عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
هونەرمەند ئاراس كۆیی ناسراو بە ئاراس خەپە گیان، مژدە دەداتە هەوادارانی و دەڵێت، 40 بەرهەمی نوێی ئامادەیە و هەریەكە و ستایڵێكە.
ئاراس كۆیی، یەكێكە لەو هونەرمەندانەی ساڵانێكی زۆرە بە شێوازێكی تایبەتی خۆی سەرقاڵی كاری هونەرییە، زیاتریش بە بەرهەمەكانی (خەپە گیان و تەماتە) ناسراوە، ئاراس كۆیی لە چەند رۆژی رابردوو لە كۆڕبەندی دێڵفی بوو لە شاری سلێمانی كە تایبەت بوو بە پرسی ئابووری، ئەویش وەك خۆی ئاماژەی پێدەدا، دەیەوێت وەك وڵاتانی دیكە هونەری كوردی هەناردەی دەرەوە بكرێت.
ئاراس كۆیی لە لێدوانێکی دا بە (هەولێر)ـی راگەیاند “هاتم لەو كۆڕبەندە زانیاری وەربگرم لەسەر ئەو دۆخە ئابوورییەی كە لە كوردستان هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین هونەریش بخەینە نێو لایەنی ئابوری و بتوانین ئابوری كوردستان بە هونەرەوە دەوڵەمەند بكەین”.
ناوبراو روونیكردەوە “بۆ نموونە ئەگەر باسی ئەمەریكا بكەین ئەو وڵاتە گەورەترین وڵاتە هەناردەی ئاواز و گۆرانی بكات، دوای ئەمەریكاش، بەریتانیا و سوید دووەم و سێیەم وڵاتن بۆ هەناردەی ئاواز و گۆرانی، ئێمەش دەتوانین شتێكی وا بكەین، هەرێمی كوردستان بەشێكین لە عێراق و، دەبێت پێش هەموو شتێك عێراق یاسای مافی چاپی جیهانی مۆر بكات، بەڵام ئێمەش دەتوانین هەنگاو بە هەنگاو بەو ئامانجەمان بگەین”.
ئاراس مژدەی دایە هەوادارانی كە بەرهەمی نوێی ئامادەیە و وتی “40 گۆرانی نوێم ئامادەیە كە هەریەكە و ستایڵێكە، هەمووی بە كلیپ ناتوانم بڵاو بكەمەوە، بەڵكو وردە وردە بە دەنگ بڵاویان دەكەمەوە تا بودجەیەكی باش دێت و كلیپیشیان دەكەم”.