە کوردێک ئەو خەڵاتە بباتەوە.

ئیبراهیم عەلیپوور ئەو فۆتۆگرافەرە کوردەیە بە گێرانەوەی ژیانی خۆی و کۆڵبەرانی سەرسنوور بە وێنە، خەڵاتی “وۆرڵد پرێس فۆتۆ”ی بردەوە کە گەورەترین خەڵاتی جیهانییە لە بواری فۆتۆگرافیدا؛ ئیبراهیم توانیویەتی لە ڕێگەی زنجیرە چیرۆکێکی وێنەییەوە ژیان و کاری سەختی کۆڵبەرانی سەرسنوور بەرجەستە بکات کە ماوەی هەشت ساڵ کاری لەسەر کردووە و لە ٣٠ وێنەدا چیرۆکەکەی خستووەتە ڕوو.
ئیبراهیم عەلیپوور خەڵکی شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە تۆڕی دیجیتاڵ میدیایی ئینستاگرام دەربارەی بەدەستهێنانی خەڵاتێكی جیهانی پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: “لەبەر وێنەگرتن لە کۆڵبەرانی کورد، لە شاری ئەمستەردامی پایتەختی هۆڵەندا خەڵاتی “وۆرڵد پرێس فۆتۆ”م لە بەشی پرۆژە درێژمەوداكان پێ بەخشرا. تێیدا ژمارەیەک لە وێنەکانم بە ناونیشانی “فیشەکەکان سنووریان نییە”، کە گرنگی بە کار و ژیانی کۆڵبەران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدات نمایش کراوە.
عەلیپور وتیشی شانازییە بۆ من وەک کوردێک ببمە براوەی ئەم خەڵاتە چونکە ئەمە یەکەم جارە کوردێک ئەو خەڵاتە دەباتەوە و دەبێتە دەستپێکی گەشتی فۆتۆگرافەرانی کورد بۆ وۆرڵدپرێس و هەموو جیهان.
وێنە بەشداربووەکان لە چوارچێوەی پێشانگایەکی گەڕۆک لە ١٤٤ وڵات نمایش دەکرێن و نزیکی چوارملێۆن کەس بینەری پێشانگاکە دەبن بڕیاریشە لە کۆی ٣٠ وێنەی عەلیپور ١٠ وێنەی لە پێشانگەکەدا پیشان بدرێت.
ئیبراهیم عەلیپوور، ساڵی ١٩٩٠ لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە و دەرچووی بەشی ئەندازیارییە و ماوەی ١٥ ساڵە کاری فۆتۆگرافەری دەکات و وێنەگری بەڵگەفیلمە، لە وێنەکانیدا گرنگی بە پرسە کۆمەڵایەتی، سیاسی و مرۆییەکان دەدات. جگە لە بردنەوەی خەڵاتی وۆرڵد پرێس چەندین خەڵاتی دیکەی بردووەتەوە وەک خەڵاتی پێشبڕکێی فۆتۆگرافی “ئالارد”، خەڵاتی کانۆن، خەڵاتی ئاسیا پۆرتریت و پاڵێورایش بووە بۆ چەند خەڵاتێکی دیکەیش.
“وۆرڵد پرێس فۆتۆ” یەکێکە لە خەڵاتە هەرە گرنگەکانی بواری وێنەی ڕۆژنامەوانی لە جیهاندا؛ دامەزراوەی جیهانی بۆ وێنەی رۆژنامەوانی، ئەو خەڵاتە دەبەخشێت؛ ئەو رێکخراوە، ساڵی ١٩٥٥ـی زایینی لە ئەمستردامی هۆڵەندا دامەزراوە.