محمەد شێروانی دوای پێنج ساڵ دابڕان لە نواندن گەڕایەوە نێو هونەرەکەی

شیڤان شێرزاد – هەولێر

“محەمەد شێروانی” ئەکتەر و دەرهێنەری فیلمی بەرازیلیە شینەکە و چەندین بەرهەمی دیکەی سینەمایی دوای پێنج ساڵ دابڕان لە بواری نواندن جارێکی تر بە فیلمی “هیچ” دەگەڕێتەوە باوەشی هونەرەکەی، کە لە سیناریۆی “ئاسۆ بایز” و بەرهەمێنانی “شەیما فاتح” و دەرهێنانی “دیاکۆ بایز” و بەرهەمی “سینەکورد و کەڤاڵ پڕۆداکشن”ـە.

فیلمەکە چەند ژانەرێکی جیا جیا لەخۆوە دەگرێت، “شێروانی” وەک پاڵەوانی سەرەکی لەو بەرهەمە سینەماییەدا، تا ڕێگە ڕاستەکانی ژیان دەدۆزێتەوە تووشی چەندین گرفتی نەخوازراوی کۆمەڵایەتی دەبێتەوە، کونجی زیندانیش دەکات بە ماڵی دووەم و کلیلی سەرکەوتن بەسەر ئازارەکانی ژیان، بڕیاریشه لە ڕۆژانی جەژن لە ئێمپایەر سینەما لە هەولێر نمایش بکرێت.
ئەو بەرهەمە جگە لە “محەمەد شێروانی” نواندنی هەریەک لە “ژیان ئیبراهیم خەیات، ئازاد جەلال، ڕزگار باهیر، کابان بیزهرۆ، زانست بەرزنجی”ـە و دەبێتە ئەزموونێکی دیکە لە وێستگەکانی “شێروانی” لە هونەری نواندن دا و هەڵبژاردنی ئەو کەسایەتیە و چوونە نێو قوڵایی ئەو ڕۆڵە بۆ هونەرمەندی ناوبراو سەخت و دژوار بووە، چونکە ئامادەکاریی زۆری پێویست بووە لە ڕووی ستایل و خۆ گونجاندن و تێکەل بوونی بەو ڕۆڵەی، کە جیاواز بووە لە کەسایەتی خۆیدا.
“محەمەد شێروانی”، جگە لە هونەری نواندن لە نێو سینەمادا، خاوەنی چەندین کورتە فیلمی وەک “دۆعا، چاوەڕێ دەبم و هتد..
دوا بەرهەمیش، کە وەک دەرهێنەر کاری بۆ کرد، فیلمی درێژی “بەرازیلیە شینەکە” بوو، کە ژمارەیەکی پێوانەیی لە زۆری بینەردا تۆمارکرد و تا ئێستاش لە سینەماکانی کوردستان پەخش دەکرێت.