هونەرمەند بەیان بۆمبا، نان بۆ ماڵان بەو شێویە ئەیکەم، کە خۆم ئەیزانم!

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

هونەرمەندی بە ئەزموون و بە توانا «بەیان بۆمبا» دوای خانەنشینبوونی، لەگەڵ ژمارەیەك فەرمانبەری دیكەیان مەراسیمێكی رێزلێنانیان پێبەخشرا و ئەویش زۆر دڵخۆشە بەو رێزلێنانەیان.

لە بەڕێوەبەرایەتی چالاكی هونەری قوتابخانەكان لە سلێمانی مەراسیمێكی رێزلێنان بۆ ژمارەیەك هونەرمەند رێكخرا كە یەكێك لەو هونەرمەندانە بەیان بۆمبا بوو، كە ئەمساڵ وەك سەرپەرشتیاری هونەری، خانەنشین بوو.
بەیان بۆمبا بە (هەولێر)ـ ی راگەیاند، بینای چالاكی قوتابخانەكان كە تێیدا خانەنشین بوو، هەمووی یادەوەریی و خۆشی و پێكەنینە بۆی، هونەرمەندی زۆر باشی لێبوو، هەروەها وتی “هەرچەندە خۆشم شەش مانگە خانەنشین بووم، بەڵام كۆڵ لەم بینایە نادەم و هەفتەی دوو رۆژ دێمەوە بۆ دەوام، چوونكە ئەوانە هاوڕێی تەمەنمن”.
بەیان بۆمبا، كە لە ساڵانی رابردوودا بە كارە هونەرییەكانی توانیویەتی سەرنجێكی زۆری خەڵك بۆ خۆی رابكێشێت، ئەو خۆشەویستییە لای هاوڕێكانی زۆرترە بۆ بەیان، لەو رووەوە وتی “هەمویان نیگەرانن بۆ خانەنشینبوونم، بەڵام ئیتر ئەوەش دەبێت ببێت، بۆیە لێرەوە خۆشەویستییان پێشكەش دەكەم”.
سەبارەت بەوەی دوای خانەنشینبوونی، رۆژانە كاتەكان بە چییەوە سەرقاڵە، ئەم هونەرمەندە دەڵێت “تائێستاش دەوامم كردووە، بۆ ئەو مەبەستەش سوپاسی بەڕێوەبەرەكان دەكەم و سوپاسیشیان دەكەم بۆ ئەم رێزلێنانە كە دیارە ئەوەش وەفای خۆیانە ئێمە”.
دەربارەی ئەوەی ڕایگەیاندبوو لە دوای خانەنشین بوونی نان بۆ خەڵک دەکات (بەیان بۆمبا) روونی کردەوە ؛ مەبەستم ئەوەیە خەریکی زنجیرە درامایەکم، کە بۆ یەکەمین جارە باس لە ئێش و ئازارەکانی ئافەرەتان و کچان دەکات، لە ناە ئەم زنجیرە درامایەدا باس لە هەوڵی ژنێکی ئازا دەکات، کە خەریکە لە دوای مردنی هاوسەرەکەی نان بۆ ماڵان دەکات بۆ ئەوەی مناڵەکانی بخوێنن و بگەن بە ئامانج!، ئەم درامایەش لەگەڵ هاوڕێانم لە ناوەندی هونەری زەنـێ کاری بەرهەمهێنانی بۆ دەکەین.